رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی پیرانی سابیئەی مەندائی لە عێراق دەڵێت، بەهۆی کێشەی تائیفی و چەوساندنەوەوە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، زیاتر لە 4000 خێزانی مەندائی روویان لە هەولێر کردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "لە بەغدا زیاتر لە 10 زێڕنگەرمان کوژراون و تاوەکو ئێستاش ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دیارنین."
غانم هاشم، سەرۆکی ئەنجوومەنی پیرانی سابیئەی مەندائی، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە موشتاق رەمەزان لەگەڵی ئەنجامی داوە، رایگەیاند: "سابیئەی مەندائی لە عێراق رووبەڕووی کێشەی تائیفی و چەوسانەوە بوونەتەوە. لە سەردەمی رژێمی پێشوودا چەوسانەوەکە سیاسی و کۆمەڵایەتیی شاراوە بوو، بەڵام ئەمڕۆ چەوسانەوەکە بە ئاشکرا دیارە."
سەبارەت بە کۆچی هاووڵاتییانی پێکهاتەکە بۆ هەرێمی کوردستان، غانم هاشم گوتی: "تەنیا لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە 4000 خێزانی مەندائی نیشتەجێن کە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە چوون، ئەوەش بەهۆی ئەو ئارامی و تەباییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە."
سەرۆکی ئەنجوومەنی پیرانی سابیئەی مەندائی رەخنەی لە نوێنەرایەتیکردنی سیاسییان گرت و گوتی: "بەگوێرەی سەرژمێری و فۆرمی خۆراک، مافی خۆمانە کورسییەکی پەرلەمانیمان لە بەسرە هەبێت، یەکێک لە میسان و یەکێکی دیکە لە بەغدا، بەڵام تەنیا یەک کورسییان لە بەغدا پێداوین."
غانم هاشم ئاماژەی بەوەش کرد کە هیچ مەندائییەک لە پۆستە باڵاکانی حکومەت نییە؛ نە وەزیر، نە بریکاری وەزیر و نە بەڕێوەبەری گشتی، لە کاتێکدا خەڵکی پێکهاتەکەمان خاوەنی بڕوانامەی باڵان لە بوارەکانی پزیشکی، ئەندازیاری و یاسادا.
غانم هاشم ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی خۆجێیی ئەنبار رەتی دەکاتەوە زەوی بۆ دروستکردنی پەرستگایەک بۆ مەندائییەکان تەرخان بکات، هەروەها لە دیالە و واستیش هەمان کێشەیان هەیە.
سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی پیشەوەرانی مەندائی، غانم هاشم گوتی: "زیاتر لە 10 زێڕەنگەری مەندائی لە بەغدا کوژراون، بەڵام بەهۆی ئەوەی نوێنەرمان لە وەزارەتەکانی ناوخۆ و داد نییە، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بێ ئەنجام ماونەتەوە و بکوژان بە نادیاری ماونەتەوە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، غانم هاشم سوپاسی سەرۆک مەسعود بارزانی و هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی: "لە ساڵی 2006ـەوە دەرگاکان بۆ ئێمە کرانەوە، زەویمان لە عەنکاوە پێدرا و پەرستگامان لێ دروست کرد. لەوێ بە ئازادی کارەکانمان دەکەین، هەست بە برایەتی و پارێزگارییەکی راستەقینە دەکەین."

.jpg&w=3840&q=75)

