پەروەردەی کەرکووک: تەنیا ئاڵای عێراق لەسەر قوتابخانەکان هەڵدەکرێت

04-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی کەرکووک، بە پاساوی پاراستنی شکۆی دەوڵەت و دامەزراوە پەروەردەییەکان، جگە لە ئاڵای عێراق هەڵکردنی هەموو ئاڵاکانی دیکەی لەسەر باڵەخانەکانی سەر بەو بەڕێوەبەرایەتییە قەدەخە دەکات.
 
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردیش لە کەرکووک دەڵێت، "لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە ئاڵای کوردستان لەسەر قوتابخانەکانی کەرکووک هەڵناکرێت."
 
بەپێی نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی کەرکووک کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4-1-2024 بە ژمارە 463 ئاڕاستەی سەرجەم بەش و هۆبە و کارگێڕیی قوتابخانەکانی لە پارێزگای کەرکووک کردووە، جگە لە هەڵکردنی ئاڵای عێراق، هەڵکردنی ئاڵای دیکە لەسەر دامەزراوە پەروەردەییەکان قەدەخە دەکات.
 
لە نووسراوەکەدا کە واژۆی مەنسور مزری سەلوومی پێوەیە  هاتووە، "بە پشتبەستن بە یاسای ئاڵای عێراق ژمارە 33ـی ساڵی 1986 و هەموارەکەی ژمارە 6ـی ساڵی 1996، بە یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2008، بە هەموو شێوەیەک هەڵکردنی هەر ئاڵایەکی دیکە جگە لە ئاڵای عێراق لەسەر باڵەخانەی دامەزراوە پەروەردەییەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکانمان قەدەخەیە."

 

 
هەروەها ناوی خوێندن و بەڕێوەبەرایەتییەکانی خوێندنی عەرەبی، کوردی، تورکمانی و سریانی بردووە و دەڵێت، "هیچ یاسایەک نییە رێگە بە هەڵکردنی ئاڵای دیکە جگە لە ئاڵای عێراق لەسەر دامەزراوەکان لە پارێزگای کەرکووک بدات."
 
بڕیارەکەشی بۆ پارێزگاریکردن لە شکۆی دەوڵەت و پاراستنی پێگەی دامەزراوە پەروەردەییەکان گەڕاندووەتەوە و ئەوەشی سەرپێچیی ئەو بڕیارە بکات بەپێی نووسراوەکە رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 4-1-2023، کامەران عەلی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک، لەبارەی بڕیارەکەوە گوتی، "بڕیارەکە تەنیا بۆ هەڵکردنی ئاڵای دیکەیە جگە لە ئاڵای عێراق لەسەر باڵەخانەکان، واتە نابێت لەسەر باڵەخانەکان هەبن، جگە لەوە لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە ئاڵای کوردستان لەسەر قوتابخانەکان هەڵناکرێت."
 
باسی لەوەشکرد، "لەو ماوەیەدا ژمارەیەک لە قوتابخانەکانی خوێندنی تورکمانی لە پاڵ ئاڵای عێراق ئاڵای بەرەی تورکمانییان هەڵکردووە و رەنگە بڕیارەکە زیاتر مەبەستی ئەوان بێت."
 
لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017ەوە، ئاڵای کوردستان و زمانی کوردی چەندین جار رووبەڕووی قەدەخەکردن کراوەتەوە، چەند جارێکیش زمانی کوردی لەسەر نووسراوەکان لابراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە