وەزارەتی ئەوقاف: گرێبەستکردنی وانەبێژانی قوتابخانە ئایینییەکان چووە بواری جێبەجێکردنەوە

05-12-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو  دیجیتاڵ

دوای ئەوەی بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرجەم وانەبێژانی قوتابخانە ئایینییەکان کرانە گرێبەست. گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، رێکارەکان تەواو کراون و دەبێت وانەبێژەکان مامەڵەکانیان دەستپێبکەن و بایۆمەتری بکەن.
 
بەگوێرەی نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بودجە کە بە ژمارە 2-18 لە 03-12-2024 بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان کراوە، "کاری پێویست" بۆ بەگرێبەستکردنی وانەبێژانی قوتابخانە ئاینییەکان تەواو بووە کە ژمارەیان 105 مامۆستایە.
 
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 05-12-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەبێت مامۆستاکان رێکارەکانی بە گرێبەستبوون دەستپێبکەن و بایۆمەتری بکەن، پاشان وردبینی لە ناوەکانیان دەکرێت و ئەوانەی شایستەن بە فەرمی دەبنە گرێبەست".
 
لە هەرێمی کوردستان 21 قوتابخانەی ئایینیی هەن و سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستانن.
 
رۆژی 25ـی ئابی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تەواوی وانەبێژانی وەزارەتی پەروەردە دەکەنە گرێبەست. مووچەی وانەبێژان بەگوێرەی بڕوانامەکانیان لەنێوان 200 بۆ 400 هەزار دینارە. بڕیارە دوای بەگرێبەستکردنیان مووچەکەیان لەنێوان 400 بۆ 500 هەزار دینار بێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە