رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک رایگەیاند، پارێزگای دهۆک بەهۆی بوونی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە، گرنگییەکی ستراتیژیی گەورەی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە و گوتیشی، "پێویستە لە هەر رێککەوتنێکی بازرگانیدا لەگەڵ تورکیا، بەرژەوەندییەکانی دهۆک و هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگیرێن." ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان بە پارێزگاکەدا تێنەپەڕێت، "کێشە دروست دەبێت و پڕۆژەکە سەرکەوتوو نابێت."
سێشەممە، 28ـی تەمموزی 2026 شوکری جەمیل، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەردانەکەی شاندی عێراق بۆ تورکیا لە رووی بازرگانی، ئابووری و ئەمنییەوە گرنگە و گوتی: "پارێزگای دهۆک بەهۆی بوونی دەروازەی سەرەکیی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و تورکیا کە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلە، خاوەن پێگەیەکی گرنگە."
شوکری جەمیل، ئاماژەی بەوەش کرد، زیاتر 80%ی کاڵا و پێداویستییەکانی بازاڕی دهۆک لە تورکیاوە هاوردە دەکرێن، بۆیە "پێویستە لە هەر دانوستاندنێکدا بەرژەوەندیی پارێزگای دهۆک و هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگیرێت." ئەوەشی خستەڕوو، هیچ بازرگانێکی دهۆک لەنێو شاندەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق نەبووە بۆ تورکیا.
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆی نێوان عێراق و تورکیا، پڕۆژەی ستراتیژیی "رێگەی گەشەپێدان"ـە کە بەندەری فاو لە باشووری عێراق بە تورکیاوە دەبەستێتەوە. سەرۆکی ژووری بازرگانیی دهۆک لەبارەی پڕۆژەکەوە گوتی: "پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان بابەتێکی نێودەوڵەتییە و ئەورووپا بە ئاسیاوە دەبەستێتەوە. تاوەکو ئێستا دیزاینی پڕۆژەکە یەکلایی نەبووەتەوە و دوو نەخشەی بۆ پێشنیاز کراوە."
بە گوتەی شوکری جەمیل، یەکێک لە نەخشەکان بە دووریی نزیکەی 35 کیلۆمەتر بەنێو خاکی دهۆکدا تێدەپەڕێت و "ئەگەر بەپێی ئەو نەخشەیە جێبەجێ بکرێت، سوودێکی ئابووریی زۆر گەورەی بۆ دهۆک دەبێت و دەبێتە ناوەندێکی جیهانیی لۆجستی و بازرگانی." بەڵام لە ئەگەری جێبەجێکردنی نەخشەی دووەم، "ئەگەر رێگەکە بە ئاراستەیەکی دیکەدا ببرێت و بە دهۆکدا تێنەپەڕێت، ئەو کاتە پارێزگاکە هیچ سوودێکی بەرچاوی نابێت."
سەرۆکی ژووری بازرگانیی دهۆک جەختی لەوە کردەوە، پێویستە حکومەتی عێراق هاوسەنگی رابگرێت و رایگەیاند: "هەر رێککەوتنێک بکرێت و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو نەگرێت و خەڵک هەست بکات ستەمی لێکراوە و دادپەروەری نییە، کێشە دروست دەبێت و پڕۆژەکە سەرکەوتوو نابێت."
لەبارەی ئەگەری کردنەوەی دەروازەیەکی سنووریی نوێ لەنێوان عێراق و سووریادا، شوکری جەمیل رایگەیاند: "ئەگەر کردنەوەی هەر دەروازەیەکی نوێ بۆ لاوازکردنی پێگەی ئابووریی هەرێمی کوردستان بێت، ئەوا دەروازەیەکی زیادەیە، چونکە ئێستا دەروازەی ئیبراهیم خەلیل رۆڵێکی گرنگ و ستراتیژی بۆ بازرگانیی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگێڕێت و هیچ کێشەیەکی تێدا نییە."
شوکری جەمیل هیوای خواست، دەروازەی ئیبراهیم خەلیل ببێتە "خاڵی یەکەم و سەرەکیی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان بۆ هەموو عێراق."
.jpg&w=3840&q=75)

