گەورەترین پارکی سەیدسادق بێناز ماوەتەوە؛ 'لە نەبوونیی پارکێکدا روو دەکەینە شارەکانی دیکە'

05-07-2024
نزار جەزا
پارکی گشتیی سەیدسادق.
پارکی گشتیی سەیدسادق.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆیەکەدا دەردەکەوێت، گەورەترین پارکی گشتیی سەیدسادقە، لە ساڵی 2013ـەوە دروستکراوە و بێ خزمەت ماوەتەوە.
 
ئەوەی لەم پارکە 25 دۆنمییەدا دەبینرێت، کورسی شکاو، داری وشکبوو، پوش و پەڵاش، کابینەی وێران و یاریی شکاوە.
 
دانیشتووانی سەیدسادق، داواکارن هەرچی زووە پارکەکەیان زیندووبکرێتەوە، چونکە هیچ پارکێکی دیکەی گشتیی گەورەیان نییە رووی تێبکەن، لەناچاریدا روودەکەنە شارەکانی دیکە.
 
ئەیوب سلێمان، دانیشتووی سەیدسادقە و دەڵێت: "بەداخەوە لە نەبوونیی پارکێکدا روو دەکەینە شارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و خورماڵ."
 
عەتا محەممەد، دانیشتوویەکی دیکەی شارەکەیە و دەڵێت: "ئەگەر ئەم پارکە نەبێت، دەبێت منداڵ لە ماڵەوە خەریکی مۆبایل بێت و کات بەوە بەسەربەرن، تەنانەت فۆتۆگرافەرانی ئەم شارە شوێنیان بۆ وێنەگرتن نییە و بوک و زاواش شوێنیان بۆ وێنەگرتن نییە." 
 
شاخەوان والی، دانیشتووی سەیدسادقە و باس لەوە دەکات: "وەک ئەندامانی ئەنجومەنی ژیانەوە کار لەسەر ئەوە دەکەین، کە ئەم پارکە ببوژێنینەوە و بیکەینە پارکێکی مۆدێرن، چونکە بەتەنیا لەتوانای شارەوانیدا نییە خزمەتی بکات." 
 
لەم ساڵدا دووجار پارکەکە خراوەتە زیادکردنی ئاشکراوە بۆئەوەی سەرمایەدارێک بچێت نۆژەنی بکاتەوە، بەڵام بەهۆی کەمیی ئەو ماوەیەی بەکرێ پێی دەدرێت، کەس ئامادە نییە بچێت وەریبگرێت.
 
سەرۆکی شارەوانیی سەیدسادقیش دەڵێت، هەموو کارئاسانییەک دەکەن بۆئەو کەسەی بیهەوێت پارکەکەمان بۆ نۆژەنبکاتەوە.
 
حەمزە محەممەد، سەرۆکی شارەوانیی سەیدسادق رایگەیاند: "هەموو پارکەکە تێکچووە و پارەیەکی زۆری تێدەچێت، ماوەی بەکرێدانەکەش بەپێی رێنمایی چوار ساڵ دیاریکراوە، بۆیە سەرمایەداران نایەنە پێشەوە و وەریبگرن، بەڵام بەپێی یاسا دوای چوار ساڵەکە دەتوانرێت شەش ساڵی دیکەشی بۆ درێژبکرێتەوە، واتە دەبێتە دە ساڵ، ئێمە داواکارین لە هەرکەس و لایەنێک بێت ئەم پارکەمان بۆ نۆژەنبکاتەوە و ئێمە هاوکار و هەماهەنگی دەبین." 
 
لە قەزای سەیدسادق 10 پارکی بچووک لە نێو گەڕەکەکان هەن، هیچیان هێندەی ئەم پارکە گەورەنین کە هاونیشتمانییان بتوانن سەردانی بکەن.
 
دانیشتووان و بەرپرسانی قەزای سەیدسادق نزیکەی 10 ساڵە چاوەڕێن یان حکومەت ئەم پارکە نۆژەنبکاتەوە و سەرپەرشتیی بکات یان سەرمایەدارێک ئەم ئەرکە لەئەستۆبگرێت و خزمەتی بکات، لەو نێوەندەدا پارکەکە تادێت وێرانتر دەبێت و تێچووی نۆژەنکردنەوەی زیاتر دەبێت، هاونیشتمانییانیش لەناچاریدا روو لە شارەکانی دیکە دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەبار یاوەر، فەریقی یەکەم و شارەزای بواری سەربازی و ئەمنی

جەبار یاوەر: عێراق ئاگای لە هێرشەکانی تورکیایە و بۆ بەرژەوەندیی خۆی بێدەنگە

هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان بەردەوامن؛ فەریقێکی خانەنشینی پێشمەرگە دەڵێت: "رۆژانە هەموو زانیارییەکان بە برووسکە بۆ هێزەکانی عێراق دەنێردرێت؛ بەڵام بێدەنگن و ئەوەیش نیشانەی ئەوەیە کە ئەوان پێی رازین".