رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، "پێشوازی لەو پێشکەوتنە گەورەیە دەکەم کە لە پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ هێزە حکومییەکانی سووریادا بەدەستهاتووە."
چوارشەممە 26ـی ئابی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا، کە لە ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، ئەو هەنگاوەی بە "پەرەسەندنێکی گرنگ" بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی سووریا ناوبرد و گوتی، "داوا لە هەموو لایەنە کوردییەکان و پێکهاتەکانی سووریا دەکەم، پشتگیری لەم هەنگاوانە بکەن و بەشداری لە سەرخستنیدا بکەن."
نێچیرڤان بارزانی، رایگەیاند، "ستایشی تێڕوانینی ژیرانەی بەڕێز سەرۆک ئەحمەد شەرع و رێبازە بەرپرسیارانەکەی دەکەم لە چارەسەرکردنی کێشەکان بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن و سەرکردایەتیکردنی سووریا بەرەو داهاتوویەکی باشتر. هەروەها رۆڵ و هەوڵەکانی بەڕێز مەزڵووم عەبدی لە سەرخستنی ئەم پرۆسەیەدا بەرز دەنرخێنم."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "چاوەڕوانی تەواوکردنی ئەم پرۆسەیەین بەشێوەیەک کە ببێتە سەرەتای قۆناخێکی نوێ لە سووریا، کە تێیدا مافی هەموو هاووڵاتییان و پێکهاتەکانی پارێزراو بێت و وڵات بەرەو ئاشتی، ئاسایش، سەقامگیری، بووژانەوە و گەشەسەندنی زیاتر هەنگاو بنێت."
رۆژی 25ـی ئابی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند، کە هەسەدەیان هەڵوەشاندووەتەوە و بە تەواوی تێکەڵی دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا بووە.
.jpg&w=3840&q=75)


