بۆ پێکهێنانی لیژنەی ئامادەکردنی دەستوور دوو هەفتە مۆڵەت بە حیزبەکان دەدرێت

04-11-2021
سیروان عەباس
نیشانەکردن دەستوور پەرلەمانی کوردسان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بۆ پێکهێنانی لیژنەی ئامادەکردنی رەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دوو هەفتە مۆڵەتی بە حیزبەکان داوە، تاوەکو بۆچوون و تێبینییەکانیان پێشکەش بکەن.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 4-11-2021 مونا قاوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ دروستکردنی لیژنەی ئامادەکردنی دەستوور، لە رێگەی سەرۆکی فراکسیۆنەکانەوە دوو هەفتە مۆڵەتیان داوە بە حیزبەکان بۆ ئەوەی تێبینی خۆیان لەبارەی پێکهێنانی لیژنەکە و رەشنووسی دەستوور پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکەن.
 
مونا قاوەچی گوتی: "گوێ بۆ سەرجەم تێبینییەکان دەگرین و بەهەندیان وەردەگرین، رەنگە لەسەر بنەمای تێبینی و پێشنیازەکان هەم لیژنەکە گۆڕانی بەسەردابێت و هەمیشە لە هەنگاوەکانی دواتردا رەشنووسی دەستوور گۆڕانی بەسەردا بێت".
 
رۆژی چوارشەممە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەبارەی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، بەڵام فراکسیۆنەکانی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دانیشتنەکەیان بایکۆتکرد.
 
رۆژی چوارشەممە 3-11-2021، عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لەبارەی بایکۆتکردنەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە ئاستی کێشە و داواکاریی خەڵکی کوردستاندا نییە، کارێکیان کردووە کە پەرلەمان نەتوانێت ئەرکی راستەقینەی خۆی جێبەجێ بکات. ئێمە پێمانوایە پرسی گەندەڵیی و تاڵانکاریی رێکخراوی سامانی گشتی، کۆچکردنی بەلێشاوی خەڵک بۆ دەرەوە، بێکاری و هەڵکشانی رێژەی هەژاریی و برسیێتی، مافی خوراوی فەرمانبەران و خەمی ئەو دەیان هەزار دەرچووەی زانکۆ و پەیمانگاکان لەپێشترن تاوەکو قسە و کۆبوونەوەی جیدی لەسەر بکرێت".
 
پێش ئەوەی رەشنووسی پڕۆژەیاسای دەستووری هەرێمی کوردستان بخرێتە نێو خشتەی کاری پەرلەمانی کوردستانەوە و دەنگی لەسەر بدرێت، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان تێبینی و بۆچوونی سەرجەم حیزب و فراکسیۆنەکانی لەبارەی دەستوورەکە وەرگرتووە.
 
مونا قاوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان پێشتر بە رووداوی گوتبوو: "ئێمە لە خوولی رابردوو لە ژمارەی 4ی ساڵی 2015 یاسای لیژنەی دەستوورمان هەبوو، درێژمان کردەوە بۆ 90 رۆژ، ئەوە دەبێت هەمواربکرێتەوە کە ئایا بتوانین بە چ میکانیزمێک سەرلەنوێ ئەم لیژنەیە پێکدەهێنرێت".
 
لە ساڵی 2009 دەستووری هەرێمی کوردستان نووسرایەوە و پەرلەمان پەسندیکرد، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزیی سیاسییەوە رەشنووسەکە نەخرایە گشتپرسی و تەنیا وەکو مەرەکەبی سەر کاخەز مایەوە.
 
لە خولی چوارەمدا جارێکی دیکە دەستوور لە کۆی زیاتر لە 120 ماددە، 73 ماددەی نووسرایەوە و ئاڵۆزیی سیاسی کۆتایی پێهێنا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە