12 فەرمانگەی شنگال نزیکەی 4 ساڵە داخراون

04-04-2021
تەحسین قاسم
تەحسین قاسم
چەند هاووڵاتییەک لە شنگال
چەند هاووڵاتییەک لە شنگال
نیشانەکردن شنگال
A+ A-
 
رووداو - شنگال

لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە، بەهۆی ئەو رەوشەی شنگال پێیدا تێدەپەڕێت، سێ بەڕێوەبەری ناحیە و قایمقامێک دەوام ناکەن، ئەوەش کێشەی گەورەی بۆ کاروباری خەڵکی شنگال دروستکردووە. مامۆستایەک لە ماوەی مانگێکدا سێ جار سەردانی موسڵ، تلکێف و دهۆکی کردووە بۆئەوەی مامەڵەیەکی جێبەجێ بکات.
 
خەيری خەلەف، مامۆستا دەڵێت، ئەگەر بیەوێت مامەڵەکەی جێبەجێ بکات ئەوا لە دەڤەری شنگال بۆی ناکرێت و دەبێت بچێتە تلکێف، دهۆک و زاخۆ.
 
پێش 16ی ئۆکتۆبەر، 24 بەڕێوەبەرایەتیی حکومی لە شنگال هەبوون، لەو ژمارەیەش تەنیا دەرگەی 12 بەڕێوەبەرایەتییان کراوەن و کاروباری رۆژانە بەڕێوەدەبەن، زیاتر لە سێ ساڵیشە قایمقامێک و سێ بەڕێوەبەری ناحیە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە دانراون و کارگێڕیی موسڵ دانوستاندن لەگەڵ ئەو بەڕێوەبەرانە ناکەن.
 
حامۆ حەجی بەرپرسی رێکخراوێکی مافی مرۆڤە و دەڵێت، "بەڕاستی بوونی دوو ئیدارە، یەکێک لە شنگال و یەکێک لە هەرێمی کوردستان، کارێکی زەحمەتە بۆ خەڵکی ئێمە، لێرە ناتوانین ناسنامەی منداڵێک دەربێنین، چونکە مۆر لەم ناوچەیەی ئێمە نییە، دەبێت بیبەین بۆ هەرێمی کوردستان. ئێمە بەم کارە نائارامین".
 
ئیلیاس جندی هاونیشتمانییەکی شنگالە و ئاماژە بەوە دەکات کە کارەکانیان بەڕێوەناچێت، "ئەگەر دادگە نەبێت و بەڕێوەبەرایەتیی رەگەزنامە نەبێت، چۆن کارەکانمان بەڕێبکەین، هیچ شتێک نییە و ژیان لە شنگال راوەستاوە".
 
پارێزگاری موسڵ رایگەیاندووە، دوای رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بەنیازن لە چەند رۆژی نزیکی داهاتوودا کارگێڕییەکی هاوبەش لە شنگال دابنێن.
 
نەجم جبووری، پارێزگاری موسڵ ئاماژە بەوە دەکات، یەکێک لە بەندەکانی رێککەوتنەکە ئەوەبوو کە پۆلیسی ناوخۆ دۆسێی ناو شنگال وەرگرن و کارگێڕییەکی نوێ بۆ شنگال دابنرێت.
 
ئەمەش لەکاتێکدایە، پێنج مانگ تێدەپەڕێت بەسەر رێککەوتنی هەولێر و بەغدا و هێشتا یەک خاڵی رێککەوتنەکەش نەکەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
 
بەهۆی نەبوونی کارگێڕیی خۆجێیی شنگال، رۆژانە بە دەیان مامەڵەی خەڵکی شنگال بەڕێوەناچن و خەڵک ناچار دەبن نزیکەی سێ کاژێر بە ئۆتۆمبێل رێگە ببڕن تاوەکو خۆیان بگەیێننە سنووری پارێزگای دهۆک و مامەڵەکانیان بەڕێبکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە