رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پاریس رایگەیاند، "کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن هەبوو." گوتیشی، سەرۆکی فەرەنسا پابەندە بەوەی سەردانی عێراق بکات و لەو چوارچێوەیەشدا سەردانی هەرێمی کوردستانیش دەکات.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیماونێل ماکرۆن لە کۆشکی ئێلیزێ، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا، لەبارەی کێشەکانی هەولێر و بەغدا، دۆخی ناوچەکە و چەند پرسێکی دیکەیش بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کردووە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، "سەرۆک ماکرۆن پابەندە بەوەی سەردانی عێراق بکات، بانگهێشتم کردووە کە لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات و بە خۆشحاڵییەوە بانگێشتەکەی قبووڵ کرد."
لەبارەی پرسی هەڵبژاردن، نێچیرڤان بارزانی گوتی، "پابەندی ئەنجامدانی هەڵبژاردنین لە کاتی خۆیدا و لەگەڵ یەکێتی هیچ رێککەوتنێک بۆ دواخستنی نەکراوە. دەبێت هەموو لایەنەکان پابەندبن بەوەی لەکاتی خۆیدا هەڵبژاردن بکرێت." گوتیشی، لەم هەفتەیەدا لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبنەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، تورکیا ئامادەیی دەربڕیوە و کێشەکە لای بەغدایە، پێویستی بە هەندێک رێکار هەیە و پێویستە رێککەوتنیان لەسەر بکرێت. دەشڵێت، کێشەکە لای فەرەنسا نییە و سەرۆکی ئەو وڵاتە دەتوانێت هاوکار بێت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت.
لەبارەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە و پێویستە بەغداش مووچە لەکاتی خۆی بنێرێت و هیچ پاساوێک نەماوە بۆ دواخستنی.
دەقی گوتارەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
ئەمڕۆ لەگەڵ جەنابی سەرۆک ماکرۆن کۆبوونەوەیەکی باشمان هەبوو؛ باسمان لە کۆمەڵێک بابەت کرد، لەوانە برەودان بە پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرەنسا. هەروەکو ئاگادارن، فەرەنسا رێککەوتنێکی ستراتیجی لەگەڵ عێراق هەیە. ئێمە لەم کۆبوونەوەیەماندا پێداگریمان لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە بە زووترین کات هەردوولا پابەندبین بەو رێککەوتنە ستراتیجییەوە.
هەروەکو دەزانن فەرەنسا دەورێکی گرنگی هەبووە؛ فەرەنسا یارمەتیدەرێکی سەرەکیی عێراق بووە لە بواری سیاسی و سەربازییەوە؛ لە شەڕی داعش و لە هەموو ئەو وێستگانەی لە رووی سیاسییەوە پێویست بووە، پاڵپشتی و پشتگیرییەکی تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستانی کردووە. ئێمە لەم کۆبوونەوەیەدا سوپاسی سەرۆک ماکرۆنمان کرد؛ هەروەها باسمان لە پەیوەندیی هەولێر و بەغدا کرد و دووپاتمان لەوە کردەوە کە پێویستە ئەو کێشانەی لە نێوان هەولێر و بەغدا هەن بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن چارەسەر بکرێن. سەرۆک ماکرۆن دووپاتی پابەندیی فەرەنسای کردەوە بۆ پشتگیری و پاڵپشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان.
پرسیارەکان لە نێچیرڤان بارزانی و وەڵامەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
پرسیار: لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆتان کرد. لەوبارەیەوە چیتان گوت و لەسەر چی رێککەوتن؟ پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دیارترین کێشەیە. لەسەر ئەو بابەتە هیچ گفتوگۆیەکتان کرد؟
نێچیرڤان بارزانی: ئەو بابەتە بەر لەوەی کێشەی نێوان فەرەنسا و عێراق بێت، کێشەیەکە لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، بەڵام ئەوەی لە سەرۆک ماکرۆنم بیست ئەوە بوو کە ئەمڕۆ زیاتر پێداگری لەوە کردەوە کە ئەو دەتوانێت چۆن یارمەتیدەر بێت بۆ هەردوولا کە بتوانن کێشەکانیان چارەسەر بکەن. لەم کۆبوونەوەیەدا پرسی نەوت باسکرا. خۆشتان دەزانن ئێستا تورکیا ئامادەیی خۆی پیشانداوە بۆ ئەوەی رێگە بدات نەوتەکە هەناردە بکرێتەوە. ئێستا پرسەکە لەسەر بەغدا ماوەتەوە؛ وەفدی هەرێمی کوردستانیش لە گفتوگۆیەکی چڕدایە لەگەڵ بەغدا بۆ ئەوەی ئەو کێشانە چارەسەر بن. بە هیوای ئەوەی بە زووترین کات دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکرێتەوە.
پرسیار: ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن باسی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانتان کرد؟ دەنگۆیەک هەیە کە گوایە یەکێتی و پارتی رێککەوتوون لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن. ئایا رێککەوتنێکی لەم شێوەیە کراوە؟
نێچیرڤان بارزانی: لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆماندا باسی ئەو بابەتەمان نەکرد، بەڵام ئەوەی کە جەنابت باسی دەکەیت کە ئێمە و یەکێتی رێککەوتبین لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن دوابخرێت، شتی وا نییە. ئێمە ئەو ئەرکەی لەسەر شانمان بووە وەکو سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رۆژی هەڵبژاردنمان دەستنیشان کردووە و خۆمان پابەندی ئەو رۆژەین و هەموو لایەکیش دەبێ پابەندبێت بەوەی کە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت. هەڵبژاردن بابەتێکی گرنگە و پەیوەندی بە رەوایەتیی هەرێمی کوردستانەوە هەیە. لەگەڵ هیچ لایەکیش رێکنەکەوتووین و باسیشمان لەوە نەکردووە کە هەڵبژاردنەکە دوابخرێت. هەر لەو چوارچێوەیەشدا رەنگە ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەیەکمان هەبێت لەگەڵ برایانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەم بابەتە و بابەتەکانی دیکەی پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، لەم هەفتەیەدا پشت بە خودا لەگەڵ برایانی یەکێتی باس دەکەین و بەهیوای ئەوەی بگەینە چارەسەرێکی گونجاو بۆ هەموو ئەو کێشانەی هەن.
پرسیار: بۆچی لەنێو هەموو وەزارەتەکانی فەرەنسادا لە پاریس سەردانی وەزارەتی بەرگریتان کرد؟ ئایا ماکرۆنتان بانگهێشت کرد بۆ هەرێمی کوردستان و ئەگەر ئەوەتان کردووە کەی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات؟
نێچیرڤان بارزانی: لەڕاستیدا لە بەرنامەماندابوو وەزیری دەرەوەش ببینین، بەڵام هەروەکو ئاگادارن، وەزیری دەرەوە لە پاریس نییە. وەزیری بەرگری پێشتر سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە. ئێمەش هەر لەو چوارچێوەیەدا و بۆ ئەوەی زیاتر باسی بابەتی ئەمنی عێراق و هەرێمی کوردستان بکەین، سەرۆک ماکرۆن خۆشی پێشنیازی ئەوەی کرد کە ئێمە لەگەڵ وەزیری بەرگری قسە بکەین لەسەر ئەو بابەتانە.
بڕیار وابوو کۆنفرانسی بەغدا 3 بکرێت و ئێستا دواخراوە. ئەوەی من ئەمڕۆ لە جەنابی سەرۆک ماکرۆن تێگەیشتم، ئەو پابەندە بەوەی کە سەردانی عێراق بکات و لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ عێراق، بانگهێشتم کرد و داوام لێکرد سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات و بە خۆشحاڵییەوە جەنابیان قبووڵی کرد. بۆیە لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ عێراق، سەردانی هەرێمی کوردستانیش دەکات.
پرسیار: لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن تەنیا باسی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداتان کرد یان باسی کێشەکانی ناوچەکەتان کرد؟ پرسیاری دووەمیشم ئەوەیە کە لە فەرەنساوە باسی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان بکەن و کەی ئەو کێشەیە چارەسەر دەبێت؟
نێچیرڤان بارزانی: نەخێر، ئێمە بەتەنیا باسی پرسی عێراقمان نەکرد. بە دڵنیاییەوە ئەوەی ئێستا لە ناوچەکە دەگوزەرێت، بە جۆرێک لە جۆرەکان کاریگەری لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستانیش هەیە. ئەمە تەوەرێکی سەرەکی بوو لە گفتوگۆی نێوان بەندە و جەنابی سەرۆک ماکرۆن، هەروەکو خۆشی پێش کۆبوونەوەکە ئاماژەی پێدا. ئێمە زۆر بە وردی لەسەر ئەم بابەتە قسەمان کرد.
لەسەر بابەتی مووچە، هەروەکو پێشتریش گوتوومە، دەمەوێ دووپاتی بکەمەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک چووەتە پێش، بە شەفافیەتیش لەسەر ئەم بابەتە هەڵسوکەوتی کردووە. هەموو داتاکان زۆر بە رێکوپێکی لەگەڵ بەغدا باسکراون. ئەوەی ئێستا من دەمەوێ بیڵێم ئەوەیە کە بەڕاستی هیچ بیانوویەک نییە بۆ ئەوەی بەغدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەکو بەشێک لە عێراق نەنێرێت. ئێمە پابەندبووین بە هەموو رێککەوتنەکان و چاوەڕوانی هەرێمی کوردستانیش لە بەغدا ئەوەیە کە ئەم بابەتە دەبێت بە زووترین کات چارەسەر بکرێت و بە هیچ شێوەیەک ناکرێ بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ پرسی مووچەی خەڵک ببێتە هەواڵی میدیاکان، چ لە عێراق و چ لە هەرێمی کوردستان. چاوەڕوانی ئێمە لە بەغدا ئەوەیە و هیوادارین ئەم کێشەیە بە زووترین کات چارەسەر بکرێت.
پرسیار: جەنابی سەرۆک، دەتوانین بڵێین هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان نزیکبووەتەوە یان بەغدا رێگە نادات؟
نێچیرڤان بارزانی: ئەوەی ئێستا هەیە، کێشەکە بەغدایە، چونکە تورکیا رایگەیاندووە کە ئەوان ئامادەن و قبووڵیشی دەکەن. ئێستا لەسەر ئەوە ماوەتەوە، هەندێک رێکار هەیە کە دەبێت لەگەڵ بەغدا رێککەوتنیان لەسەر بکرێت.
پرسیار: رێکاری وەکو چی؟
نێچیرڤان بارزانی: وەکو ئەو کۆمپانیایانەی لە هەرێمی کوردستان نەوت دەردەهێنن؛ گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان جیاوازن لەوانەی لە عێراق هەن؛ ئەوەی عێراق جۆرێکە و هی ئێمە هەموویان هاوبەشن. ئێمە بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیاکان کردوومانە. وەکو نموونە، ئەوان لە یاسای بودجەدا بۆ هەر بەرمیلێک نەوتی کوردستان شەش دۆلاریان داناوە کە زۆر زۆر کەمە. ئەمە پێویستە زیاد بکرێت. ئەوە یەکێک لە کێشەکانە کە دەبێت ئەم کێشە تەکنیکییە لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکرێت. من هەتا ئەم کاتەش ناتوانم بڵێم کێشەکە سیاسییە و بەغدا ناهێڵێت ئەو نەوتە بڕوات. بە بۆچوونی من، کێشەکە تەکنیکییە کە دەبێت چارەسەریی گونجاوی بۆ بدۆزینەوە لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا. بۆ نموونە، بە هەناردەنەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی نزیک بە پێنج ملیار دۆلار زەرەر بەر عێراق کەوتووە. دەکرا هەرێمی کوردستان لەم پرسەدا یارمەتیدەربێت، واتە هەناردەنەکردنەوەی نەوت تەنیا زیانی بۆ هەرێمی کوردستان نەبووە، ئەم زیانە بۆ هەموو عێراقە. هیوادارین بەغداش هەر بەو شێوەیە بیبینێت و چارەسەری گونجاو بدۆزێتەوە. ئەو بابەتە دەبێت بە زووترین کات چارەسەر بکرێت.
پرسیار: پێش کەمێک باسی ئەوەت کرد ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، ئەم پەیوەندییە بەهێزەی لەنێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان هەیە بەچی شێوەیەک دەتوانێت هەرێمی کوردستان بپارێزێت؟ دەتوانن چی بکەن بۆ ئەوەی سەقامگیری لەناوچەکەيش بپارێزرێت؟ ئایا هیچ ترسێک لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان هەیە؟
نێچیرڤان بارزانی: ئەم کێشەیەی ئێستا لە ناوچەکەدا هەیە بەدڵنیاییەوە هەر ئەوەندە نییە تەنیا پەیوەندی بەو شوێنەوە بێت کە کێشەی تێدایە، بەدڵنیاییەوە کاریگەری لەسەر هەموو ناوچەکە هەیە. هەڵوێستی ئێمە کە لەگەڵ جەنابی سەرۆک ماکرۆنیش باسمان کرد ئەوەیە، دەبێت بە زووترین کات هاوکاریی مرۆیی بگاتە خەڵک لە غەززە، ئەمە وەکو هەنگاوی یەکەم. پێم وایە پێویستە ئەوانەی کە لەدەست حەماسیشن ئازاد بکرێن؛ دەبێت رێگە خۆشبکرێت بۆ ئەوەی لە درێژخایەندا چارەسەرێکی ستراتیژی بۆ ئەم پرسە بدۆزرێتەوە. بە بۆچوونی ئێمە، چارەسەری دروست دوو دەوڵەتە و ئەوە چارەسەرێکی ستراتیژییە و پێم وایە تەنیا چارەسەرە. بۆ هەموو لایەک روون بوویەوە کە شەڕ کێشەکە چارەسەر ناکات. ئەم کێشەیە بە ساڵ و زەمان لەو ناوچەیەدا هەیە، بەڵام روون بووەوە شێوەی کێشەکە ئەوە نییە بە سەربازی چارەسەر بێت و دەبێت بەشێوەیەکی سیاسی چارەسەر بکرێت.
هیچ مەترسییەک لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵام ئەمەی ئێستا لە عێراق دەکرێت؛ ئەم هێزە چەکدارانە کە ناوبەناو درۆن دەنێرن بۆ هەولێر و عەین ئەسەد، بە بڕوای ئێمە، ئەوە بەهیچ شێوەیەک خزمەت بە عێراق ناکات. هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە دەبێت هەموو شتێک بکرێت کە عێراق نەکەوێتە نێو ئەم کێشانەی کە هەیە. دۆخی عێراق زۆر زۆر تایبەتە؛ پێویستە عێراق دوورەپەرێز بێت و هەوڵی جیدی بدات ئەم کێشەیە بەشێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێت.
پرسیار: بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ دوایین زانیارییەکان ئەوەیە کە هێزی نوجەبا لە هێزی حەشدی شەعبی شەڕی راگەیاندووە. ئەگەر شەڕی ئیسرائیل و فەلەستین درێژە بکێشێت و فراوان بێت و لە عێراقیش هێزەکانی حەشدی شەعبی شەڕ رابگەیێنن، ئێوە وەکو هێزە کوردستانییەکان دەتوانن چی بکەن و چیتان کردووە قەوارەی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت؟ هەرێمی کوردستان رۆڵی چی دەبێت لە رێککەوتنی تاران و هەولێر لەبارەی هێزە ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە هەرێمی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی: هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە، حەزناکەین عێراق بەهیچ شێوەیەک ببێتە بەشێک لەم کێشانە. هیوادارین سەرۆکوەزیران [ـی عێراق] وەکو فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان رۆڵی خۆی بگێڕێت و هەموو لایەکیشمان هاوکاریی سەرۆکوەزیرانی عێراق بین کە بەهیچ شێوەیەک ئەم بابەتە نەبێتە کێشە بۆ عێراق. وەکو پێشتر گوتم، دەبێت چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەم دۆخە بدۆزرێتەوە لە دوورمەودادا؛ لە نزیک مەوداشدا دەبێت ئاگربەست رابگەیێندرێت و هاوکاریی مرۆیی بگاتە غەززە؛ ئەوەی ئەمڕۆ لە غەززە دەکرێت شتێکی دروست نییە.
ئەو بابەتەی کە پەیوەندی بە ئێرانەوە هەیە، من لەوەوە دەستپێدەکەم، ئێمە رێککەوتنێکی ئەمنیمان لەنێوان عێراق و ئێراندا هەیە کە هەرێمی کوردستانیش بەشێک بووە تێیدا و واژۆ کراوە. ئێمە لە هەرێمی کوردستان پابەندی ئەو رێککەوتنەین. ئێمە پرەنسیپێکمان هەیە و پابەندین بەوەی کە ناکرێت هەرێمی کوردستان بکرێتە سەرچاوەی ئاژاوە و کێشە دروستکردن بۆ دراوسێکانمان؛ لەگەڵ ئەوەشدا نابێت هەرێمی کوردستان ببێتە پەناگەیەک بۆ هەر گرووپێکی چەکدار کە دەیانەوێت کێشە لە وڵاتانی دراوسێ دروستبکەن و بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان. هێزە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکانی ئێرانی خۆشبەختانە تێگەیشتنێکی تەواویان لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان هەیە و لەو بابەتەدا تاڕادەیەکی زۆریش یارمەتیدەرن. ئێمە پابەندی ئەو رێککەوتنەین و دەبێت وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت.
پرسیار: چی گەرەنتییەک هەیە بۆ پاراستنی هاووڵاتییە سڤیلەکانی کەمپەکان؟
نێچیرڤان بارزانی: ئەوەی ئێستا وەکو نەخشەڕێگەی چارەسەری ئەم بابەتەیە ئەوەیە، دوای ئەوەی ئەم هێزانە کە وەکو گوتم یارمەتیدەر بوون و تێگەیشتنی باشیان بۆ دۆخەکە هەبوو، هاتنە نێو کەمپەکان. ئێمە ئێستا بەردەوام لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر هێڵین و قسەیان لەگەڵ دەکەین کە دەبێت ئەوان پارێزەری ئەو کەمپانە بن. بەدڵنیاییەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان هاتنە نێو بابەتەکەوە ئەم کەمپانە دەبێت کامپی سڤیل بن؛ نابێت چەکداریان تێدابێت وەکو پرەنسیپی هەموو کامپێک لە جیهان. نەخشەڕێگەمان بۆ چارەسەری ئەو کێشەیەی ئێستا ئەوەیە، هێزی چەکدار نابێت لەو شوێنانە هەبن؛ ئەوانی دیکە وەکو سڤیل لەو کەمپانە دەمێننەوە، دواتر بڕیار دەدەن لە کوردستان بمێننەوە بەخێر و سەلامەت یان دەیانەوێت بۆ شوێنێکی دیکە بچن ئەوە زیاتر پەیوەندی بە خۆیانەوە دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ