رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "سوپای عێراق و یەبەشە بە ئامادەبوونی کەسایەتی و سەرۆکهۆزەکانی شنگال رێککەوتوون کە هێزەکانی یەبەشە بچنە دەرەوەی گوند و شوێنەکانی نیشتەجێبوون."
رۆژی هەینی 6-5-2022، ماجد شنگالی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە دوایین رووداوەکانی شنگال بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەپێی دوایین رێککەوتنی نێوان سوپای عێراق و یەبەشە بە ئامادەبوون و لەسەر داوای سەرۆکهۆز و کەسایەتییەکانی شنگال، بڕیاردراوە هێزەکانی یەبەشە بچنە دەرەوەی گوند و شارۆچکەکان و لە شوێنی نیشتەجێبوون نەمێنن. رێککەوتن کراوە ئەو هێزانە لە هیچ شوێنێک کە ماڵ و شوێنی خەڵک بێت بارەگا و چەکداریان نەبێت."
ماجد شنگالی گوتیشی، "بەهۆی ئەو رێککەوتنەوە تاوەکو رادەیەک دۆخی شنگال و دەوروبەری هێوربووەتەوە، بەڵام بە گشتی هیچ گەرەنتییەک نییە و دەکرێت لە هەر کاتێکدا بێت گرژییەکان سەرهەڵبدەنەوە، چونکە بوونی یەبەشە و هێزەکانی نزیک لە پەکەکە لەو ناوچەیە کێشە و سەرئێشەن بۆ ئەو ناوچەیە."
ماجد شنگالی رەخنەی لە حکومەتی عێراقیش گرت و گوتی، "حکومەتی عێراق لە رێگەی حەشدی شەعبییەوە بەشدارە لە کێشەکانی ناوچەی شنگال و ئەگەر راست دەکات و دەیەوێت کێشەی شنگال چارەسەربکرێت، دەبێت پارە و چەک و تەقەمەنی بۆ ئەو هێزانەی وەکو یەبەشە و ئەوانەی دیکەی ناعێراقین ببڕێت."
نایف سەیدۆ، بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێ، رۆژی هەینی 6-5-2022، بە رووداوی گوت، "دۆخی سنوونێ و ناوچەکانی دەوروبەری ئارامترە بەراورد بە رۆژانی رابردوو. ئومێد دەکەین کێشەکان سەرهەڵنەدەنەوە."
بەهۆی شەڕ و پێکدادانی ئەمدواییەی نێوان هێزەکانی سوپای عێراق و یەکینەکانی بەرخودانی شنگال ناسراو بە یەبەشە، هەزاران کەس ئاوارەبوون.
رۆژی هەینی 6-5-2022 پیر دەیان پیر جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران بە رووداوی راگەیاند، "لە رۆژی 2-5-2022 هاتنی ئاوارەکان لە شنگالەوە بۆ دهۆک دەستیپێکرد و تاوەکو ئەمڕۆ هەزار و 711 خێزان کە ژمارەیان 10 هەزار و 261 کەسە ئاوارەی دهۆک بوون."
پیر دەیان گوتی، لەو ژمارەیە هەزار و 100 خێزان لە کەمپەکان نیشتەجێکراون و ئەوانی دیکەش خۆیان لە دەرەوەی کەمپەکان چوونەتە لای کەسوکاریان یان خانوویان بەکرێگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ