رووداو دیجیتاڵ
دوای حەوت ساڵ لە هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، جارێکی دیکە هێزێکی سەربازیی ئەمریکی لە کەرکووک جێگیر کرا، پەیامنێری رووداو دەڵێت، بە 13 هەمەر و باجەر 60 سەربازیان هێناوەتە سەربازگەی کەی وەن.
شەوی شەممە 04-08-2024، هێزێکی سەربازیی ئەمریکی لە دەروازەی هەولێرەوە چوونەتە کەرکووک و بە ئاراستەی سەربازگەی کەی وەن رۆیشتوون کە 13 کیلۆمەتر لە ناوەندی شارەکە دوورە و هێزەکانی سوپای عێراق و دژەتیرۆری تێدایە.
هیوا حوسامەدین، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە کەرکووک لەوبارەوە گوتی، هێزەکەی ئەمریکا 60 سەرباز دەبن کە بە 13 هەمەر و باجەر گەیشتوونەتە سەربازگەکە و لەوێ جێگیرکراون.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان هاتنی هێزە سەربازییە ئەمریکییەکە بۆ کەرکووک، بە هاوئاهەنگیی سەرەتایی هێزە خۆجێیەکان بووە و لە بازگەکان رێگەیان پێدراوە بێنە نێو سنووری شارەکە، لەوێشەوە چوونەتە نێو سەربازگەی کەی وەن.
بەگوتەی پەیامنێری رووداو، هاتنی هێزە سەربازییەکە بۆ هیچ ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی هاوبەش لەگەڵ دژەتیرۆری عێراقی نییە و دەڵێت ''ئەمە یەکەم جارە هێزەکانی ئەمریکا بچنە کەرکووک و نیازی مانەوەیان هەبووبێت، چونکە یەک یان دوو لە ئۆتۆمبێلەکانیان پڕ بووە لە پێداویستیی مانەوە.''
زیاتر لە مانگێکە بڕیارە گۆڕانکاری لە پۆستە ئەمنی و ئیدارییەکانی کەرکووکدا بکرێت و کەسێک بۆ پۆستی فەرماندەی پۆلیسی سنوورەکە دیاری بکرێت؛ هاتنی ئەو هێزە سەربازییەش هاوکاتە لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانە کە دەگوترێت چوارشەممە (7ـی ئاب) دەکرێن.
پەیامنێری رووداو گوتی، لایەنە ئەمنییەکانی کەرکووک سەبارەت بە هۆکاری جێگیرکردنی هێزە سەربازییەکەی ئەمریکا دەڵێن، پێدەچێت بەمەبەستی جێگیرکردنی دۆخی ئەمنیی شارەکە دوای گۆڕانکاریی لە پۆستەکاندا هاتبن، بۆ ئەوەی لە ئامادەباشیدا بن، کە دۆخێکی نەخوازراو لە کەرکووک دروست نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ