رووداو دیجیتاڵ
ئەو 104 رووفاتەی کوردانی ئێزدیی کە لە پشکنینی دی ئێن ئەی لە بەغدا ناسێنراونەتەوە، ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکی فەرمی و فراوان لە گوندی کۆچۆ بە خاک دەسپێردرێن.
رووفاتەکان لەو شوێنە بەخاکدەسپێردرێن کە پێش ساڵی 2014 شوێنی ئاهەنگگێڕان بوو. لە هێرشەکەی داعش خەڵکی گوندی کۆچۆ زۆریان لێ کوژران و رفێنران. پشکنینی دی ئێن ئەی-یان بۆکراوە و سەرجەمیان ناسراونەتەوە و خەڵکی گوندی کۆچۆن، بەڵام لە شوێنی جیاواز لە گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە.
هەریەک لە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەری مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان، نوێنەرایەتیی وڵاتان، رێکخراوە بیانی و ناوخۆییەکانی تایبەتمەند بە جینۆساید، کەسوکاری قوربانیانی شەڕی داعش لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان و کەسوکاری قوربانییەکانی گوندی کۆچۆ ئامادە بن.
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 72 گۆڕ لە ناوچەی شنگال دۆزراونەتەوە، لەوانە کاری هەڵدانەوە و کردنەوەی 16 گۆڕی بەکۆمەڵ لە گوندی کۆچۆ تەواوکراوە. لە كۆی 325 رووفات 62 رووفات ناسراونەتەوە و 325 رووفاتیش نێردراون بۆ بەغدا بۆ ناسينەوەی ناسنامەيان. لە کۆی ئەو 325 رووفاتە 104یان گەڕێندرانەوە شنگال و ئەمڕۆ بەخاکدسپێردرێن.
نەهامەتیەکانی خەڵکی شنگال لە ژێر دەستی داعش تەنیا بە ئاوارەبوون و وێرانبوونی شارەکەیان کۆتای نەهات ، بەڵکو زیاتر لە 6 هەزار کورد ئێزدی بێسەروشوێن کران، کۆمەڵکوژی و رفاندنیان خەمێکی قووڵی بۆ ئێزدییەکان جێهێشت، تاوەکو ئێستا بەشی زۆریان لە خێوەت و ئاوارەیی دەژین و لە نێو کەمپەکانن، رووداو بۆچونی خەڵکی چوارپارچەی کوردستانی وەرگرتووە لەبارەی بایەخدان بە کوردی ئێزدی، هاونیشتمانییەک دەڵێت " دەبێت لە دادگا نێودەوڵەتییەکان کار لەسەر کەیسی ئێزدییەکان بکرێت و بە جینۆساید بناسرێت".


