ئەنجامی بارانبارین لە باشووری کوردستان؛ "زیانی گیانی نەبووە و زیانی مادی هەن"

04-11-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بارانی 24 کاژێری رابردوو لە پارێزگاکانی هەڵەبجە و کەرکووک و قەزایەکی پارێزگای سلێمانی زیانی مادی لێکەوتووەتەوە. لە هەولێر، دهۆک، سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکان زیانی نەبووە.
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، کاژێر 09:00ی بەیانیی دوێنێ بۆ کاژێر 09:00ی شەو، کە چەقی شەپۆلەکە بووە، لە هەڵەبجە 41.2 مللیمەتر باران باریوە؛ لە دەربەندیخان 37.2 مللیمەتر، پێنجوێن 34 مللیمەتر، كەركووك 21.8 مللیمەتر، سلێمانی 24.6 مللیمەتر، هەولێر 2.6 مللیمەتر، دهۆک 0.4 مللیمەتر، کەلار 9 مللیمەتر، سۆران 2.6 مللیمەتر، زاخۆ 3.5 مللیمەتر، هەڵشۆ 9.8 مللیمەتر، خانەقین 10.8 مللیمەتر و خوورماتوو 18.8 مللیمەتر باران باریوە.
 
لە هەڵەبجە و کەرکووک ئاو چووە ماڵان و زیانی پێگەیاندن
 
لە هەڵەبجە زۆرترین باران باریوە. رائید زانیار عومەر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شەوی رابردوو تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ 20 تیمی فریاگوزاری لە هەڵەبجە لە ئێشکگیریدا بوون و بەهانای هاونیشتمانیانەوە چوون."
 
لەبارەی زیانی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە سنوورەکە، زانیار عومەر گوتی، "ئاو چووەتە نزیکەی 25 ماڵ و چەند دووکانێکەوە و زیانی پێگەیاندوون، بەڵام هیچ زیانێکی گیانیمان نەبووە."
 
هەر ئەمڕۆ قەیس عەبدولڕەزاق، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە گەڕەکی شۆراو ئاو چووە ژمارەیەک ماڵەوە و زیانی مادی پێگەیاندن. هەروەها لە گەڕەکی (عەمەل شەعبی) ئاو چووە سێ ماڵەوە و زیانی پێگەیاندن."
 
رۆژی شەممە ژنێک لە عەباسییەی کەرکووک خنکا و کەسوکارەکەی رایانگەیاند بەهۆی لافاوەوە بووە، بەڵام ئەوە بۆ بەرگری شارستانیی کەرکووک پشتڕانەبووەتەوە. قەیس عەبدولڕەزاق دەڵێت، "وردەکاریمان بەردەست نییە، بەڵام کەسوکارەکەی لە نەخۆشخانە گوتوویانە بە ئاو خنکاوە."
 
قایمقامی دەربەندیخان: هاتووچۆ ئاسایی بووەوە
 
لە قەزای دەربەندیخانیش باران زیانی لێکەوتەوە. سلێمان محەممەد، قایمقامی قەزاکە ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "نزیکەی 10 ماڵ و بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی ئاویان تێچوو و زیانی مادییان بەرکەوت؛ هەروەها مەترسی لەسەر دوو گەڕەک دروستبوو، بەڵام خۆشبەختانە بە هاوکاری تیمەکان دۆخەکە کۆنترۆڵکرا."
 
تونێلی دەربەندیخان کە جگە لە قەزاکە، ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و پارێزگای دیالە بە سلێمانییەوە دەبەستێتەوە بەهۆی داڕووخانی بەشێکی دەوروبەری دەروازەکەیەوە شەوی رابردوو بۆ ماوەی دوو کاژێر داخرا. سلێمان محەممەد دەڵێت، "تیمەکان لە ماوەیەکی کەمدا رێگەکەیان کردەوە و زیانی گیانی بە کەس نەگەیشت."
 
ئێستا بەردەم تونێلی دەربەندیخان پاککراوەتەوە و رێگەکە ئاسایی بووەتەوە، بەڵام بە گوتەی قایمقام، "ئەگەر بارانی زیاتر ببارێت، مەترسی جیدی دروست دەبێت و زیانی زیاتری دەبێت."
 
قایمقامی پێنجوێن: بەهۆی بارانەوە رێگەی چەند گوندێک داخراوە
 
لە پێنجوێن بەهۆی بارانەوە ئاستەنگیی هاتووچۆ دروستبووە. هێمن ئیبراهیم، قایمقامی پێنجوێن ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زیانی گیانی نەبووە. ئەوەی هەیە رێگەی چەند گوندێک لە بناری سوورێن و ناحیەی ناڵپارێز بەهۆی بارانەوە داخراوە."
 
هێمن ئیبراهیم گوتی، "تیمەکانی رێگەوبان و لایەنەکانی دیکە سەرقاڵی رەوانەکردنی ئامێرەکان بۆ ئەو گوندانە بۆ کردنەوەی رێگەکان و لابردنی ئاستەنگی لەبەردەم هاتووچۆی هاونیشتمانیان."
 
لە سلێمانی، هەولێر و دهۆک باران زیانی نەبووە
 
رائید ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە سلێمانی هیچ لافاوێک نەبووە؛ ئەوەی هەبووە پەنگخواردنەوەی ئاو بوو لە دوو شەقام، ئەویش تیمەکانمان زوو چارەسەریان کرد."
 
بە گوتەی ئارام عەلی، لە دوو رۆژی رابردوودا هیچ زیانێکی گیانی و مادی بەهۆی شەپۆلی بارانبارینەوە تۆمارنەکراوە.
 
هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی باڵای کارگێڕی لە پارێزگای هەولێر بە رووداوی گوت، "لە سنووری پارێزگا هیچ لافاو و رووداوێکی نەخوازراو تۆمار نەکراوە."
 
هاوکات شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە هەولێر هیچ لافاوێک رووینەداوە و زیانیش تۆمار نەکراوە.
 
لەم شەپۆلەی بارانباریندا کەمترین باران لە سنووری پارێزگای دهۆک باری. عەقید بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "بەهۆی کەمی رێژەی بارانەوە هیچ زیان و ئاستەنگییەک لە سنووری دهۆک دروست نەبووە."
 
لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی باران زیانی نەبووە. عەلی قادر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی ئیدارەی راپەڕین بە رووداوی گوت، "بەهۆی بارانەوە هیچ کەسێک پەیوەندی بە ئێمەوە نەکردووە بە هانایەوە بچین و هیچ زیانێکمان تۆمار نەکردووە."
 
لە ئیدارەی گەرمیانیش زیان تۆمار نەکراوە. چۆمان ئەحمەد، گوتەبێژی ئیدارەی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە دوو رۆژی رابردوودا بەهۆی بارانەوە هیچ زیانێکمان تۆمار نەکردووە."
 
هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هەر بەهۆی کەمیی رێژەی بارانەوە لە هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆ هیچ رووداوێکی نەخوازراو رووینەداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە