کەسێک لە هەولێر 10 ئۆتۆمبێلی گرانبەها دەبات و هەڵدێت

03-07-2023
عەدنان رەشید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کەسێک لە هەولێر وەک کڕیاری ئۆتۆمبێل خۆی بە بەشێک لە خاوەن پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل دەناسێنێت، هەندێکیان پێشوەختە "چاودێریی خاوەن پێشانگەکانی کردووە" و هەندێکیشیان بە "قسەی نەرم" متمانەی لای خاوەن پێشانگەکان دروستکردووە، بۆ ئەوەی ترایی بە ئۆتۆمبێلەکان بکات، بەر لەوەی پارەکە بدات. ئەو کەسە لەو رێگەیەوە 10 ئۆتۆمبێلی گرانبەهای بردووە و خۆی ون کردووە.
 
رۆژی دووشەممە، 03-07-2023، هەنگاو هاشم، کە خاوەنی یەکێک لە پێشانگەکانی ئۆتۆمبێلە، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "ئۆتۆمبێلەکان لە پەیج نمایش دەکەین، لە رێگەی ژمارەکانی پەیجەوە ئەو کەسە پەیوەندی کرد و داوای ئۆتۆمبێلی کامری کرد، گوتی، سبەی دێم ئۆتۆمبێلەکە دەکڕم. خۆی وەها ناساند کە ئێمە دەناسێت، کە دێت دەڵێت، بەڕێوەبەری فڵان کۆمپانیام و ماڵمان لە گەڕەکی وەزیرانە".
 
(ا.ک) کە ئۆتۆمبێلەکانی بردوون، لە رۆژی 7ـی ئایاری ئەمساڵەوە فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە و تاوەکو ئێستا دەستگیرنەکراوە. سەرجەم ئەو ژمارە تەلەفۆنانەشی کە لای بەشێک لە خاوەن پێشانگەکان جێیهێشتووە، داخراون.
 
 

 

وەک هەنگاو هاشم باسیدەکات، ئەو کەسە لە 01-05-2023 هاتووەتە پێشانگا بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلێک لە جۆری تۆیۆتا کامری بە بەهای 21 هەزار و 800 دۆلار، سەرەتا لەگەڵ سێ کەسی دیکە هاتووەتە پێشانگا و دواتر خاوەنی پێشانگا پێی گوتووە، عەسر وەرە ئۆتۆمبێلەکە ببە. دوای هاتنەوەی بۆ پێشانگە بە خاوەن پێشانگەی گوتووە، دەچم تراییەک دەکەم و دەچمە ماڵەوەش پارەکە دەهێنم لەو کاتەوە ون بووە.
 
لە کۆی 10 ئۆتۆمبێلی گرانبەها کە ئەو کەسە بردوویەتی، تەنیا 2 ئۆتۆمبێل خاوەنەکانیان گەڕاندوویانەتەوە و ئۆتۆمبێلی خۆیان کڕیوەتەوە لە کەسانی دیکە. خاوەن پێشانگایەکی دیکە دەڵێت: "مارسیدیسێکم پێی فرۆشت رێککەوتین بە 30 هەزار و 100 دۆلار و گوتی  تراییەکی پێدەکەم و پارەکەشت بۆ دەهێنم. رۆیشت و ونبوو. دوای ماوەیەک هەواڵم بۆ هات کە ئۆتۆمبێلەکەم بینراوە لە شوێنێک. دواتر دەرکەوت فێڵ لەو کەسەش کراوە کە ئۆتۆمبێلەکەمی پێ فرۆشراوە. ئۆتۆمبێلەکەی بە 20 هەزار و 680 دۆلار فرۆشتبووە ئەو کەسە و پێیگوتبوو کە هەفتەیەکی دیکە بەناوت دەکەم. من مارسیدسەکەم بە 10 هەزار و 500 دۆلار وەرەقە کڕییەوە، زیانەکەمان کردە نیوە".
 
 
تۆمەتبار دوای بردنی چەند ئۆتۆمبێلێک، دوایین ئۆتۆمبێل کە بردوویەتی جێبێکی مۆدێل 2022ـە هەر لەنێو پێشانگەکانی ئۆتۆمبێلە لە هەولێر. نەوزاد لاوە، فرۆشیاری ئۆتۆمبێل، دەڵێت: ئەو کەسە پێشتر زانیاری لەسەر خاوەنی لێکۆڵینەوە لە خاوەن پێشانگەکان کۆدەکاتەوە و چاودێرییان دەکات. بەشێوەیەکی زیرەکانە کارەکەی دەکات. ئەو کارە بە تەنیا ناکرێت و پێدەچێت تۆڕ بن."
 
 
فارس محەممەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی پێشانگە و کۆمپانیاکانی هەولێر، کە هاوکات خاوەن دوو پێشانگەیەی ئۆتۆمبێلە، داوا دەکات هیچ ئۆتۆمبێلێک بێ پارە نەدرێت بە کڕیار، "کەس هەیە کە ئەمڕۆ دەوڵەمەندە و سبەی فەقیرە. ئێستا سەردەمی کۆن نییە ترایی بە ئۆتۆمبێل بکرێت، ترایی نەماوە. ئەو کێشانە زۆرینەیان لەسەر شەقامی 100 مەتری روودەدات، ئەو خەڵکە نەوەستن بۆ ئەو کەسانەی کە دەستیان لێ رادەگرن. ئەو مامەڵەیەش ئێمە ئاگادارنین کە ئۆتۆمبێلیان بەو کەسە داوە، ئێمە دەسەڵاتێکی ئەوتۆمان لەدەست نییە و بە ئێمەیان نەگوتووە ئۆتۆمبێل بەو کەسە دەدەین".
 
بە گوتەی بەشێک لەو خاوەن پێشانگایانەی کە ئۆتۆمبێلەکانیان بردراون، تۆمەتبار خەڵکی شاری هەولێرە. بەپێی ئەو ناسنامەیەی کە لای خاوەنی یەکێک لە پێشانگەکانی جێهێشتووە، لەدایکبووی 1994ـە.فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو کەسە  و یاداشتی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکانیش دەرچووە.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

مەسرور بارزانی لەبارەی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلی بەرپرسێکی پارتی: هەر کەسێک لە پشتیەوە بێت رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەوڵی "تیرۆرکردن"ـی ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکۆنە دەکات و دەڵێت، "پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەکان هەوڵی ئاشکراکردنی ئەنجامدەرانی ئەم کارە تیرۆریستییە بدەن".