رووداو- سلێمانی
وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا لە پارێزگای سلێمانی، پاش ئەوەی بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە كاركەوتبوو، جارێكی دیكە كەوتەوە كار و بڕی 26 مێگاوات كارەبا دابین دەكات.
بە پێی راگەیەندراوێكی قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی سلێمانی، كە وێنەیەكی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە، ئەمڕۆ ئاوات محەممەد، قایمقامی سلێمانی پێشوازیكردووە لە سەرپەرشتیارانی وێستگەی (شەهید شازاد)ی سەر بە كۆمپانیای بەندێر، كە ماوەیەكی زۆرە بەهۆی پێنەدانی پێشینەوە لەلایەن حكومەتی هەرێمی کوردستانەوە، كاركردن تێیدا وەستابوو، بەڵام جارێكی دیكە وێستگەكە لەسەر ئەركی كۆمپانیاكە كەوتەوە كار و قایمقامیش هەموو هاوكاری و هاوەئاهەنگییەكی خۆی بۆ دەربڕیوون.
راگەیەندراوەكە ئاماژەی بەوەشداوە، كە دڵشاد سەعید، بەڕێوەبەری كۆمپانیای بەندێر رایگەیاندووە، وێستگەكە لە دوێنێوە كەوتووەتەكار و رۆژانە بڕی 26 مێگاوات كارەبا بەرهەمدەهێنێت.
كەوتنەوەكاری ئەو وێستگەیەی كارەبا لە سلێمانی لە كاتێكدایە، كە ئێستا 15 كاژێر كارەبای نیشتمانی و حەوت كاژێریش كارەبای مۆلیدە دەدرێتە هاونیشتمانییان.




