رووداو دیجیتاڵ ئەمڕۆ ژمارەیەک ئەستێرە لە ئاسمانی سینەمای سلێمانی درەوشانەوە، ئەکتەر و ستافی فیلمی ماڵی نەنە یەک یەک لە پاسەکەیان دابەزین و بەسەر فەرشی سوور دا بەرەو یەکەم نمایش هەنگاویان نا. فیلمی ماڵی نەنە، فیلمێکی کۆمیدیی خێزانی، پەروەردەییە، لە دەرهێنانی محەممەد مستەفایە و 7ـەمین بەرهەمی کۆمپانیای (میترۆنۆم پرۆدەکشن)ـە. ژانری فیلمەکە لە سینەمای کوردی هەنگاوێکی نوێیە، ئەمە بینەرانی دڵخۆش کرد، رووداو قسەی لەگەڵ ئەکتەرەکان کرد و هەموو داوایان کرد بینەران بە ئاسوودەیی و بە خێزانی دەتوانن بێن و سەیری فیلمەکە بکەن، چونکە چیرۆکەکە منداڵان دڵخۆش دەکات. لە رۆژی 27ـی ئەم مانگەوە فیلمەکە لە سەرجەم سینەماکانی کوردستان و عێراق نمایش دەکرێت.