رووداو دیجیتاڵ
لیژنەیەکی کشتوکالی، عەرەبی هاوردە، سوپا و پۆلیسی کەرکوک هەموو بە یەکەوە دایان بە سەر گووندی گابەرەکەی سەرگەڕاندا بۆ ئەوەی زەوی کورد داگیربکەن، بەڵام خەڵکی گووندەکە چوونە سەر ڕێیان و نەیانهێشتووە لە ئۆتۆمبێل دابەزن.
هێزێکی سوپای عێراق و پۆلیس بۆ پشتیوانیی لیژنەیەکی کشتوکاڵی و عەرەبە هاوردەکان چوونە سنووری سەرگەڕان بۆ روپێوی و دواتر دەستبەسەرداگرتنی پێنج پارچە زەویی جووتیارانی کورد لەگوندی گابەرەکە، بەڵام ژن و پیاوی کورد لە سەر رێی ئۆتۆمبێلەکان دانیشتن و گوتیان بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەین "پێتان بخەنە سەر ئەم زەوییانە".
ئەوان لەسەر رێگای هێزەکە بوونە قەڵغان و رێگەیان نەدا لیژنە کشتوکاڵییەکە بگەنە سەر زەوییەکانیان. ئیحسان عەبدولقادر، جووتیاری گوندی گابەرەکە بە رووداوی گوت "سوپای عێراقیان هێناوەتە سەرمان، مەگەر بەسەر جەستەی ئێمەدا بڕۆن".
هاونیشتمانییەکی دیکە بەناوی ئەحمەد پەلکانە، کە جووتیارە لە گوندی پەلکانە دەڵێت: ""هاتووە دەڵێ بڕیاری یاسایە، گەر بڕیاری یاسایە بۆ دەکشێیتەوە".
بەدرەدین شەمسەدین، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی سەرگەڕان بە روودوی گوت: "ئەوە ئیشی پۆلیسە نەک سوپا، چۆن دەبێ سوپا دەستوەردان بکات؟".
ئەو زەوییانەی هاوردەکان لە گوندی گابەرەکە چاویان لەسەریەتی بەپاڵپشتیی پارێزگاری بەوەکالەت گوشاریان لەفەرمانگەی کشتوکاڵ کردووە رووپێوی بکەن تاوەکو دواتر لەکوردی وەربگرنەوە و بەگرێبەست بدرێتە هاوردەکان.
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان دەڵێت: "نووسراوێکی کشتوکاڵییان پێیە بۆ زەوییەکی گابەرەکە کە 100دۆنم زیاترە، ئێمەش وەک خەڵکەکە کۆبووینەتەوە بۆ رێگریی و ناهێڵین بەهیچ جۆرێک بێنە سەر زەوی و زارمان، بەناڕەزایی مەدەنی".
لەدوای هەڵوەشاندنەوەی خولی پێشووی پەرلەمان ئەمە یەکەم هەوڵی تەعریبە، کاتێک هاوردەکان ئەو ماوەیەیان قۆستووەتەوە لەنەبوونی لیژنە پەرلەمانییەکەی پێشوو کە بڕیاری ئەوان هەموو رێکارێکی ئیداری و ئەمنی لەسەر زەویوزاری کێشە لەسەر رادەگیرێ لەناوچە دابڕاوەکان.
دەستوەردانی هێزەکەی سوپای عێراق کە سەر بە فەوجی4ی لیوای31ی فیرقەی 8ن، بەبێ ئاگاداریی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان بووە. کورد بۆچارەسەری بنەڕەتیی ئەم کێشانە لە چاوەڕوانیی دەستبەکاربوونی خولی نوێی پەرلەمانی عێراقن.
شاخەوان عەبدوڵڵا بەربژێری سەرکەوتوو بۆ پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "ئەوەی روویداوە، مامەڵەیەکی کەسی ئەو ئەفسەرەبووە، بەبێ ئاگاداری سەرووی، بەپەیوەندیی تایبەتی لەگەڵ عەرەبەکان هاتووە، دەبێ لێپێچینەوەی لێبکرێ، هەروەها سەبارەت بە بەڕێوەبەری کشتوکاڵیش سەرپێچیی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی کشتوکاڵی کردووە، کە نابێ ئەو نووسراوانە بکات".
بۆرێگری لەتەعریبی ناوچەکانیان، خەڵکی 42 گوندی ناوچەی سەرگەڕان تاوەکو ئێستا دەیانجار گردبوونەوەیان ئەنجامداوە و بەگژ هێزەکانیشدا چوونە، هەر ئەوەش وایکردووە تا ئەم کاتە هیچ هەوڵێکی تەعریب لەو ناوچەیە سەر نەگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ