لە هەولێر باج لەسەر پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل زیاد بووە و خاوەنەکانیان دەڵێن ناچارن دایبخەن

04-12-2023
فەرهاد دۆڵەمەری
فەرهاد دۆڵەمەری @farhaddolamari
باجی سەر پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل زیادی کردووە
باجی سەر پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل زیادی کردووە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

زۆریی باج و رسومات و نەبوون و سستی بازاڕ رۆژ بەڕۆژ گوشارەکانی سەر خاوەنی پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل زیاددەکەن بەشێکیان بەوهۆیەوە ناچارن پێشانگەکەیان بفرۆشن یان دایبخەن. 
 
ئەحمەد سڵێمان، خاوەنی 18 پێشانگەی تایبەت بە ئۆتۆمبێلی گەورەیە لە هەولێر، زۆری رێژەی باج و رسوماتەکان و نەبوونی بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی گەورە وایکردووە کە 12 لە پێشانگەکانی دابخات و 6 پێشانگەی دیکەشی ماوە و دەیەوێت بیان فرۆشێت.
 
ئەحمەد سڵێمان لەوبارەیەوە بە رووداوی گوت، "بازاڕمان زۆر کزبووە رێژەی باج و رسوماتەکانیش لەسەرمان زۆر بەرزکراونەتەوە، ناتوانین پارەی باج و رسوماتەکان بدەین بۆمان دەرناهێنێت، من پێشتر 11 کارمەندم هەبوو ئێستا تەنیا 3 کارمەندم ماوە، بۆ پارەی باجەکەش قەرز دەکەم."
 
ماوەی 5 مانگە شارەوانیی قوشتەپە، خاوەنی پێشانگەکانی تایبەت بە ئۆتۆمبێلی گەورەی ئاگادار کردووەتەوە کە دەبێت هەر پێشانگەیەک بڕی نزیکەی 5 بۆ 15 ملیۆن دینار پارەی 5 ساڵی رابردوو لە کرێ و رسوماتەکانی شارەوانی بدەن، ئەم بریارەی شارەوانی لە کاتێکدایە کە 13 ساڵە پێشانگەکان هیچ خزمەتگوزارییەکی سەرەتاییان پێنەگەیشتووە
 
فاروق سدیق خاوەن پێشانگەکانەی ئۆتۆمبێلە دەڵێت، "ئێمە لە 2010 ـوە لەم شوێنەین تاوەکو ئێستا هیچ خزمەتگوزارییەکمان بۆ نەهاتووە ئینجا هاتوون داوای پارەی باج و زبڵیش دەکەن، کەچی هیچ خزمەتگوزاییەکمان بۆ رانەکێشراوە."
 
لەسەر رێگەی هەولێر - قوشتەپە نزیکەی 100 پێشانگەی تایبەت بە ئۆتۆمبێلی گەورە هەن، لە ئەگەری پابەندنەبوونی خاوەن پێشانگەکان بە بڕیاری شارەوانی لە سەرەتای ساڵی داهاتوو رووبەڕووی سزای دارایی دەبنەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە