رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی بە تەلەفۆن لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی قسەی کرد و لەبارەی رێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستخۆشی لێکرد. هاوکات واژۆكردنی رێككەوتنەکەی "بە هەنگاوێكی مێژوویی وەسف كرد."
ئەمڕۆ سێشەممە، 04-04-2023، سەرۆک مەسعود بارزانی بە تەلەفۆن لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرکۆەزیرانی عێراق قسەی کرد. بەگوێرەی راگەیێندراوێكی بارەگای بارزانی، "سوپاس و دەستخۆشی لە سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد بۆ هەوڵەكانی لەمەڕ چارەسەركردنی كێشەكان و سەرخستنی ئەو رێككەوتنە گرنگە."
دوای 11 رۆژ لە وەستاندنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیاری دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، ئەمڕۆ سێشەممە بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رێککەوتن لەنێوان هەولێر و بەغدا واژۆکرا بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
سەرۆک بارزانی پێیوایە ئەگەر "نیازپاكی و ئیرادەی چارەسەركردن هەبێت، بە دڵنیاییەوە چارەسەركردنی كێشەكان ئاسان و مومكین دەبێت" و هیواشی خواست كە ئەو رێككەوتنە ببێتە دەروازەیەک بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵیی عێراق.
سەرۆک بارزانی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق "پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵ و هەنگاوەكانی سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدراڵ دووپاتكردەوە."

.jpg&w=3840&q=75)

