فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند قۆناخی (Sunrise Period) بۆ دۆمەینی ئاستی یەکەمی کوردستان بەشێوەیەکی فەرمی لە 5 - 8 - 2015 تاوەکو 4 - 10 - 2015 دەبێت. بەپێی یاسا و رێنماییەکانی رێکخراوی ICANN ئەم ماوەیە تایبەتە بە تۆمارکردنی ئەو کۆمپانیا و براندە جیهانیانەی کە لە Trademark Clearinghouse بوونیان هەیە بۆ تۆمارکردنی دۆمەینی تایبەتیان لەژێر دۆمەینی ئاستی یەکەمی کوردستان. دوای تەواو بوونی قۆناخی (Sunrise Period) ، قۆناخی تۆمارکردنی سنووردار (LRP) دەستپێدەکات کە تایبەتە بە تۆمارکردنی گشتیی بۆ خاوەن کار وکۆمپانیاکان و کەرتی گشتی و تاکەکان. هیوا ئەفەندی سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری تایبەت بەم قۆناخە رایگەیاند:" ئێمە لە فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری ئاگادار و پاپەندین بە بەرپرسیارییەتیەکانمان لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ئینتەرنێت لەکاتی وەگەڕخستنی سیستەمی تۆمارکردنی دۆمەینی ئاستی یەکەمی کوردستان لە ریشە و سەرچاوەی ئینتەرنێت". لە کانوونی یەکەمی 2013، دوای سەرکەوتن بەسەر چەندین پرۆسە و تاقیکردنەوەی جیاجیا، فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێننامەی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ رێکخراوی ICANN واژۆکرد بۆ پێدانی مافی بەگەڕخستن و بەڕێوەبردنی دۆمەینی ئاستی یەکەمی کوردستان krd ، بە لەبەرچاوگرتنی یاسا ورێنمایی دانپێدانراوی رێکخراوی ICANN لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. لە تەمموزی 2014، دۆمەینی ئاستی یەکەم بەشێوەیەکی فەرمی لە زۆنەکانی IANA زیادکرا. بەمەش بوونی زۆنێکی تایبەت بەکوردستان بوو بە راستییەکی کارا و تەکنیکی لە جیهانی ئینتەرنێت. لەمەودوا، ناونیشان و پێگەی ئەلیکترۆنی کە کۆتاییان هاتووە بە krd. لە لایەن بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لەسەرتاسەری جیهان شتێکی نامۆ ناییت. لەم چوارچێوەیەدا: ● co.krd. تەرخانکراوە بۆ کۆمپانیاکانی تۆمارکراو لە کوردستان. ● gov.krd. تایبەت دەبێت بە وەزارەت و دامو دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ● edu.krd. بۆ دامەزراوە پەروەردەییەکان تەرخانکراوە. ● تاکەکان دەتوانن راستەوخۆ لەژێر ناوی دۆمەینیkrd. تۆمار بکەن بۆ نموونە (name.krd). دۆمەینی ئاستی یەکەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوێکە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی ئابووری و بەرزکردنەوەی ئاستی داهێنان. ئەم پرۆژەیە بنەمایەکە بۆ چەسپاندنی نیشتیمانێکی نوێ لە جیهانی ئینتەرنێت بۆ نەتەوەی کورد وەهەروەها رۆڵێکی بەرچاوی دەییت لە ناساندنی کولتوور و زمانی کوردی لە سەردەمی فراوانبوون و پەرەسەندنی بەجیهانیبوون. لەم روانگەیەوە کوردستان بەشێوەیەکی زیاتر بەشداردەبێت لە سودمەندبوون لەو دیدگا جیهانی و رۆشنبیریە فراوانەی ئینتەرنێت بۆ پەرەپێدان و هاوبەشی کردنی کولتوور و زمانەکەی. بەمشێوەیە، کوردستان دەرفەتێکی گەورەی بۆ دەڕەخسێت بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان کولتوورەکان و تێگەیشتنی سرووشتی ناوچەکە و دانیشتوانەکەی.