رووداو دیجیتاڵ
جووتیارانی تۆپزاوا دژی دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکانیان لە خۆپێشاندان بەردەوامن؛ بەرپرسی بۆردی ماددەی 140 لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت ''ئێمە دژی ئەو رێکارەین و قبووڵی ناکەین، سەرجەم رێکارە یاساییەکانیش بۆ دۆزینەوەی چارەسەر دەگرینەبەر".
ئەمڕۆ (یەکشەممە 04-06-2023)، بەشێکی زۆری جووتیارانی کورد و بەشێک لە جووتیارانی تورکمان وەکو هەڵوێستێک دژی دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکانیان لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە، گردبوونەوە و دووبارە شەقامی سەرەکیی فڕۆکەخانەی کەرکووکیان بە ئاراستەی بەغدا، داخست.
سوپای عێراق بەنیازە لە تۆپزاوای کەرکووک دەست بەسەر چەندین هەزار دۆنم زەویدا بگرێت، بەبیانووی ئەوەی موڵکی وەزارەتی بەرگرییە، لەکاتێکدا سەرجەم زەوییەکان لە چوارچێوەی مادەی 140ـدان و نابێ حکومەت دەستیان بەسەردا بگرێت.
جووتیاران خۆیان بە خاوەنی راستەقینەی ئەو زەوییانە دەزانن و تاپۆی رەشی عوسمانییان هەیە و دەڵێن، تاوەکو دەست لە زەوییەکانیان هەڵنەگیرێت و داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، شەقام چۆڵ ناکەن و درێژە بە خۆپێشاندانەکە دەدەن.
نەجوە حەمید کاکەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەنێو خۆپیشاندەران بە رووداوی گوت، سوپای عێراق دەبێ بۆ سەقامگیری و پاراستنی ئەمنیی پارێزگاکە، لێرە بێت، نەک بۆ ئەوەی دەستوەردان لە بەرهەمی رەنجی جووتیاراندا بکات.
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی ''جووتیاران تاپۆی رەش و بەڵگەیان لەسەر خاوەنداریێتیی زەوییەکان هەیە، بۆیە ئەو گرفتانە هەمووی لە رێگەی یاساییەوە چارەسەر دەکرێن''.
جووتیاران درووشمی ''بۆیان چۆڵ ناکەین، زەوییەکانمان شەرەفمانە'' دەڵێنەوە و داوادەکەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بێتە سەر هێڵ، بۆ ئەوەی گرفتی زەوییەکانیان چارەسەر بکات.
مامۆستایەکی ئایینی کە جووتیاریشە، لە رێگەی رووداوەوە داوای لە حیزبە کوردییەکان کرد ''چۆن بۆ هەڵبژاردن داوا لە خەڵک دەکەن بێنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، ئێستاش لە رۆژی تەنگانەدا بەهانای خەڵکەوە بێن''.
هەر لەوبارەوە دژوار فایەق، بەرپرسی بۆردی ماددەی 140 لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، میوانی بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە ئارێز خالید پێشکێشی دەکات و رایگەیاند ''بەداخەوە، خەڵکێک هەیە لە عێراق، بڕوای بە دیموکراسی، فیدراڵی و مافەکانی خەڵکی کوردستان نییە، جگە لەوە دەستوەردانی دەرەکیش هەیە و کەمتەرخەمی خۆشمان کاریگەری کردووەتە سەر ئەم کێشانە''.
دژوار فایق پێیوایە، هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی زەویوزاری جووتیاران، بۆ گۆڕینی دیموگرافیای کەرکووک، غەدرکردن لە خەڵکی کوردستان و کوردی ناوچەکەیە و دەشڵێت، بە بڕیارێکی سیاسی-شۆڤێنیی رژێمی پێشوو، ئەو زەوییانەیان داوەتە هەندێک عەرەبی هاوردە، عەرەبی ناوچەکە و وەزارەتەکانی سەر بە حکومەتی عێراق".
بەرپرسی بۆردی ماددەی 140 لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵدەدەن لە رێگەی پەرلەمان، حکومەتی عێراق و هاوکاریی نوێنەرانی کورد لە بەغدا، یاساکانی رژێمی پێشوو (بەعس) هەمواربکەنەوە، ئەوانەی هەمواریش کراونەتەوە و جێبەجێ نەکراون، لە هۆکارەکەی بکۆڵنەوە.
دژوار فایەق گوتی، وەکو حکومەت داکۆکی لە هەموو ئەو رێککەوتنانەی لە 2005 تاوەکو ئەمڕۆ لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا کراون، دەکەین و لەسەر مافی هاووڵاتییان پێداگر دەبین.
کشتوکاڵی کەرکووک، لەسەر داوای فیرقەی 11، لیژنەیەکی بۆ رووپێویی زەوییەکان دیاریکردووە و جووتیاران دەڵێن، ''ئەگەر لیژنەکە بەمەبەستی رووپێوانی زەوییەکانمان بێن، چەکمان پێ نییە، بەڵام بە بەرد لەگەڵیاندا شەڕ دەکەین''.
بەرپرسی بۆردی ماددەی 140 لە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێیوایە ''دەستێک هەیە لەژێر تەوژمی بیری تووندی شۆفێنیی عەرەبیدا، دەیەوێت ناسنامەی کەرکووک بگۆڕێت، لە چوارچێوەی تەعریبی نوێ کە دوای 16ـی ئۆکتۆبەر دەستیپێکردووە، دەیانەوێت دیموگرافیای ناوچەکە بگۆڕن، بۆیە فیرقەی 11، نووسراوی بۆ کشتوکاڵی کەرکووک ناردووە، کە دەستنیشانی ئەو زەوییانە بکەن''.
دژوار فایەق دووپاتیدەکاتەوە، دژ بە بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی زەویی جووتیاران دەوەستنەوە و قبووڵی ناکەن: ''سەرجەم رێکارە یاساییەکان لە پەرلەمان و حکومەتیش دەگرینەبەر و هەوڵدەدەین ئەم بابەتە رابگرین، دەبێ چارەسەرێکی سەرەکی بۆ بدۆزرێتەوە.''
بەرپرسی بۆردی ماددەی 140 لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەغدا هەیە و هەندێک لەو خاڵانەی باس دەکرێن، بابەتی زەویی جووتیارانی ئەو ناوچەیە و هەموارکردنەوەی بڕیارەکانی رژێمی پێشوو دەبن و بە فەرمی باسی مافی جووتیاران دەکەن.
تۆپزاوا دەکەوێتە باشووری کەرکووک و دانیشتووانەکەی کوردن و خاوەنی رەسەنی زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکەن. سوپای عێراق گوشاری بۆ هێناون و داوای لێکردوون نەک تەنیا واز لە زەوییەکانیان بهێنن، بەڵکو گوندەکەش چۆڵ بکەن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وردی چاودێریی پرسی جووتیارانی کورد و تورکمانی سنووری کەرکووک دەکات و هەوڵەکانی حکومەتی عێراق و ئیدارەی کەرکووک بە مەترسییەکی گەورەی تەعریب دەزانێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ