پزیشکی تایبەتی مەلا بەختیار بۆ رووداو: رەنگە ماوەی 3 مانگ بە بەردەوامی ژەهری پێدرابێت

04-11-2021
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
رووداو بۆ یەکەمجار وێنەی مەلا بەختیار و پزیشکەکەی لە ئەڵمانیا بڵاودەکاتەوە
رووداو بۆ یەکەمجار وێنەی مەلا بەختیار و پزیشکەکەی لە ئەڵمانیا بڵاودەکاتەوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پزیشکە تایبەتەکەی مەلا بەختیار دەڵێت، سێ ماددەی جیاواز لە جەستەیدا بووە ئێستا لە دوایین هەفتەی پاککردنەوەی خوێن و وەرگرتنی چارەسەر و تەندروستیی بەرەو باشبوون دەچێت، دەتوانێت هەفتەیەکی دیکە نەخۆشخانە جێبهێڵێت.
 
دکتۆر زوها داژدلن، پسپۆری هەناو و گورچیلە لەبارەی تەندروستیی مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ناتوانن دیاری بکەن کەی مەلا بەختیار ژەهرخواردکراوە، بەڵام رەنگە ماوەی 3 مانگ بە بەردەوامی ژەهری پێدرابێت.
 
دوای پشکنینەکان چەند جۆرە ژەهرێک لە جەستەی مەلا بەختیار بەدی کراوە، دکتۆر داژدلن لەوبارەوە دەڵێت، 3 جۆرە ماددەی ژەهراوی لە خوێنی مەلا بەختیاردا هەن کە جیوە، ئەنتیمۆن و مسن.
 
ئەو پزیشکە ئەڵمانییە دەڵێت، چارەسەری پاککردنەوەی خوێنیان بۆ مەلا بەختیار کردووە و، پرۆسەی پاککردنەوەکە بە "گرنگ" دەزانێت، چونکە رێژەیەکی زۆر جیوە لە جەستەی مەلا بەختیاردا هەبووە و لە چەند رۆژی داهاتوودا پرۆسەکە کۆتاییدێت. هەروەها دەشڵێت، "باوەڕناکەم کاریگەریی درێژخایەنی لەسەر جەستەی هەبێت".
 
بە گوتەی داژدلن، لە سەرەتای چوونی مەلا بەختیار بۆ نەخۆشخانەکە تەندروستیی باش نەبووە و نیشانەکانی کێشەی گەدە، ریخۆڵە و قژڕووتانەوەی هەبووە و، دۆخی تەندروستیی مەلا بەختیار پێش چارەسەر و دوای چارەسەر دەکەنە راپۆرت.
 
دەقی هەپەیڤینی رووداو لەگەڵ دکتۆر زوها داژدلن
 
رووداو: سڵاو بەڕێز دکتۆر داژدلن؛ یەکەم پرسیارم ئەوەیە دەمەوێت بزانم ئەو ژهرەی لە جەستەی مەلا بەختیارە چییە و لە چی پێکهاتووە؟ 
 
دکتۆر زوها داژدلن: ئێمە لە چوارچێوەی پشکنینەکان، چەندین پشکنینی تایبەتیی ژەهرمان ئەنجامدا. پشکنینی وردی خوێنمان بۆ کرد و دوای پشکنینی زانستی ژەهرزانی، سێ ماددەمان بەدیکردن. یەکەم ماددە بریتییە لە جیوە، دووەم ماددەی ئەنتیمۆن و ماددەکەی دیکەش مسە؛ ئەو ماددەی جیوەیەی کە لە خوێنەکەیدا لای ئێمە دەرکەوت، هەمان شت بوو کە لە پشکنینەکانی پێشوویدا و پێش ئەوەی بێتە نەخۆشخانەکەمان، بۆی کرابوو و دەرکەوتبوو. 
 
رووداو: بەڕێزتان ماوەی دوو هەفتەیە چارەسەری مەلا بەختیار دەکەن؛ کاتێک هاتە نەخۆشخانەکەتان، تەندروستیی چۆن بوو و ئێستا چۆنە؟
 
دکتۆر زوها داژدلن: کاتێک هاتە نەخۆشخانەکەمان، کێشەی گەدە و ریخۆڵەی هەبوو، واتە رشانەوە و سکچوون و دڵ تێکهەڵاتن. جگە لەوە، ژەهرخواردنکردنی کەسێک بە ماددەی جیوە کاریگەری لەسەر کۆئەندامی دەماریشی دەکات، بۆ نموونە سەرنجی کەسەکە بێهێز دەبێت. نەخۆشەکەمان ئەو نیشانانەی هەبوون کاتێک هاتە نەخۆشخانەکەمان؛ هەروەها کاتێک هاتە ئێرە، قژی دەوەری، بەڵام لەو کاتەوەی لێرەیە، ئەو نیشانەیە کەمبووەتەوە. ئەمەش یەکێکە لە نیشانەکانی ژهرخواردنی جیوە.
 
رووداو: دەتوانن پێمان بڵێن چەند لەو ژەهرەی وەرگرتووە یان بڕەکەی چەند بووە؟
 
دکتۆر زوها داژدلن: ئەستەمە بگوترێ، بەڵام بە گشتی دەتوانین بڵێین کە لە رێگەی خواردنەوە پێیدراوە. دەکرێت کەسێک لە رێگەی هەڵمژینەوە ئەو ماددەیە وەربگرێ، بەڵام ئەوەی ئەم نەخۆشەمان بەو جۆرە نەبووە، بەڵکو لە رێگەی خواردنەوە پێی دراوە. ئەو دوای چەند هەفتەیەک هاتووەتە ئێرە بۆ چارەسەر. نازانین بڕەکە چەند بووە، چونکە ئەو دوای چەند هەفتەیەک هاتووە، بەڵام بەپێی یەکەم پشکنینەکان کە بۆی کرا، رێژەی ماددەی جیوە زۆر زۆر بەرز بوو لە خوێنیدا. چارەسەری سەرەتاییان بۆ کرد. کاتێک کەسێک بە جیوە ژەهرخوارد دەکرێت، ماددەیەکی دەدەینێ کە لە نێو گەدە و ریخۆڵە و خوێینیدا ماددە جیوەکە کۆدەکاتەوە و ئاسانکاری دەکات بۆ دەرهاوێشتنی لە جەستەی. کاتێک مەلا بەختیار هاتە لای ئێمە بۆ چارەسەر، ئێمە لە پشکنینەکاندا ماددەی جیوەمان لە خوێنیدا بینی و ماددەکەش دەرکەوت. سەرباری ئەو هەموو چارەسەرەی کە وەری گرتبوو، هەر ماددەی جیوە لە خوێنیدا بوو؛ ئەمە دەریدەدەخات کە زۆر لەو ماددەیەی پێدراوە لە کاتی ژەهرخواردنەکەیدا. 
 
رووداو: چۆن چارەسەری دەکەن؟ ماوەی دوو هەفتەیە چۆن چارەسەری بۆ دەکەن؟ 
 
دکتۆر زوها داژدلن: چارەسەری دژە ژەهری بە حەبی بۆ کرابوو و ئێمەش لێرە بەردەوام بووین لەسەری؛ لەگەڵ ئەوەشدا چارەسەری خاوێنکردنەوەی خوێنمان بۆ کرد، هاوشێوەی ئەوەی چۆن گورچیلە دەشۆین. ئەم چارەسەرە گرنگە. بۆچی؟ چونکە ماددەی جیوە تایبەتمەندی هەیە و لە خوێندا لەگەڵ پڕۆتین تێکەڵ دەبێت و ئەستەمە جیای بکەیتەوە؛ بۆیە ئێمە شۆردنی پلازمامان بۆ کرد، واتا خاوێنکردنەوەی خوێن. تەنیا بەم رێگەیە دەتوانین دڵنیابین کە ئەو ماددەی جیوەیەی لە خوێنیدا لەگەڵ پڕۆتینەکان خۆیان تێکەڵکردبوو، دەریدەهێنین. ئەم پرۆسەیە زۆر گرنگە بۆ دەرهێنانی هەموو ئەو ماددەی جیوەی کە لە جەستەیدایە. 
 
رووداو: ئەم ژهرە تا چەند مەترسیدارە؟ 
 
دکتۆر زوها داژدلن: زۆر مەترسیدارە بۆ سەر گیانی ئەو کەسە، بەتایبەتی لە سەرەتادا کە رێژەکە زۆر بەرزە زیانی زۆر بە ئەندامەکانی دەگەیێنێت. ئەنجامی پشکنینی ئەندامانی زۆر خراپ بوو. ئەو ژەهرە دەتوانێت ببێتەهۆی لەکارخستنی گورچیلەکان؛ هەروەها ئەوەی کە زۆر لێی دەترسن زیانەکانییەتی لەسەر مێشک؛ ئەو ژەهرە دەتوانێت زیانێکی زۆر لە سیستمی دەمار و مێشکی بدات و ببێتەهۆی کەمکردنەوەی سەرنجی؛ لە کاتی زۆر وەرگرتنیدا ئەو ماددەیە دەتوانێت ببێتە هۆی کوشتنی کەسەکە لە رێگەی کۆئەندامی دەمارەوە. 
 
رووداو: ئەی کاریگەرە درێژخایەنەکانی چین؟ 
 
دکتۆر زوها داژدلن: ئەگەر تەماشای پرۆسەی چارەسەری پزیشکیی ئەو بکەین، بەراورد بەو کاتەی هاتە ئێرە، ئێستا زۆر جیاوازە؛ بۆیە باوەڕ ناکەم هیچ کاریگەریی درێژەخایەنی هەبێت. ئەو لێرە بەهۆی وەرگرتنی چارەسەرەوە لە رێگەی حەب و هەروەها خاوێنکردنەوەی خوێنەوە زۆر تەندروستیی باش بووە و سوودی لە چارەسەرەکە وەرگرتووە. بۆیە ئێستا دەتوانم بڵێم کاریگەریی درێژخایەنی نابێت، بەڵام دەبێت لە ژێر چاودێرییدا بێت؛ دەتوانم بڵێم هەموو شتێک باشە.
 
رووداو: پێشبینی چاکبوونەوەی بەتەواوەتی دەکەن؟ تاکەی لێرە چارەسەر وەردەگرێت؟  
 
دکتۆر زوها داژدلن: چارەسەرەکانمان تاوەکو ئێستا سەرکەوتوو بوون. هەروەها نەخۆشەکەش خۆی ئاماژە بەوە دەدات کە ئێستا هەست بەوە دەکات باشتر بووە؛ دەتوانم بڵێم ئێمە ئێستا لە دوایین هەفتەی چارەسەری مەلا بەختیارداین. دەتوانم بڵێم زۆر لای ئێمە نامێنێتەوە. 
 
رووداو: منیش ویستم هەمان پرسیار بکەم. ئەو کەی دەتوانێت نەخۆشخانەکەتان جێبهێڵێت؟ ئایا ئێستا دەتوانێت قسەبکات؟ هێزی هەیە خۆی بە پێی خۆی بڕوات؟ 
 
دکتۆر زوها داژدلن: دۆخی تەندروستیی مەلا بەختیار زۆر زۆر باش بووە. هەروەها خۆی ئێستا بە پێ دەڕوات. خۆی دەتوانێت هەموو شتێک بکات. ئێستا هەندێک پشکنین ماون و ئەوانیشی بۆ دەکەین. چەند رۆژێکی دیکە کۆتایی بە چارەسەری خاوێنکردنەوەی خوێنی دەهێنین. چەند پشکنینێکی کۆتایی ماون و بۆی دەکەین. دەتوانم بڵێم یەک هەفتەی دیکە دەتوانێت بڕواتە دەرەوە. 
 
رووداو: زۆر کەس ئەو پرسیارە دەکات کە ئایا ئەو ژەهرە بەئاسانی دەستی کەسانی ناپسپۆڕ دەکەوێت؟ 
 
دکتۆر زوها داژدلن: بە راستی ئەو ماددانە تایبەتن و ژەهری تایبەتن. جیوە ماددەیەکە کە مرۆڤ دەتوانێت بەئاسانی دەستی بخات. بەڵام پشکنینی ورد بۆ ژەهرخواردکردن بەو ماددەیە دەبێت لە تاقیگەی تایبەت بکرێت. دەستکەوتنی ماددەکە ئەستەم نییە. 
 
رووداو: پێمان گوترا کە بەرێزتان دەتانەوێت راپۆرتێک ئامادە بکەن. ئەو راپۆرتە چی تێدا دەبێت و ئایا مەلا بەختیار دەتوانێت وەکو بەڵگە بیخاتە بەردەم دادگە؟
 
دکتۆر زوها داژدلن: لە راپۆرتەکەدا بێگومان یەکەم شت ئاماژە بەوە دەدەین کە لە پشکنینەکانماندا کام ماددەمان لە خوێنیدا دۆزیوەتەوە بۆ ئەوەی ببێتە بەڵگە کە ژەهرخوارد کراوە؛ هەروەها پرۆسەی چارەسەرکردنی بە وردی دەنووسین و باس لەوە دەکەین کە کام رێکارەمان گرتووەتەبەر. گرنگیی چارەسەری دژەژەهر واتە خاوێنکردنەوەی خوێن لە چیدا بوو؟ چۆن کردمان؟ چۆن ئەنجامدرا؟ دەبێت رەچاوی چی بکرێت؟ هەروەها کۆنترۆڵی چی دەبێت بکرێت؟ بە وردی دۆخی تەندروستیی نەخۆشەکە پێش چارەسەر و دوای چارەسەر دەکەینە راپۆرت تا بتوانین سەرکەوتنی چارەسەرەکە ببینین. 
 
رووداو: دوایین پرسیارم ئەوەیە کە دەمەوێت بزانم ئایا ئێوە دەتوانن بزانن ئەو کەی ئەو ژهرەی پێدراوە؟ 
 
دکتۆر زوها داژدلن: ئەستەمە، چونکە نازانین ئەو ژەهرخواردنە کەی روویداوە. ئەگەر تەماشا بکەین، ئێمە ئێستا دوو ئەنجامی پشکنیمان هەن. یەکەم پشکنین و هەروەها پشکنینی لای ئێمە. بەپێی ئەو ئەو ئەنجامانە، دەتوانم بڵێم رەنگە ماوەی سێ مانگ بەردەوام ئەو ماددەیەی پێ درابێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی محەممەد شیاع سوودان، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەی تورکمان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

سوودانی بۆ نوێنەرانی تورکمان: دەبێت بەرژەوەندیی خەڵکی کەرکووک لە سەرووی هەر رێککەوتنێکەوە بێت

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەی تورکمان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، گرنگە بەرژەوەندیی خەڵکی کەرکووک لە سەرووی هەر رێککەوتنێکی نێوان هێزە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بێت. ئەندامێکی تورکمانی بەشداری کۆبوونەوەکەش دەڵێت، "سوودانی گوتی، نابێت هیچ پێکهاتەیەک پەراوێز بخرێت."