رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک دەڵێت، گازی حکومیی ماڵان لە پارێزگاکە کەمی کردووە، بۆیە نرخی بووتڵێک گاز بەرزبووەتەوە و لە نێوان 12 بۆ 14 هەزاردایە. لە هەولێرش نرخەکەی بەرزبووەتەوە، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەڵێن، لای ئەوان نرخەکەی ئاساییە.
رۆژی سێشەممە، 04ـی ئاداری 2025، کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گازی میری کەمبووە، هۆکارەکەشی ئەوەیە بڕ و کاتی هاتنی گاز بۆ پارێزگای دهۆک جێگیر نییە."
پێشتر نرخی بووتڵێک گازی حکومی بە 9 هەزار بوو. لەبارەی نرخی ئێستای گاز، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک گوتی، "گازی بازرگانی لەنێوان 12 تاوەکو 14 هەزار دایە."
لەبارەی چارەسەری کەمبوونی گازی حکومیی ماڵان، کارزان رەئووف دەڵێت، "لەگەڵ لیژنەکانی قایمقامیەتی دهۆک کۆبووینەوە و بڕیارماندا رێگە بە کۆمپانیا بازرگانییەکان و بریکارە گەڕۆکەکان بدەین گازی بازرگانی بفرۆشن."
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک ئاماژەی بەوەکرد، "هەرچەند گازی میری لەبەردەستبێت هەمووی دابەش دەکرێت و کەمتەرخەمی لێ ناکرێت، بەڵام بۆ پڕکردنەوەی پێویستیی ناوچەکە، ئەوەی دەمێنێت بە گازی بازرگانی پڕ دەکرێتەوە، چونکە پێویستییەکی رۆژانەیە و نابێت نەبێت. ئەمەش کاتییە و چارەسەردەکرێت."
ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر بە رووداوی گوت، "ئەوەی کە بەشی حکومییە گران نەبووە و وەکو خۆیەتی، بەڵام گازی بازرگانی گران بووە و نرخەکەی گەیشتووەتە 12 هەزار."
لە هەولێر نرخی بووتڵێک گازی حکومی 8 هەزار و 500 دینارە. بەڕێوەبەری نەوت و کانزای هەولێر دەڵێت، "تەنیا بازرگانییەکە گران بووە، بەڵام لە هەوڵداین و بازگەکان دەکەینەوە تاوەکو بگەڕێتەوە نرخی پیشووتر."
بە گوتەی ئاری کاکەشین، "گازی بازرگانی لەلایەن حکومەتەوە گران نەکراوە و پەیوەندی بەوانیشەوە نییە، بەڵام حکومەت لە هەوڵدایە تاوەکو نرخەکەی ئاسایی بێتەوە، ئەو بارودۆخە کاتییە و چارەسەر دەکرێت."
هاوکات هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، "لە سلێمانی گازی ماڵان بە نرخی دیاریکراوی فەرمی دەفرۆشرێت و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەر نەهاتووە."
لەبارەی نرخەکەی، پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، "نرخی فەرمیی هەر بووتڵێک 8 هەزار و 500 دینارە."
نوخشە ناسیح، قایمقامی هەڵەبجەش بە رووداوی گوت، "لای ئێمە هیچ کێشەیەک نییە، نرخی گاز گران نەبووە و وەکو خۆیەتی، بە 8 هەزار و 500 دینارە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ