رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان دەڵێت، دەستیان بەسەر 14 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گرتووە کە لەنێو تایەی بارهەڵگر شاردرابووەوە و باندێکیش دەستگیرکران.
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد: "لە بەردەوامی هەوڵەکانمان لە رووبەڕووبوونەوە و نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکاندا، لە پڕۆسەیەکی بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاریی ورد لەلایەن تیمەکانی بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتییەکەمانەوە کە چەند رۆژێکی خایاند و دوای وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، رۆژی چوارشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2024، لە چالاکییەکدا توانرا باندێکی مەترسیداری بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیربکرێن کە پێکهاتبوون لە چوار تۆمەتباری بیانی."
هەروەها دەڵێت: "ئەو چوار بازرگانە بەنیازبوون بڕی 14 کیلۆ گرام مادەی هۆشبەری جۆری کریستاڵ بهێننە ناو هەرێمی کوردستانەوە و لەنێو تایەی بارهەڵگر بە شێوازێکی زۆر ورد حەشاریان دابوو."
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەکردووە، تۆمەتبارەکان رادەستی یاسا کراون و بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ