رووداو دیجیتاڵ
بەشێکی مامۆستایان و فەرمانبەرانی چەند فەرمانگەیەک لە سنووری پارێزگەکانی سلێمانی و هەڵەبجە، بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە بایکۆتیان راگەیاندووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، چوار رۆژە جگە لە بەشێکی مامۆستایان لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، لە بەشێکی فەرمانگەکانی پارێزگای سلێمانی بایکۆت دەستیپێکردووە و بەردەوامە، لەوانە بنکە تەندروستییەکان و دادنووسەکان.
ئاوات محەممەد، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لە سلێمانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 05-12-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بایکۆتی مامۆستایان دژی دواکەوتنی مووچە و لە تەواوی سنووری پارێزگاکەمان بەردەوامە".
ئاوات محەممەد گوتی، ئەمڕۆ دەستەی مامۆستایانی ناڕازی کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان دەبێت و تێیدا چالاکییەکانی دواتری مامۆستایان دەخەنەڕوو، کە "ئەگەر هەیە یەکشەممە خۆپێشاندان بکرێت".
هەر ئەمڕۆ دڵشاد میرانی، نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بایکۆت بەردەوامە، دابەشکردنی مووچەش زیاتر دوابکەوێت بایکۆت فراوانتر دەبێت."
لە هەمان سنوور لە زۆربەی قوتابخانەکان دەوام ئاساییە. هەروەها لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک هیچ بایکۆتێک نەکراوە.
بایکۆت لەکاتێکدایە، تاوەکو ئەمڕۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی 10 و 11ـیان وەرنەگرتووە و 48 رۆژ بەسەر دابەشکردنی دوایین مووچە (مووچەی مانگی ئەیلوول) تێپەڕیوە.
هەر ئەمڕۆ نوخشە ناسیح، قایمقامی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "تاوەکو ئێستا هیچ فەرمانگەیەک بەهۆی بایکۆتی دەوامەوە دانەخراوە."
لە سنووری هەڵەبجەش ژمارەیەک مامۆستا بایکۆتی دەوامیان کردووە، بەڵام قایمقام دەڵێت "لە سنوورەکەمان بەهۆی بایکۆتەوە، تاوەکو ئێستا هیچ قوتابخانەیەک دانەخراوە."
بەرپرسێک لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "چەند رۆژێکە بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە کارمەندانی نەخۆشخانەی گشتیی و فریاکەوتنی کەلار، بایکۆتی دەوامیان کردووە. هەروەها فەرمانبەرانی دادنووسیش یەک رۆژ بایکۆتی دەوامیان کرد."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە سنووری ئیدارەی راپەڕین چەند مامۆستایەک چەند رۆژێکە بەهۆی دواکەوتنی مووچە نەچوونەتە دەوام، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ لە فەرمانگەکان دەوام دەکرێت.
حکومەتی عێراق 761 ملیاری دیناری بۆ مووچەی مانگی 10 ناردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "پارەکە کورتهێنانی هەیە" بۆیە تاوەکو ئەمڕۆ خشتەی مووچەی رانەگەیاندووە.
ساڵی رابردوو لەگەڵ دەستپێکی خوێندندا لە 13ـی ئەیلوول، لە پارێزگەکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین، مامۆستایان دژی دواکەوتنی مووچە بایکۆتیان کرد و بایکۆتەکەش تاوەکو 20ـی شوباتی ئەم ساڵ درێژەی کێشا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ