خوێندنی باڵا: 150 بەش لە زانکۆکان بەهۆی نەبوونی خواستەوە هەڵپەسێردراون

04-10-2024
سۆران حوسێن
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان لە نیوڕۆژی رووداو میوان بوو.
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان لە نیوڕۆژی رووداو میوان بوو.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، لە زووترین کاتدا راوندێکی دیکە بۆ خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان رادەگەیێنن. هەروەها باس لە بە گرێبەستکردنی وانەبێژانی وەزارەتەکەی و دەرفەتی خوێندن بۆ دەرچووانی 12ـی ئامادەیی دەکات.
 
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان لە نیوڕۆژی پێنجشەممە 03-10-2024ـی تۆڕی میدیایی رووداودا، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، باسی لە پلانی وەزارەتەکەی بۆ خوێندنی ساڵی 2024 – 2024 کرد.
 
توانا نەجەف گوتی، تاوەکو ئەمڕۆ 42 هەزار و 569 کەس زانکۆلاینیان پڕکردووەتەوە، کە زۆرینەیان لە دهۆک بوون، پاشان هەولێر و سلێمانی.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: پێشەکی با لەم جلە کوردییانەوە دەستپێبکەم، چونکە بەردەوام بە قات و بۆینباخەوە دەتبینم، ئەمڕۆ بە جلی کوردییەوە هاتووی خێرە؟
 
د. توانا نەجەف: تەنیا رۆژانی پێنجشەممە ئێمە لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیارێکمان داوە، کە هەموو کەس ئازادە جلی کوردی لەبەر بکات و وەکو رۆژانی ئاسایی بەو جلانەوە دەوام بکات. گوشار لە کەس ناکەین و هەرکەس هەیبێت حەزدەکەین لەبەری بکات.
 
رووداو: ئەمساڵ چەند قوتابی لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەردەگیرێن؟
 
د. توانا نەجەف: نزیکەی 16 زانکۆی حکومیمان هەیە. پلانی وەزارەتی خوێنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ وەرگرتن دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی جەنابی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کاک دکتۆر ئارام، کە لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە زۆر زۆر مەبەستی بوو هەموو ئەو بەڕێزانەی لە قۆناخی 12ـەوە روو لە زانکۆکانمان دەکەن چانسی وەرگرتنیان هەبێت و بتوانن بە خۆڕایی درێژە بە خوێندنی بەکالۆریۆس بدەن. پاشان ئەم سیاسەتەی گواستەوە بۆ خوێندنی باڵا، کە دواتر باسی دەکەین. بەڵێ بە دڵنیاییەوە توانای وەرگرتنی زانکۆکانمان بەقەدەر ئەو ژمارەیە نییە، کە لە وەزارەتی پەروەردەوە بۆمان دێت و بەدەست ئەوانیش نییە، وەکو کولتوورێکیش لە ناو ئێمە دروست بووە، هەموومان حەزمان لێیە بخوێنین. 
 
رووداو: 55 هەزار دەرچوو هەیە، توانای وەرگرتنی ئەو ژمارەیەتان نییە؟
 
د. توانا نەجەف: ئەو شایەتییە دەدەم، ئەگەر دکتۆر ئارام وەزیر نەبووایە و بە دەستوەردانی خۆی نەبووایە، بەپێی توانای زانکۆکان کارمان بکردایە، زیاد لە 25 هەزار دەرچووی ئەم ساڵ وەرنەدەگیران.
 
رووداو: ئێستا چەند کەس وەرناگیرێن؟
 
د. توانا نەجەف: ئێستا هیچ کەسێک نامێنێت وەرنەگیرێت.
 
رووداو: واتا توانای ئەو 55 هەزار و 720 دەرچووەتان هەیە، کە لە پەروەردەوە نێردراوە؟
 
د. توانا نەجەف: بەڵێ، بە زۆر زۆر سوپاسەوە بۆ سەرۆک زانکۆ بەڕێزەکان، ئەو پلانەی کە ناردوویانە و لەلایەن فەرمانگەی پەیوەندیدار و ئەنجوومەنی وەزارەتەوە پەسند کراوە نزیکەی 63 هەزار کورسی ئێستا ئامادەیە، بۆ ئەوەی ئەو قوتابیانە لەسەری دانیشن و بخوێنن.
 
رووداو: 05ـی ئەم مانگە کارابوونی زانکۆلاین کۆتایی دێت. کاتەکە درێژ دەکرێتەوە؟
 
د. توانا نەجەف: دەمەوێت ئەوە بڵێم، بابەتی زانکۆلاین جەنابی وەزیری خوێندنی باڵا زۆر گرنگی پێدەدا، لەبەر ئەوە زانکۆلاین یەکێکە لەو سیستمانەی کە زۆر دادپەروەرانە و وردە. شایەتی ئەوە دەدەم، هەتاوەکو ئێستا لەم کابینەیەدا کە من لەگەڵ دکتۆر ئارام کارم کردووە بە هیچ شێوەیەک دەستوەردان لە یەک پۆینت نەکراوە. جەنابی وەزیر زۆر زۆر مەبەستی ئەم کارەیە. هەموو ساڵێکیش بۆ یارمەتیدانی خەڵک جەنابی وەزیری خوێندنی باڵا کات درێژ دەکاتەوە.
 
تاوەکو ئێستا 42 هەزار و 569 کەس زانکۆلاینیان پڕکردووەتەوە. لەو ژمارەیە 15 هەزار و 724 کەسی لە هەولێر، 14 هەزار و 674 پارێزگای سلێمانی 12 هەزار و 182ـی لە دهۆکە، دەتوانم بڵێم 85%ـی هەولێر و سلێمانی پێشکێشیان کردووە و 88%ـی لە دهۆک بووە. دەتوانم بڵێم 10 بۆ 12 هەزار کەس ماون.
 
رووداو: ئەگەر تاوەکو ئەو کاتە ئەو کەسانە زانکۆلاین پڕنەکەنەوە کاتەکە درێژ دەکرێتەوە؟
 
د. توانا نەجەف: پێشبینی ناکەم، بەڵام ئێمە چاوەڕێی کۆتا کاتین، کۆتایی بێت یان کات درێژ بکرێتەوە، تەنیا جەنابی وەزیر دەتوانێت بڕیار بدات.
 
رووداو: ساڵانی رابردوو و ئەمساڵیش پێدەچێت هەڵە لە پڕکردنەوە هەبێت، ئاگاداریان دەکەنەوە یان دواتر پێیان دەڵێن؟
 
د. توانا نەجەف: دوو بابەتە. پرسارێکی جوانە، بەڕاستی ئێمە هەستی پێناکەین کە کەسەکە هەڵەی کردووە تاوەکو ناوی دەرنەچێ و پرۆسەکە کۆتایی نەیەت. بەڵام خۆشبەختانە  ئێستا بەڕاستی خوێندکاران و قوتابیان چاو کراوەن. زانکۆلاینیش پێچ و پەنای تێدا نییە و بەرنامەیەکی زۆر زۆر ئاسانە.
 
رووداو: پڕۆسەکە چەندی پێدەچێت و دوای داخستنی زانکۆلاین کەی ناوەکان رادەگەیێنن؟
 
د. توانا نەجەف: پرسیارێکی قورسە، دیسان جەنابی وەزیری خوێندنی باڵا دادەنیشێت بە وردی سەیری دەکات بزانێ چەند ماف دراوەتە خەڵک، بەڕاستی زۆر زۆر مەبەستێتی کەسێک نەمێنێ لە خوار ئەو پلانەی ئێمەوە، یا نمرەیەکی بەرزی هەبێ و لە شوێنێکی دیکە وەرگیرابێت. هەرچەند ئەمە پشت بەوە دەبەستێت ئەو کورسییانەی پەسەند کراوە لەگەڵ ئەو نمرانەی بەدەستهاتوون، بەڵام من دڵنیایی دەدەم، تاوەکو جەنابی وەزیری خوێندنی باڵا و تۆێژینەوەی زانستی نەگاتە ئەو بڕوایەی ریزبەندییەکە دادپەروەرییە پەسەندی ناکات.
 
رووداو: ئەو دەرچووانەی کۆنمرەیان لە 60 کەمترە، چانسی وەرگرتنیان لە زانکۆکان هەیە یان هەر لە پەیمانگەکان؟
 
د. توانا نەجەف: بەگوێرەی رێنماییە. پێش ئەوەی زانکۆلاین بکەیتەوە رێنمایشی لەگەڵدایە؛ رێنمایی وەرگرتن، بەگوێرەی ئەوە دەکەوێتە سەر خواست و خستنەڕوو. ئێمە دەسەڵاتی قبوڵکردنی بەشەکانمان داوەتە فێرخواز.
 
رووداو: هیچ بەشێک هەیە بەهۆی کەمیی خواست لەسەری دابخرێت؟
 
د. توانا نەجەف: من حەزناکەم بڵێم دابخرێت، بەڵام دەتوانم بڵێم هەڵپەسێردراون، نزیکی 150 بەشمان ساڵی رابردوو کەمتر لە پێنج خوێندکار داوای کردبوو، بەڵام ئەو تێچووەی بۆ ژوورێک دەکرێت دەبێ لانیکەم 15 خوێندکاری هەبێ، بۆیە هەڵپەسێردراون. جەنابی وەزیری خوێندنی باڵا بڕیاری داوە لیژنەیەک پێکبهێنێت بۆ پێداچوونەوە بە پرۆگرامەکانی ئەو بەشانەدا، کە چۆن لینکێک دروستبکرێت لەنێوان وانەکە و بازاڕی کاردا، ئەوە دروست بێت کێشە نامێنێت. داخستن و هەڵپەساردن چارەسەر نییە.
 
رووداو: بەشێک دابخەن یان هەڵیسپێرن، ئەوانەی داواکارییان بۆ پێشکێش کردووە چییان بەسەر دێت؟
 
د. توانا نەجەف: ئەگەر بەشەکە لە سیستمی زانکۆلایندا هەبێت، ئەوە ئەو نمرەیە چی کۆلێژێک نزیکترین بووبێت لێیەوە، لەوێ وەردەگیرێت یان نمرەکەی لە کوێ وەرگیرابێت مافی پارێزراوە.
 
رووداو: زۆر جار دەگوترێت قوتابیان بە نمرەیەکی کەم و بە پارە لە زانکۆ ئەهلییەکان بەشی باش دەخوێنن، ئەمە چۆن رێکخراوە؟
 
د. توانا نەجەف: دەبێت بە داتا قسە بکەین، دیسانەوە دەبێت بچینەوە سەر ئەو بابەتەی کە گوتم سەرەتا وەزیری خوێندنی باڵا دەستبەکار بوو بڕوای هیچ بە خوێندنی بە پارە نەبوو، لەو چوارچێوەیەدا ساڵی 2019 بڕیاری داشکاندنی 45% بۆ پارەی خوێندنی پارالێڵ درا. جەنابی وەزیر بڕوای بەوە نەبوو پارەیەکی زۆر لە خوێندکاران وەربگرێت بۆ ئەوەی چانسی خوێندنیان هەبێت. داشكاندنەکە دوو کاریگەری گرنگی هەبوو لەسەر حکومەت و لەسەر هاووڵاتیان. کاریگەرە سەرەکییەکەی بۆ سەر حکومەت ئەوە بوو داهاتی وەزارەتی خوێندنی باڵا نزیکەی 37 ملیار دینار بوو، ئێستا نزیکەی 70 ملیارە و دوو هێندە زیادیکردووە. 
 
پارەی پارالێڵ پێشتر لە 10 ملیۆنەوە بۆ دوو ملیۆن بوو، ئێستا زۆرترین 5 ملیۆن و کەمترین 600 هەزار دینارە. بەدڵنیاییەوە ئەمساڵیش داشکاندن دەبێت. هەرکەس خۆی بیەوێت دەتوانێت لە ناوەندە حکومییەکان بخوێنێت.
 
رووداو: داشكاندن بەردەوام دەبێت؟
 
د. توانا نەجەف: بەڵێ، بۆ ئەمساڵی خوێندن کۆمەڵێک داشکاندن هەیە، بۆ نموونە 50% بۆ دوو منداڵی یەک خێزان، بۆ خاوەن پێداویستی تایبەتەکان و نابینایان و سێ یەکەمەکان بەردەوام دەبێت. 
 
رووداو: زۆرجار ساڵانە خوێندکار گلەیی لە بەشەناوخۆییەکان و خزمەتگوزارییەکانی دەکات، بۆ ئەمساڵ چیتان کردووە؟
 
د. توانا نەجەف: پرسیارێکی بەجێیە، لای منیش پرسیارە، بەڕاستی پێم ناخۆشە. پار لە هەڵمەتێکدا لەلایەن سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانەوە 12 ملیار دینار بۆ چاکسازی لە بەشەناوخۆییەکانی سنووری سلێمانی خەرج کرا، بەڕاستی کاریگەریی هەبوو، بەڵام لە هەردوولا کێشەمان هەر هەیە.
 
رووداو: بۆ ئەمساڵ چیتان کردووە؟
 
د. توانا نەجەف: ساڵانە ئەنجوومەنی وەزیران 7 ملیار و 250 ملیۆنمان بۆ خەرج دەکەن، نزیکەی 2 ملیار و 250 ملیۆن بۆ چاکسازی بەشەناوخۆییەکانە. 
 
رووداو: کۆمەڵێک پرسیارمان بۆ هاتووە. کەسێک دەپرسێت؛ زۆر لە خوێندکارانی ماستەر گلەیی لە خوولەکان و مەرجەکانی زمانی ئینگلیزی دەکەن و بە پێویستی نازانن؟
 
د. توانا نەجەف: جەنابی وەزیری خوێندنی باڵا بۆ مەرجی زمانی ئینگلیزی زۆر ئاسانکاری کردووە. پێشتر هەر کەس ئایەڵەسی پێنج، پێنج و نیو، یان شەش و نیوی نەبووایە بۆی نەبووە هەر بچێتە کڵاسەوە بۆ ماستەر و دکتۆرا. بڕیاریش دراوە پێشنیازەکە بخرێتە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتەوە.
 
رووداو: کەی راوندێکی دیکەی بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا رادەگەیێندرێت؟
 
د. توانا نەجەف: لە کەناڵە بەڕێزەکەتان بە ناوی جەنابی وەزیرەوە دەتوانم ئەوە بڵێم، دوایین کات کە دراوەتە زانکۆکان، 07ـی 10ـی 2024 کە بە گوێرەی توانای زانکۆکانیان پلانەکانیان بنێرن، دوای ئەوە بە زووترین کات راوندی سێیەمی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان رادەگەیێندرێت.
 
رووداو: سێ یەکەمەکان کەی دادەمەزرێن؟
 
د. توانا نەجەف: جەنابی وەزیر خۆی لەسەر هێڵ بووە لەگەڵمان و کۆمەڵێك کارمان بۆ کردوون. بایۆمەتریان بۆ کراوە، هەڵسەنگاندن بۆ پارەی پێویست کراوە و نووسراومان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران کردووە و لەوێ بڕیار دراوە، کە هەموو ئەم بابەتانە ئاراستەی عێراق بکرێت بۆ ئەوەی پارەیان بۆ تەرخانبکرێت و دابمەزرێن، کە ژمارەیان نزیکەی 9 هەزار و 500 کەس دەبێت.
 
رووداو: مووچەی وانەبێژانی خوێندنی باڵا لە کەیەوە وەکو گرێبەست دەبێت؟
 
د. توانا نەجەف: بە زووترین کات.. قسەم لەگەڵ وەزارەتی دارایی کردووە بۆ ئەوەی بزانین میکانیزمەکانی چین، تەنیا کات بمانەوێت بایۆمەترییە، ئەوە دوامان نەخات بە زووترین کات وەکو گرێبەست مووچە وەردەگرن.
 
رووداو: خەڵک هەیە وانەبێژ بووە لە خوێندنی باڵا، ئێستا بە گرێبەست لە شارەوانی دامەزراوە، دەتوانێت ببێتە گرێبەست لە خوێندنی باڵا؟
 
د. توانا نەجەف: ئەم قسەیە بۆ هەموو وەزارەتەکانە، ئەوەی بایۆمەتری پشتیوانی بکات کە مووچەی دیکەی نەبێت لای ئێمە کێشەی بۆ دروست نابێت، لە هەرشوێنێک گرێبەست بووبێ و بایۆمەتری نەکردبێ لەو شوێنە هاوکاریان دەبین.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی کۆبوونەوەی نێچيرڤان بارزانى و هادی عامری.

نێچیرڤان بارزانی و هادی عامری: ناکۆکییەکان لە بەرژەوەندیی گەلی عێراق تێپەڕن

لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ هادی عامری، ئه‌مینداری گشتیی رێکخراوی بەدر، کۆبووەوە.