لە خەبات ژنێک سێ منداڵی لە ماڵ دەردەکات؛ لەگەڵ باوکیان لە دووکانێکدا دەمێننەوە

06-07-2023
بەهرۆز فەرەیدوون
 باوک و سێ منداڵەکە لە دووکانێکدا دەمێننەوە
باوک و سێ منداڵەکە لە دووکانێکدا دەمێننەوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە قەزای خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر، دایکێک دوای جیابوونەوەی لە هاوژینەکەی، منداڵەکانی فڕێدەداتە دەرەوەی ماڵەکەی و منداڵەکان دوو رۆژە لەگەڵ باوکیان لە دووکانێکی قەزاکە دەمێننەوە. تەمەنی منداڵەکان 6، 7 و 8 ساڵانە. باوکیان دەڵێت: سێ مانگە لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە و رێککەوتبوون کە منداڵەکان لای ئەو بن، بەڵام دوو رۆژە لە ماڵ دەریکردوون.
 
سەفوان مەهدی، باوکی منداڵەکانە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە خۆم نە دایکم هەیە و نە باوک، خێزانیشم دەیزانی کەسم نییە، پێشمگوت کە تۆ بڕۆی ئەو منداڵانە بەرەڵڵای سەر جادە دەبن، هەر بەگوێی منی نەکرد."
 
باوکی سێ منداڵەکە دەڵێت: لەبەر هەژاری، نەیتوانیوە منداڵەکان بخاتە بەر خوێندن، چونکە کرێی رۆژانەی کارکردنی کە کرێکارییە، 25 هەزار دینارە. سەفوان مەهدی باسی لەوە کرد، "بێ خواردن نەبوون، لەخوا بەزیادبێت ئیشم دەکرد، رۆژی بە 25 هەزار دینار."
 
ئەو شوێنەی منداڵەکان تێیدا دەمێننەوە، دووکانی هاوڕێی سەفوانە، خاوەنی دووکانەکە گوتی، "هاتە لای من و گوتی جێم نییە ئەو منداڵانە لەگەڵ خۆم ببەمەوە، منیش کابرایەکی موسڵمانم، گوتم بیهێنە ئێرە تاوەکو چارەسەری کێشەکە دەکرێت."
 
هەریەک لە منداڵەکان خەونی منداڵیی خۆیان هەیە، لەپاڵ ئەوەشدا نەیانشاردەوە کە بیری دایکیان دەکەن. ئەحمەد کە تەمەنی شەش ساڵە و بچووکی ماڵەکەیان بووە، لە رێگەی رووداوەوە پەیامێک بۆ دایکی دەنێرێت و دەڵێت، ئەگەر جارێکی دیکە بیبینێتەوە پێی دەڵێت: "خۆشم دەوێی."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە