رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان، لە سنووری پەروەردەکانی سلێمانی، گەرمیان و هەڵەبجە بەشێک لە مامۆستایان بایکۆتی دەوامیان کردووە، هەروەها بەشێک لە کارمەندانی فەرمانگەکانی ئەو سنوورەش نەچوونەتە دەوام.
سلێمانی
ئەمڕۆ بەشێک لە قوتابخانەکانی ناوشاری سلێمانی و هەروەها فەرمانبەرانى بەڕێوەبەرایەتییەکانى شارەوانى و دابەشکردنى کارەبا نەچوونە دەوام و بایکۆتی دەوامیان کرد.
هەڵەبجە
بەپێی زانیارییەکان کارمەندانی شارەوانی ، دیوانی پارێزگا و پەروەردەی هەڵەبجە بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیانەوە بایکۆتیان کردووە و ئەمڕۆ نەچوونەتە دەوام.
سەید سادق
لە سەید سادق دۆخەکە جیاواز بووە و بەگوتەی سۆران محەممەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی سەیدسادق، تەنیا یەک دوو قوتابخانە بایکۆتیان کردووە و خوێندن لە قوتابخانەکانی دیکە بەردەوام بووە.
بەڕێوەبەری پەروەردەی سەیدسادق هەروەها بە رووداوی گوت، چەند فەرمانگەیەکیش بایکۆتیان کردبوو، کە دوای دەربڕینی ناڕەزایی گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان و ئێستا دۆخەکە ئارامە.
بایکۆتی فەرمانگە و قوتابخانەکانی گەرمیان
چۆمان ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بە رووداوی گوت: بەشێک لە فەرمانبەرانی بەشێک لە فەرمانگەکانی گەرمیان بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیانەوە ئەمڕۆ بایکۆتی دەوامیان کردووە و داواکارییان پێدانی مووچەکانیانە.
بایکۆتی قوتابخانە و فەرمانگەکانی دەربەندیخان
بەپێی زانیارییەکانی رووداو ئەمڕۆ یەکشەممە 6-3-2022 مامۆستایانی بەشێک لە قوتابخانەکانی دەربەندیخان نەچوونەتە دەوام و هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە بە کۆکردنەوەی واژۆ بۆ بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن.
ئاسۆ عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری قوتابخانەی بنەڕەتیی هەڵگورد لە دەربەندیخان بە رووداوی گوت: "مامۆستایانی 10 و 11 مان بایکۆتی دەوامیان کردووە، بەڵام پۆلی 12 دەوام دەکەن، کە ئەگەری هەیە ئەوانیش لە سبەینێوە نەیێنەوە دەوام. بەگشتیی زۆربەی قوتابخانەکانی دەربەندیخان بایکۆتی دەوامیان کردووە".
ئاسۆ عەبدولکەریم هەروەها گوتی، بەشێک لە مامۆستایانی قوتابخانەکانی ئازادی، پێشەوا، ئامادەیی دەربەندیخان، ئامادەیی سەفین و زۆربەی قوتابخانەکان بایکۆتی دەوامیان کردووە.
کۆکردنەوەی واژۆ بۆ بایکۆتی خوێندن
بەشێک لە مامۆستایانی ئامادەیی تێکەڵی هەڵگورد لە چوارقوڕنە، قوتابخانەی بنەڕەتیی سەرکەپکان، تاکی بنەڕەتی، بنەڕەتیی کانی رەش ، ئامادەیی تەقتەقی کوڕان لە کۆیە بە میلاک و وانەبێژەوە وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر پێنەدانی مووچەکانیان بایکۆتی دەوامیان کرد و دەڵێن تاوەکو جێبەجێکردنی داواکارییەکانان بەردەوام دەبن لە بایکۆت. مامۆستایانی ئەو قوتابخانانە واژۆ کۆدەکەنەوە بۆ بایکۆتی دەوام.
بەشێکی قوتابخانە و فەرمانگەکانی پێنجوێن داخراون
خۆپیشاندانی فەرمانبەران لە دژی پێنەدانی موچەکانیان لە سنووری پێنجوێن دەستیپێکردووە و بەگوتەی قایمقامی پێنجوێن ئەگەری هەیە لە بەیانییەوە چڕترببێتەوە.
زانا عەبدولڕەحمان، قایمقامی پێنجوێن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند؛ لە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆوە بەشێکی مامۆستایان و فەرمانبەرانی پێنجوێن بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیان بایکۆتی دەوامیان کردووە. هەرچەندە ئەمڕۆ بایکۆتەکە بەچڕی نەبووە، بەڵام پێدەچێت سبەی زیاتر بێت و تاوەکو دابەشکردنی مووچەش بەردەوام بێت.
لەبارەی داخستنی رێگەی ملەکەوە، قایمقامی پێنجوێن گوتی: "داخستن نەبووە، تەنیا راگەیێندراوێکیان خوێندووەتەوە و ئێستا رێگەکە کراوەیە".
کارمەندانی تەندروستی لە سلێمانی هەڕەشەی بایکۆت دەکەن
سەندیکای کارمەندانی تەندروستی لە سلێمانی داوا دەکەن جگە لە خەرجکردنی مووچەکانیان، خەرجیی پێداویستییەکانیشیان بۆ دابین بکرێت، هۆشداریی دەدەن کە لە ئەگەری بەدەمەوە نەهاتنی داواکارییەکانیشیان "لە رۆژی شەممەوە بایکۆتی سەرتاسەری رادەگەییێنین".
ئەمڕۆ یەکشەممە 06-03-2022، هاوژین عوسمان، نەقیبی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا تیشکی خستەسەر گرفتەکانی بەردەم ناوەندە تەندروستییەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و رایگەیاند: "لە مانگی 8 ساڵی 2021وە تاوەکو ئێستا هیچ بڕە پارەیەک بۆ کۆمپانیاکانی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی خەرج نەکراوە، دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بە قەرز بە نەخۆشخانەکان دەدرێت".
بە گوتەی هاوژین عوسمان "ماوەی زیاتر لە دوو مانگە هیچ بڕە پارەیەک بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستیی لە سنووری پارێزگای سلێمانی خەرج نەکراوە".
نەقیبی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی سلێمانی رایدەگەیێنێت، سەرباری کێشەکانی کە هەیانە لە کەمیی دەرمان و خەرجکردنی پارە بۆ خەرجییە جۆراوجۆرەکانیان، "ئەمڕۆ 41 رۆژە مووچەی سێکتەری تەندروستیی نەدراوە، ئێمە وەکو سەندیکای کارمەندانی تەندروستی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆماندا دەرفەتی ئەوە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدەین، کە رۆژی چوارشەممە مووچەی ناوەندی تەندروستیی خەرج بکات، جگە لە خەرجکردنی مووچە دەبێت بودجە و پێداویستیی نێو نەخۆشخانەکان دابین بکرێت و دەبێت ئەوە روونبکرێتەوە کە بۆچی پارەی پێداویستییەکانی نێو ناوەندە تەندروستییەکان خەرج ناکرێت".
هاوژین عوسمان دەڵێت: "ئومێدمانوایە رۆژی چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیران مووچەی سێکتەری تەندروستی و پێداویستیی ناوەندەکانی تەندروستیی کە بە پارە چارەسەر دەبێت، چارەسەری بکەن. ئەگەرنا ئێمە لەدوای ئەو وادەیە لە رۆژی شەممەوە بایکۆتی سەرتاسەری رادەگەییێنین و بایکۆتەکەمان هەموو شوێنە سارد و گەرمەکان دەگرێتەوە".



.png&w=3840&q=75)