رووداو دیجیتاڵ
وەرزی قەدەخەکردنی راوەماسی لە رووبار، بەنداو و دەریاچەکانی هەرێمی کوردستان دیاریکرا. بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، "بەهۆی ساردیی کەشوهەواوە، ئەم ساڵ وەرزی قەدەخەکردنی درێژترە لە پار."
ساڵانە لە مانگی شوبات تاوەکو مانگی حوزەیران راوەماسی لە هەرێمی کوردستان قەدەخە دەکرێت، چونکە ئەو ماوەیە وەزری زاوزێ و دانانی گەرای ماسییە.
رۆژی چوارشەممە، 05ـی ئاداری 2025، رابەر محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم ساڵ لە 20ـی ئادار قەدەخەکردنی راوەماسی دەستپێدەکات و تاوەکو 20-6-2025 بەردەوام دەبێت."
پار لە 5ـی ئادار، وەرزی قەدەخەکردنی راوەماسی دەستیپێکرد و تاوەکو 15ـی حوزەیرانی 2024 بەردەوام بوو.
بەراورد بە پار، ئەم ساڵ 15 رۆژ زیاتر کاتی راوکردنی ماسی درێژکرایەوە. رابەر محەممەد گوتی، "ئەم ساڵ کەشوهەوا ساردترە بەراورد بە پار (کاتی ئێستا)، بەو هۆیەوە لێکۆڵینەوەی زیاترمان کرد و بڕیارماندا ئەم ساڵ کاتەکەی درێژتر بێت، بۆ سوودوەرگرتنی زیاتر لە سامانی ماسی."
لەم ماوەیەدا هێزەکانی پێشمەرگە، پۆلیسی دارستان و هێزە پەیوەندیدارەکانی دیکە رادەسپێردرێن بۆ چاودێریکردنی رووبار، بەنداو و چەمەکان، بۆ ئەوەی هەر کەسێک ماسی راو بکات دەستگیری بکەن.
سەبارەت بە سزای ئەو کەسانەی لەو ماوەیەدا ماسی راو دەکەن، رابەر محەممەد گوتی، سزاکان جیاوازن و دادوەرەکان دەستنیشانی دەکەن، سزاکە بەپێی جۆر و بڕی راوکردن و ئەو کەرەستەیەیە کە ماسییەکەی پێ راو دەکرێت.
بەگوێرەی ئاماری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی ساڵانەی ماسی لە هەرێمی کوردستان 9 هەزار تۆنە، بەڵام خواستی ساڵانە دەگاتە 12 هەزار تۆن، ئەوەی دەمێنێتەوە هاوردە دەکرێت و زۆرترینیشی لە ئێرانەوە دەهێندرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ