رووداو دیجیتاڵ
دوای چەندین گەڕی گفتوگۆ و دانوستاندنی نێوان شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و گۆڕینی سەرۆکوەزیران و کابینە لە بەغدا، هێشتا هەردوولا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن. بڕیارە گەڕێکی دیکەی دانوستاندنەکان دەستپێبکاتەوە و شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکاتەوە.
پرسەکانی نەوت، دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان، کێشەی دیاری نێوان هەولێر و بەغدان، خراپیی دۆخی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانیش وایکردووە هەرجارێک بەغدا داواکارییەکانی بەرامبەر هەرێمی کوردستان زیاددەکات.
دیارترین ئەو دۆسیانەی لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت ئەمانەن:
دۆسیەی نەوت
داواکارییەکانی بەغدا
- رادەستکردنی داهاتی نەوت
- پێدانی تەواوی زانیارییەکان لەبارەی دۆسیەی نەوت
- زانیاریی لەسەر ئەو کۆمپانیانەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان کڕیوە
- هەرێمی کوردستان لە دۆسیەی نەوت قەرزداری کێیە
- هەرێمی کوردستان تەنیا لە رێگەی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی سۆمۆ نەوت هەناردە بکات
هەڵوێست و داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان
- ئامادەیە نەوت رادەستبکات
- بەغدا پابەندبوونەکانی تایبەت بە نەوتی هەرێمی کوردستان جێبەجێبکات، لەوانە گرێبەستە نەوتییەکان
- تەرخانکردنی تێچووی دەرهێنانی نەوت و راکێشانی بۆریی نەوت
- دانەوەی قەرزەکانی هەرێمی کوردستان
- دابینکردنی نەوت و سووتەمەنی بۆ پێداویستیی نێوخۆیی
بەپێی ئەو زانیارییانەی رووداو لە سەرچاوەی جیاوازەوە دەستیکەوتوون، ئەگەر بەغدا بەو جۆرە رەزامەند نەبێت، ئەوا هەرێمی کوردستان لەو پرسەدا رۆژانە داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەست دەکات و ئەوی دیکەی بۆ دانەوەی قەرز و خەرجییەکانی دیکە تەرخاندەکات.
دەروازە سنوورییەکان
داواکارییەکانی بەغدا
- پێدانی داتا و زانیاریی تەواو لەبارەیان
- بەڕێوەبردنیان لەلایەن بەغداوە
- جێبەجێکردنی پێناسی گومرگی عێراق
- رێگەنەدان بەهیچ کاڵایەک کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە هێنانی قەدەخە بکرێت
- دەروازەیەكی نوێ لەنێوان عێراق و توركیادا بکرێتەوەو لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی عێراقدا بێت
هەڵوێست و داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان
- ئامادەیە نیوەی داهاتی دەروازە سنوورییەکان رادەستبکات
- بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان بە هاوئاهەنگی هەولێر و بەغدا بێت
- هیچ دەروازەیەکی دیکە لە نزیک دەروازەی ئیبراهیم خەلیل نەکرێتەوە
فڕۆکەخانەکان
داواکارییەکانی بەغدا
- داهات و بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکان لەژێر دەستی بەغدا بێت
- نابێت هیچ کەسێک بەبێ رەزامەندی بەغدا بچێتە هەرێمی کوردستان
- نابێت هەرێمی کوردستان ڤیزا بداتە کەسێک کە بەغدا لەسەری رەزامەند نەبێت
هەڵوێست و داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان
- ئامادەیە نیوەی داهاتی فڕۆکەخانەکان رادەستبکات
- لە بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکان هاوئاهەنگ دەبێت
جگە لەو داواکارییە سەرەکییانە، بەغدا داوادەکات داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و وردەکاریی ژمارەی فەرمانبەرانی پێبدرێت. ئینجا لە بەرامبەر جێبەجێکردنی ئەو داواکارییانەدا، بەغدا ئامادەیە مانگانە تەنیا نزیکەی 450 ملیار دینار بداتە هەرێمی کوردستان. هەرێمی کوردستانیش بەو بڕە پارەیە رازی نییە و داوای زیادکردنی دەکات، چونکە ئەو بڕە پارەیە تەنانەت بەشی مووچەی فەرمانبەرانیش ناکات.
د. بەهار مەحموود، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "مەرجەکانی حکومەتی عێراق وەک ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان بە تەواوی خۆی رادەستی بەغدا بکات".
نەهرۆ مەحموود، ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراقیش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دۆخی دارایی عێراق خراپە و مەرجەکانی بەغدا بەجۆرێکە کە نایەوێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان بگاتە رێککەوتن".
گوشاری فراکسیۆنەکانی شیعەیە ئاستی داواکارییەکانی بەغدای زیاتر و مەرجەکانی قورستر کردووە. لە مانگی نیسانەوە تاوەکو ئێستا شەش جار شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردووە؛ لە هەر شەش کۆبوونەوەکەدا، بەغدا بە روونی نەیگوتووە لە بەرامبەر ئەو داواکارییانەی لە هەولێر هەیەتی، چی بە هەرێمی کوردستان دەدات.
