رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی تەقەکردندا لە سنووری قەزای پیرمام لە پارێزگای هەولێر، دوو پۆلیس بریندار کران. قایمقامی قەزاکە دەڵێ، تۆمەتبارەکان دەستگیرکراون.
رووداوەکە ئەمڕۆ (دووشەممە) لە ناحیەی بەستۆڕە روویدا.
حەمید کاکەیی، قایمقامی قەزای پیرمام بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تۆمەتبارێک لە پۆلیسی هەولێر فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە و لە فەرمانگەی کارتی نیشتمانیی بەستۆڕە دەستبەسەر کراوە، بەڵام لەکاتی گواستنەوەیدا بۆ نێو ئۆتۆمبێلی پۆلیس، خزمێکی تەقەی کردووە و دوو پۆلیس بریندار بوون."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو کەسەی تەقەی لە پۆلیسەکان کردووە کوڕی تۆمەتبارەکەیە. دوای ئەوەی پۆلیس ویستوویەتی دەستگیری بکەن، تەلەفۆنی بۆ کوڕەکەی کردووە، ئەویش بە دەمانچەوە چووە و دوو پۆلیسەکەی بریندار کردووە.
قایمقامی قەزای پیرمام گوتیشی، "پۆلیسەکان ساچمەیان بەرکەوتووە، برینەکەیان سووکە."
دوای رووداوەکە، تەقەکەرەکە هەڵاتووە، بەڵام پاش ماوەیەک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە و رادەستی پۆلیس کراوە.
حەمید کاکەیی گوتی، "هەردوو تۆمەتبارەکە راگیراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ