رووداو - زاخۆ
گەنجێکی کوردی ئێزدی لەسەر سنووری نێوان باشوور و باکووری کوردستان "بە تەقەی سوپای تورکیا گیانی لەدەستدا".
سێ گەنجی کوردی ئێزدی لە گوندی رەبەنگا لە زاخۆ بەر دەستڕێژی گوللـە کەوتن و یەکێکیان گیانی لەدەستدا، بەپێی گوتەی هەردوو گەنجە شاهێدحاڵەکە، ئەوان بۆ کاری جووتیاری چوونەتە گوندەکە و لەنزیک ئاوی هیزل بوون کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان باشوور و باکووری کوردستان.
حوسێن عەلی، شاهێدحاڵە و دەڵێ "گوللـە لە سنووری تورکیا دەتەقێنران و بە ئۆتۆمبێلەکە دەکەوتن، یەکێک لەو گوللـانەش بە هاوڕێکەمان کەوت، ماوەی کاژێرێک لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا ماینەوە و نەماندەتوانی دەرچین".
ئەمین ساڵح، ئەو گەنجە تەمەن 20 ساڵە کوردە ئێزدییەیە کە بەهۆی گوللـە گیانی لەدەستدا. لەیلۆ سەرۆک، کەسوکاری ئەمین-ە و دەڵێ "هەتاوەکو بڵێی حەیفە، لەبەرچی کوژرا! دوژمنی ئەوان بوو! مەڕوماڵاتی ئەوانی کوشتووە یان بۆ چی کوشتیان؟ ئەو خەریکبوو مەکینەی دەکوژاندەوە و کوشتیان".
پرسەی ئەمین لە کەمپی چەمشکۆ لە زاخۆ دانرا و خێزانەکەی تەرمەکەیان بردەوە شنگال بۆ ئەوەی لە زێدی خۆی بەخاکی بسپێرن.
میرزا عومەر، کەسوکاری ئەمین دەڵێ "هەموو رۆژێک تورکیا لێماندەدات، نە حکومەتی عێراق و نە هەرێمی کوردستان هاوکاریمان ناکەن، نزیکەی 1000 ئاوارە لەسەر ئەو رێگە ئاوییە دەژین، ئێمە هەژارین".
کەمپی چەمشکۆ، یەکێکە لە گەورەترین کەمپەکانی کوردانی ئێزدی لە پارێزگای دهۆک، نزیکەی 26 هەزار کەسی تێدا دەژی و بەگوتەی کارگێڕیی کەمپەکە، ئەوە یەکەم جارە رووداوی هاوشێوە رووبدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ