رووداو دیجیتاڵ
جەرگەی بازاڕی هەولێر، ئەو شەقامانەی لە پێش جەژنەکانی رابردوو بەهۆی جەنجاڵییەوە دادەخران، ئێستا گەرموگوڕی پێشوویان تێدا نییە و بگرە نیمچە چۆڵن.
پێچەوانەی گەرمی وەرزەکە، نەناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، بازاڕی سارد و سووڕ کردووە.
حاجی شکور لەگەڵ تەمەنی هەرێمی کوردستان، لە بازاڕی کۆفرۆشی خۆراکی وشکەی شێخەڵڵا کاردەکات، ئەو دەڵێت، قەت هێندەی ئەو پێش جەژنە، سستی کڕین و فرۆشتنی نەبینیوە.
شکور عەلی، بازرگانە و لەبارەی چۆڵی بازاڕەکە باس لەوە دەکات، "قەت ئاوا نەبووە، فرۆشتن 50٪ کەمی کردووە. ئەوەی پارەکەیشی هەیە دەستی پێوە گرتووە و ناتوانێت خەرجی بکات."
یەکێک لە خواردنە سەرەکییەکانی خوانی جەژن گۆشتی سوورە، لەم رۆژانەدا بێبازاڕی ئەو خواردنەش گەیشتووەتە هێڵی سوور.
ئیبراهیم و باوکی سەرقاڵی ژماردنی فرۆشی رۆژەکەیانبوون، لە کۆتایی گەیشتنە ئەو ئەنجامەی بەراورد بە جەژنەکانی رابردوو فرۆشیان ٪75 کەمی کردووە.
ئیبراهیم بۆتان، گۆشتفرۆشە و دەڵێت، "بەخوای لە 75 بۆ 80٪ فرۆشتن کەمی کردووە. بەم جەژنە، یەک جوانەگام کوشتووەتەوە و هێشتا تەواو نەبووە، ساڵەکانی پێشوو سێ بۆ چوار جوانەگام دەکوشتەوە و هەمووی تەواو دەبوو."
ئێستا پارە بە زەحمەت و ترسەوە لە باخەڵی مووچەخۆران دێتە دەرەوە.
یاسین ئیبراهیم، خانەنشینە و هاتووە بازاڕی بکا و دەڵێت، "ئەوە چ پەیوەندیی بە سیاسەتەوە هەیە، ئەو پارە تەنیا هی عارەب نییە، هی هەموو خەڵکی عێراقە بۆ ناینێرێت؟"
ئەو هاونیشتمانییە خەریکی گۆشت کڕینە و دەڵێت، "ئەگەر کیلۆیەکم پێ بکڕێت باشە."
بازاڕی قەیسەری هەولێر، دەیان ساڵە پێش هەر جەژنێک لە ئێواران و شەواندا جمەی هاتووە، بەڵام پێش ئەم جەژنی قوربانە بەهۆی نەهاتنی مووچەوە، لە شەواندا دەرگا و دەڕابی دووکانەکانی داخراون، ئەو دووکانانەیشی کراونەتەوە لە پەنجەکانی دەست تێناپەڕن.
لە تاریکی بازاڕەکە دووکاندارێک باسی کاریگەرییەکانی نەهاتنی مووچە و جیاوازییەکانی لەگەڵ رابردوو دەکات.
ئەحمەد عیماد، دووکاندارە و باس لەوە دەکات، "ساڵانی رابردوو تاوەکو 10:30 شەو دەماینەوە، ئێستا کاژێر هەشت نەبووە هەموو دووکانەکان داخراون."
بووژانەوەی بازاڕی هەرێمی کوردستان، پێویستی بە مووچەیە، پشکی مووچەی هەرێمی کوردستانیش، مانگانە نزیکەی یەک تریلیۆن دینارە.


