رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردە زلهێزەکانی ئەورووپا خۆیان بۆ قۆناخە هەستیارەکەی خولی نەتەوەکانی ئەورووپا (نەیشنسلیگ)ـی 2026/27 ئامادە دەکەن و بەر لە تیروپشکە چاوەڕوانکراوەکەی رۆژی هەینی، زۆربەی بلیتەکانی قۆناخی چارەکی کۆتایی بڕاون.
لەگەڵ کۆتاییهاتنی قۆناخی کۆمەڵەکان لە شەوی سێشەممەدا، تاوەکو ئێستا حەوت لە کۆی هەشت هەڵبژاردەکەی ئاستی یەکەم (League A) گەیشتنیان بە قۆناخی داهاتوو مسۆگەر کردووە و چاوەڕوانی رووبەڕووبوونەوەی ئاگرین لە مانگی 3ـی 2027 دەکەن.
هەڵبژاردە سەرکەوتووەکان
بەپێی سیستمی پاڵەوانێتییەکەی یوفا، یەکەم و دووەمی هەر چوار کۆمەڵەکەی ئاستی یەکەم راستەوخۆ دەگەنە قۆناخی هەشت. هەڵبژاردە گەورەکانی ئەورووپا بەم شێوەیە کۆنترۆڵی کۆمەڵەکانیان کردووە:
کۆمەڵەی یەکەم: فەرەنسا بە کۆکردنەوەی 13 خاڵ پێشەنگی گرت و بەلجیکاش بە 12 خاڵ وەک دووەم سەرکەوت.
کۆمەڵەی دووەم: ئەڵمانیا بە 11 خاڵ و بە جیاوازیی گۆڵ و رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ پێش هۆڵەندای دووەم (11 خاڵ) کەوت.
کۆمەڵەی سێیەم: ئینگلتەرا دوای پێشکێشکردنی ئاستێکی بەرز و کۆکردنەوەی 15 خاڵ بە پێشەنگ سەرکەوت و ئیسپانیاش بە هەمان 15 خاڵ پلەی دووەمی گرت.
کۆمەڵەی چوارەم: پۆرتوگال (12 خاڵ) پێشوەختە گەیشتنی بە قۆناخی هەشت مسۆگەر کردووە. دوایین بلیت و ململانێی پێشەنگی ئەم کۆمەڵەیە لە یارییەکانی شەوی سێشەممەدا یەکلادەبێتەوە، کاتێک دانیمارک (9 خاڵ) رووبەڕووی نەرویج (6 خاڵ) دەبێتەوە و پۆرتوگالیش دەبێتە میوانی وێڵز.
وادە و شوێنی تیروپشکەکە
تیروپشکی فەرمیی قۆناخی چارەکی کۆتایی و یارییەکانی پلەی ئۆفی سەرکەوتن و دابەزین، رۆژی هەینی 20ـی مانگی 11ـی 2026 لە بارەگای سەرەکیی یوفا لە شاری نیۆنی سویسرا بەڕێوەدەچێت.
کاتی تیروپشکەکە: کاژێر 14:00 بە کاتی باشووری کوردستان.
سیستمی قۆناخی کرانە دەرەوە چۆن دەبێت؟
رێگای گەیشتن بە نازناوی نەیشنسلیگی 2027 لە ساڵی داهاتوودا بەسەر دوو قۆناخی سەرەکیدا دابەش دەبێت:
1. قۆناخی چارەکی کۆتایی (مانگی 3ـی2027)
لە تیروپشکەکەی رۆژی هەینیدا، هەشت هەڵبژاردە سەرکەوتووەکە بەسەر دوو ئاستدا دابەش دەکرێن؛ ئاستی یەکەم چوار پێشەنگی کۆمەڵەکان لەخۆدەگرێت و ئاستی دووەمیش چوار خاوەن پلەی دووەم. هەر پێشەنگێک رووبەڕووی دووەمێک دەبێتەوە، بەڵام بە یەک مەرج: ئەو دوو هەڵبژاردەیەی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا پێکەوە بوون، ناکرێت لەم قۆناخەدا رووبەڕووی یەک ببنەوە.
یارییەکان بە شێوازی چوون و هاتن دەبن؛ یارییەکانی چوون لە رۆژانی 25 تاوەکو 27ـی مانگی 3ـی 2027 لە یاریگای ئەو هەڵبژاردانە دەکرێن کە پلەی دووەمیان بەدەستهێناوە، یارییەکانی گەڕانەوەش لە رۆژانی 28 تاوەکو 30ـی هەمان مانگ لە یاریگای پێشەنگی کۆمەڵەکان بەڕێوەدەچن.
2. قۆناخی کۆتایی نەیشنسلیگ (مانگی 6ـی 2027)
چوار براوەکەی قۆناخی هەشت دەگەنە قۆناخی کۆتایی و یارییەکانی پێش کۆتایی بە تیروپشکێکی کراوە و بێ مەرج دیاری دەکرێن.
بە پێچەوانەی قۆناخی هەشت، یارییەکانی ئەم قۆناخە بە یەک یاریی یەکلاکەرەوە دەبن و یەکێک لە چوار هەڵبژاردە سەرکەوتووەکە میوانداریی دەکات. یارییەکانی پێش کۆتایی لە رۆژانی 9 و 10ـی مانگی 6ـی 2027 دەکرێن، یاریی دیاریکردنی پلەی سێیەم و یاریی کۆتایی گەورەش لە رۆژی یەکشەممە 13ـی هەمان مانگ بەڕێوەدەچن.




