رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی هێڤی لەبارەی نەخۆشخانەی سانتی لایڤ روونکردنەوەیەکی بۆ رای گشتیی بڵاوکردووەتەوە، بەو پێیەی یەکێکە لە پرۆژە وەبەرهێنانەکانی رێکخراوەکە. لەو روونکردنەوەیەدا رێکخراوەکە جەختدەکاتەوە "نەخۆشخانەکە هیچ پەیوەندییەکی بە کەرتی گشتییەوە نییە و لە سەرەتاوە مۆڵەتی وەک کەرتی تایبەت وەرگرتووە".
دکتۆر بێوار معین ناڤداری، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوەکە لەو روونکردنەوەیەدا، کە کۆپییەکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە وردەکاریی پرۆژەکەی خستووەتەڕوو و نووسویەتی "چەند رۆژێکە لەلایەن چەند کەس و لایەنێکەوە بەمەبەست و پلانێکی داڕێژراو قسە لەسەر نەخۆشخانەی سانتی لایڤ دەکرێت"، بۆیە ئەو روونکردنەوەیان بڵاوکردووەتەوە.
سەبارەت بە نەخۆشخانەکە و مۆڵەتەکەی وەک پرۆژەیەکی وەبەرهێنان، روونکراوەتەوە کە ئەو نەخۆشخانەیە پرۆژەیەکی وەبەرهێنانە و لە دەستەی وەبەرهێنان بە نووسراوی ژمارە 3470 لە رێکەوتی 8-12-2013 مۆڵەتی پێدراوە بە ژمارەی مۆڵەتی 103 بەپێی بڕگەی شەشەم لە ماددەی 7ی یاسای وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان. بەپێی راگەیێندراوەکە "ئەو پرۆژانەی بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە تۆمارکراون بە پرۆژەی کەرتی تایبەت دادەنرێن". بۆیە رێکخراوەکە رەتیدەکاتەوە ئەو نەخۆشخانەیە سەرەتا سەر بە کەرتی گشتیی بووبێ و دواتر خرابێتە سەر کەرتی تایبەت.
سەبارەت بە زەوی نەخۆشخانەکە و چۆنێتی تەملیککردنی، لە روونکردنەوەکەدا باسکراوە، کە بە نووسراوی ژمارە 502 ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان لە رێکەوتی 5-5-2019 بڕیاری تەملیککردنی تەنیا ئەو زەوییەی بینا و پێکهاتەی نەخۆشخانەکەی لەسەر دروستدەکرێت داوە، "ئەمەش تەواو کۆکە لەگەڵ یاسای وەبەرهێنان، چونکە بەپێی بڕگەی سێیەمی ماددەی 4ی یاساکە، ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان دەتوانێت زەوی تەرخانکراو بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنان بەناو بکات". بۆیە بۆ رێکاری جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە دەستەی وەبەرهێنان بە نووسراوی ژمارە 5990 لە رێکەوتی 3-12-2019 داوای لە شارەوانی هەولێر کردووە، کە چەسپاندنی سنوور بۆ زەوی پرۆژەکە بکات و دواتر بەپێی نووسراوی شارەوانیی هەولێر لە 22-12-2019 چەسپاندنی سنوور بۆ زەوی پرۆژەکە کراوە.
بەڕێوەبەری رێکخراوەکە کارکردنی سەرەتای نەخۆشخانەکە و دواتر راگرتنی کارەکانیشی لە راگەیێندراوەکەدا روونکردووەتەوە و دەڵێت، کە نەخۆشخانەکە لە ساڵی 2015 بۆ ماوەی 8 مانگ کاری کردووە، "بەڵام لەبەر نەبوونی بودجەی پێویست لە کارکردن وەستاوە و دواتر دراوەتە زانکۆی کوردستان بۆئەوەی ئەرکی بەڕێوەبردنی بگرێتە ئەستۆ و لە بەشی پزیشکیش سوودی لێ وەربگرێت، بەڵام زانکۆکەش نەیتوانیوە بەڕێوەی ببات". رێکخراوەکە رایگەیاندووە دواتر پەیوەندییان بە چەندین وەبەرهێنەری ناوخۆیی کردووە بۆئەوەی نەخۆشخانەکە بەڕێوەببەن "بەڵام کەس ئامادە نەبووە بیکات"، بۆیە ناچار بوون پەیوەندیی بە کۆمپانیا و وەبەرهێنەری بیانییەوە بکەن و دواجار گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای سانتاکیر کراوە.
لەماوەی رابردوودا جگە لە قسەکردن لەسەر ئەوەی پرۆژەی کەرتی گشتی بووە و دراوەتە تایبەت و تەملیککردنی زەوییەکە، قسەش لەسەر ئەوە دەکرا کە لە نەخۆشخانەی منداڵانەوە گۆڕدراوە بۆ نەخۆشخانەی گشتی. رێکخراوەکە لەو بارەیەشەوە روونکردنەوەی داوەو دەڵێت "لەبەرئەوەی سەری نەگرت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و چارەسەری پزیشکی، وامان لا پەسەند بوو کە بیگۆڕین بە نەخۆشخانەیەکی گشتی و بەشی جۆراوجۆر لەخۆبگرێت، بەڵام ئێستاش بەشێکی سەرەکی نەخۆشخانەکەمان تایبەت کردووە بە چارەسەری منداڵان".
رێکخراوی هێڤی، کە رێکخراوێکی خێرخوازیی ناحکومییە و تایبەتمەندە لە بواری تەندروستی، بۆ ئەو نەخۆشخانەیە چەند گرێبەستێکی کردووە. یەکێکیان لەگەڵ کۆمپانیای ئۆرێکس بووە، کە بەپێی روونکردنەوەکە دوای هەشت مانگ شکستیهێناوە و پاشەکەشەی کردووە و دوای کشانەوەشی بە بڕی 7 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار قەرزی بۆ رێکخراوەکە جێهێشتووە، رێکخراوەکە "بە هاوکاریی خێرخوازیی" قەرزەکەی داوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ