کارەبای سلێمانی: لە خراپترین دۆخدا لانیکەم 10 کاژێر کارەبا دەدەینە هاونیشتمانیان

03-07-2024
ئاسۆ سەراوی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای سلێمانی دەڵێت، لەم سەرەتای وەرزی ‏هاوینەدا نزیكەی 12 كاژێر كارەبای نیشتمانی دەدەنە هاوبەشانی كارەبا، ‏پلانیشیان بۆ ئەوە داناوە لە خراپترین دۆخدا پێدانی ‏كارەبا لە 10 كاژێر كەمتر نەبێت.‏
 
ئەنوەر حەمەسەعید، بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای سلێمانی لە ‏‏(پۆدكاستی بە كاتی سلێمانی)ی رادیۆی رووداودا، كە ئاسۆ سەراوی پێشكێشی دەكات، گوتی، 5. 28% كارەبای نیشتمانیی هەرێمی كوردستان دەدرێتە ‏سنووری پارێزگاكانی سلێمانی ‌و هەڵەبجە‌ و ئیدارەی راپەڕین و بەو جۆرەش دەتوانن نزیكەی 12كاژێر كارەبای نیشتمانی بدەنە ‏هاوبەشانی كارەبا‌؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێستا هاوبەشەكانمان كە 532 هەزار ‌و792 ‏هاوبەشن، 24 كاژێر كارەبایان هەیە، بە جۆرێک کە 12كاژێر كارەبای نیشتیمانی ‌و ‏‏12كاژێریش كارەبای مۆلیدەیان هەیە. بەپێی ئەو پلانەی هەمانە، پێدانی كارەبای ‏نیشتیمانی لەم وەرزی هاوینەدا لە 10كاژێر كەمتر نابێت، ئەگەر كێشەی ‏چاوەڕواننەكراو روونەدات."
 
بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای سلێمانی گوتیشی، 565 ملیار دینار قەرزی كارەبایان لای ‏هاوبەشەكانیان هەیە ‌و لەو پارەیە 205 ملیار دیناری لای ماڵانە ‌و ‏ئەوی دیكەش لای دامودەزگە تایبەتی ‌و حكومییەكانە. گوتیشی، "ئەو ‏پارەیە وەربگرینەوە زۆر كێشەی پێ چارەسەر دەكەین، چونكە 8% بۆ خۆمان ‏دەگەڕێتەوە و دەتوانین پڕۆژەی بچووك ‌و زۆر كاری دیكەی پێ بكەین."
 
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی دەڵێت، دیارنەمانی كارەبا لە هەموو شوێنێک بە رێژەی 13% ئاساییە، بەڵام لە سنووری ‏ئەوان دیارنەمانی كارەبا بە رێژەی 25%ە و لەبارەی ‏هۆكارەكەشی گوتی، "تاوەكو 13% ونبوون ئاساییە. ئەو 12% ی دەمێنێتەوە بەشێكی بۆ نەخوێندنەوەی كارەبای ماڵان ‌و هەندێ‌ گرفتی دیكە ‏دەگەڕێتەوە؛ نزیكەی 5%ی بەهۆی سەرپێچی جۆراوجۆرەوەیە. بەدڵنیاییەوە پێش ‏دانانی پێوەری زیرەكی كارەبا، سەرپێچییەكان زۆر زیاتر بوون."
 
ئەو ئەندازیارە ئاماژە بەوە دەکات، هێشتا 30% هاوبەشانی كارەبا لە سەرجەم هەرێمی ‏كوردستان پێوەری زیرەكیان نەبەستووە و دەشڵێت، "لە ‏‏532 هەزار ‌و792 هاوبەشی كارەبای سنووری سلێمانی، 400 هەزار ‌و 583 ‏هاوبەش پێوەری زیرەكیان بۆ بەستراوە. لە سەرەتای دانانی ‏پێوەری زیرەك بڕیاربوو 40 ئەمپێر کارەبا بدرێت، بەڵام بەهۆی خراپی دۆخی ‏كارەباوە ئێستا بۆ 30 ئەمپێر كەمكراوەتەوە."
 
سووتا‌ن و تێكچوونی بگۆڕی كارەبای گەڕەكەكان یەكێكی دیكەیە لە ‏كێشەكانی كارەبای سلێمانی ‌و تەنیا لە ساڵی 2023دا 555 بگۆڕ ‌و لە پێنج ‏مانگی سەرەتای 2024یشدا 371 بگۆڕ سووتاون. ئەنوەر حەمەسەعید گوتیشی: "پێش دانانی پێوەری زیرەكی ‏كارەبا كێشەی بگۆڕمان زیاتر بوو. ئێستا لەگەڵ ئەوەی سەرە بگۆڕی ‏گەڕەكەمانمان نەهێشتووە ‌و هەر شوێنێكیش بگۆڕەکەی بسووتێ،‌ دەتوانین بگۆڕی نوێی بۆ دابنێین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چیای سەفین. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

کەشناسی: باران و بەفر دەبارێت

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمشەو شەپۆلێکی بارانبارین هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. کەشناسێکیش دەڵێت، "لە ناوچە شاخاوییەکاندا ئەگەری بەفربارینیش هەیە."