رووداو- تەندروستی
لە نەخۆشخانەی هەرس و جگەری فێرکاری لە سلێمانی، تیمێکی پسپۆڕی منداڵان توانیان ژیانی منداڵێکی تەمەن 2 ساڵ و نیو رزگار بکەن، دوای ئەوەی پارەیەکی ئاسنی قوتبوو و لە سورێنچکیدا گیری کردبوو.
ئەمڕۆ دووشەممە 17-11-2026 د. هیند نافع، پسپۆڕی هەناوبینی منداڵان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نزیکەی کاژێر 12ی شەو منداڵێکی تەمەن 2 ساڵ و نیویان هێنا کە دینارێکی ئاسنی قوتبوو و لە سورێنچکی مابووەوە. لە کاژێر 2:30ی بەرەبەیان، لە رێگەی هەناوبینییەوە (نازوور) و لە ماوەی 10 خولەکدا، پارە ئاسنییەکەیان بە سەرکەوتوویی دەرهێنا.
د. هیند نافع دەریخستووە، منداڵەکە لەکاتی یاریکردندا پارەکەی قوتدابوو و خێزانەکەی ئاگادار نەبوون.
د. هیند نافع، دەڵێت "ئەگەر درەنگ بگەیشتبایە، ئەگەری خوێنبەربوونی ناوەوەی زۆربوو. لەم حاڵەتانەدا دەبێت لە ماوەی دوو کاژێردا منداڵ بگاتە نەخۆشخانە و نابێت تاوەکو بەیانی چاوەڕێ بکرێت، چونکە مەترسیدارە".
د. هیند نافع، رێنوێنیی دایک و باوکان دەکات، نابێت بە هیچ شێوەیەک کەسوکاری منداڵەکە هەوڵی دەرکردنی شتەکە بدەن، چونکە لەوانەیە بچێتە بۆڕی هەناسەی، هەروەها کردنی پەنجە بە دەمی منداڵەکەدا بۆ ئەوەی بڕشێتەوە، یان پێدانی شیر، حاڵەتەکە خراپتر دەکات.
ئەو پسپۆڕەی هەناوبینی منداڵان جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە دایک و باوکان ئاگاداری ئەو شتانە بن کە لە بەردەستی منداڵەکانیانن و لەکاتی رووداوی هاوشێوەدا، راستەوخۆ سەردانی نەخۆشخانەی تایبەت بە منداڵان بکەن.



