رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی فەرەنسا دەڵێن، چەکدارێک لە شارۆچکەی تراپ لە نزیک پاریسی پایتەخت لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیەوە تەقەی کردووە، لە ئەنجامدا کەسێک کوژراوە و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون. داواکاری گشتیی فەرەنسا وەک کردەی "تیرۆریستی" و تاوانی رق لێکۆڵینەوە لەگەڵ دۆسیەکەدا دەکات.
هێرشەکە لە شارۆچکەی تراپ لە دووریی نزیکەی 20 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای پاریس روویدا. عەلی رابح، سەرۆکی شارەوانیی تراپ بە میدیاى فەرەنسی راگەیاند، هاووڵاتییەک بە شێوەیەکی "هەڕەمەکی تەقەی کردووە و وا دیارە ویستوویەتی خەڵکێکی زۆر بکوژێ".
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، تەقەکارەکە لە سێ شوێن تەقەی کردووە، ئەوانیش گۆڕەپانێکی یاریی منداڵان، وێستگەیەکی سووتەمەنی و سەنتەرێکی پزیشکی بوون.
ئەو کەسەی کوژراوە گەنجێکی تەمەن 26 ساڵی بە رەچەڵەک ئەفریقییە، هەروەها بریندارێکی بە رەچەڵەک ئەفریقیش بریندارە و تەندروستیی باش نییە.
تۆمەتبار کە پیاوێکی تەمەن 39 ساڵە و لەنێو ئۆتۆمبێلێکی رێنۆ کلیۆی رەساسی تەقەی کردووە، دوای ماوەیەکی کەم لە هێرشەکە لە شارۆچکەی کوانیێری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.
داواکاری گشتیی فەرەنسا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست و گرێدراو بە پڕۆژەیەکی تیرۆریستی" بۆ ئەو کەسە کردووەتەوە.
داواکاری گشتی دەڵێ، لێکۆڵینەوە لەوە دەکرێ ئایا هێرشکارەکە بە مەبەست ئەو کەسانەى لەسەر بنەمای "رەگەز، نەتەوە، ناسنامە یان ئایین" کردووەتە ئامانج، بەتایبەت کە شارۆچکەی تراپ بەشێکی دانیشتووانەکەی لە پەناخواز و موسڵمانان پێکدێ.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا هاوخەمیی خۆی دەربڕی. سێباستیان لێکۆرنۆ، سەرۆکوەزیرانی فەرەنساش لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رووداوەکەی بە "یەکجار مەترسیدار" ناوبرد و گوتی، "تەواوی سەرچاوەی دەزگا ئەمنییەکان و دەسەڵاتی داد بۆ رووبەڕووبوونەوەی دۆسیەکە خراونەتەگەڕ".



