لە پارێزگەی ورمێ بەهۆی بەفربارینەوە رێگەی نێوان سێ شار داخران

06-02-2024
سینا سۆما
 لە رۆژی یەکشەممەوە، شەپۆلێکی بەفربارین پارێزگەی ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە
لە رۆژی یەکشەممەوە، شەپۆلێکی بەفربارین پارێزگەی ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شەپۆلێکی بەفربارین پارێزگەی ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە و بەو هۆیەوە رێگەی سەرەکیی نێوان سێ شاری ئەو پارێزگایە بە رووی هاتووچۆدا داخران.
 
لە رۆژی یەکشەممە (5ـی شوباتی 2024)ـەوە، شەپۆلێکی بەفربارین پارێزگەی ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە و تاوەکو ئەمڕۆش لە زۆربەی شار و ناوچەکانی ئەو پارێزگەیە بەفر دەبارێت.
 
بەپێی زانیارییەکان، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا لە شارەکانی ورمێ، سەڵماس، ناوچەکانی ئەلەند و کوتوولی خۆی، چاڵدێران، ماکۆ، شنۆ، پیرانشار، سەردەشت، تیکاب و شاهیندژ بەفری زۆر باریوە و لە ناوچە شاخاوییەکان پلەی گەرما دابەزیون.
 
ئەسغەر کازمی، بەڕێوەبەری رێگەوبان و گواستنەوەی شاری خۆی رایگەیاند، بەهۆی بارینی بەفری زۆر و کڕێوەوە، رێگەی سەرەکیی نێوان خۆی و چاڵدێران بە تەواوەتی داخراوە.
 
بە گوتەی ئەسغەر کازمی، ئێستاش لە ناوچەکە بارینی بەفر و کڕێوە بەردەوامە، بەتایبەت لە ملەی قوردێک، تیمەکانیان هەوڵی کردنەوەی رێگەکە دەدەن.
 
لە لایەکی دیکەوە، رەزا پەناهی موقەدەم، بەڕێوەبەری پۆلیسی رێگەوبانی پارێزگەی ورمێ رایگەیاند، بارینی بەفر و کڕێوە لە باشووری پارێزگەکە و بەتایبەت لە سنووری شاری تیکاب بەردەوامە و بەهۆیەوە رێگەی نێوان تیکاب - ئێرانخا بە رووی هاتووچۆدا داخراوە.
 
هەروەها ئەحمەد ئەسلانی، بەڕێوەبەری مانگی سووری تیکاب دەڵێت، تیمەکانیان 250 کەس لە سەرنشینەکانی 83 ئۆتۆمبێلیان رزگارکردووە، کە بەهۆی بارینی بەفرەوە لەسەر رێگەی نێوان تیکاب - شاهیندژ گیریان خواردبوو.
 
ئەحمەد ئەسلانی گوتیشی، لە ملەی کانی مایین بەفر و کڕێوەیە و داوای لە هاونیشتیمانیان کرد، ئەگەر زۆر پێویست نەبێت لەو رێگەیەوە هاتووچۆ نەکەن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە