رووداو دیجیتاڵ
سەنتەری میترۆ رایگەیاند، پێشوازی لە بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای رۆژنامەڤان سلێمان ئەحمەد دەکەن و "دەستخۆشی" لە تیمی پارێزەرانی دەکەن.
سلێمان ئەحمەد، کە رۆژنامەڤانی بەشی عەرەبیی ئاژانسی هەواڵی رۆژنیوز لە شاری سلێمانی، لە 25-10-2023 لە دەروازەی پێشابوور لە سنووری دهۆک دەستگیرکرا و دواتر بەگوێرەی مادەی یەک لە یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 2003ـی پەرلەمانی کوردستان و بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی ناوخۆ، سێ ساڵ حوکم درا. ئەمڕۆ دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان سزاکەی هەڵوەشاندەوە.
دووشەممە، 06ی کانوونی دووەمی 2025 رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ نەریمان ئەحمەد، پارێزەری رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، بە سەنتەری میترۆی گوت، دادگای پێداچوونەوە هیچ بەڵگەیەکی بۆ ئەو تۆمەتباركردنە لەبەردەست نەبووە، بۆیە بڕیاری هەڵوەشانەوەی حوكمەكەی داوە.
رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوەدا، ئەوکاتەی سزاکە بەسەر ئەو رۆژنامەنووسەدا سەپێندرا رایانگەیاندبوو، بڕیارەكە مەرجەكانی "دادگاییكردنێكی دادپەروەرانە"ی تێدا نەبووە و داوای هەڵوەشانەوەی بڕیارەكەیان کردبوو.
رەحمان غەریب گوتی: "پێشوازی لە بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان دەکەین و خۆشحاڵین بە هەڵوەشانەوەی بڕیاری سزای سێ ساڵ زیندانی بۆ رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد و دەستخۆشی لە تیمی پارێزەرانی ئەم كەیسە دەکەین."
رێکخەری سەنتەری میترۆ داوای کرد، "دادگاكان وەک فاكتەرێكی گوشار و تۆڵەسەندنەوە لە دژی رۆژنامەنووسان و ئازادیخوازان بەكارنەهێنرێت، پێویستە لە كەیسەكانی بڵاوكردنەوە و ئازادی رادەربڕین زەمینەسازی بڕەخسێنرێت بۆ فەراهەمكردنی پڕۆسەیەكی دادگاییكردنی دادپەروەرانە."
هاوکات، بەشدار حەسەن، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی سلێمان ئەحمەد، بە رووداوی گوت: "دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە هەڵوەشاندەوەی سەرجەم تۆمەتەکانی سەر رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد و ئازادکردنی دەستبەجێ، ئەمڕۆ یان سبەی ئازاد دەکرێت".
دوای پێنج رۆژ لە دەستگیرکردنی سلێمان ئەحمەد، 30-10-2023، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی دهۆک روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "هێزەکانی ئاسایش کادیرێکی پەکەکەیان بە ناوی (سلێمان ئەحمەد) دەستگیر کرد کە ناوبراو بۆ کاری نهێنی و نایاسایی بۆ پەکەکە هاتووچۆی کردووە، بۆیە راگیراوە و لە لێکۆڵینەوەکەشدا دانی بە کارەکانی خۆیدا ناوە. راگرتنەکەی هیچ پەیوەندییەکی بە کاری رۆژنامەنووسییەوە نییە".
دواتر ئاژانسی رۆژنیوز سەرجەم زانیارییەکانی راگەیێندراوەکەی ئاسایشی دهۆکی رەتکردەوە.
رۆژنیوز خۆی وەکو ئاژانسێکی هەواڵی دەناسێنێت کە بە زمانەکانی کوردی سۆرانی و کرمانجی، هەروەها عەرەبی و تورکی وەشان دەکات و لە ساڵی 2014 دامەزراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ