مەسرور بارزانی: جێگەی نیگەرانییە تائێستا دانوستاندن لەسەر بابەتی مووچە دەکەین

03-06-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی دوو پارکی لە دهۆک دانا و لە گوتارێکدا رایگەیاند: "پێویستە بایەخێکی زیاتر بە زیاترکردنی رووبەری سەوزایی بدەین." هەروەها دەڵێت، جێگەی دڵتەنگییە دانوستاندن لەسەر بابەتی مووچە دەکەن.
 
رۆژی دووشەممە (03-06-2024) لە دهۆک، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی دوو "پارکی گرنگ" بەناوەکانی "ئالۆکا و بەڕۆشکێ"ـی دانا و گوتی، ئەوە ئاماژەیە بۆ پابەندبوونیان بۆ جوانترکردنی شارەکان.
 
لە بەشێکی گوتارەکەیدا مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد: "لە بەغدا بە زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان و بەرپرسانی حکومەتی عێراقم گوت، جێگەی داخ و دڵتەنگییە کە تاوەکو ئێستا دانوستاندن لەسەر بابەتی مووچە قەیرانە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵیدا دەکەین."
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە درێژەی گوتارەکەیدا دەڵێت: "پێویستە ئەم مافانە، سرووشتی بن و نەبنە هەواڵەکانی راگەیاندن؛ بەڵکو لە جیاتی ئەمە بە یەکەوە بەرنامە بۆ پێشخستنی عێراق و هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی باشتر دابنێین تاوەکو رکابەری لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و وڵاتانی دیکەی جیهان بکەین. هەروەها چۆن بتوانین لە هەموو روویەکەوە وڵاتەکەمان بەرەوپێش ببەین."
 
لەبارەی ژینگەی هەرێمی کوردستانەوە مەسرور بارزانی جەختیکردەوە کە تاوەکو ئێستا لە رووی سەوزاییەوە، هەرێمی کوردستان هێشتا لە ئاستی پێویست و ستانداردە نێودەوڵەتییەکاندا نییە و گوتی: "هەر چەندە پارێزگای دهۆک لەم ڕووەوە لە ناوچەکانی دیکە باشترە؛ بەڵام پێویستە بایەخێکی زیاتر بە زیاترکردنی ڕووبەری سەوزایی لە هەرێمی کوردستان بدەین."
 
"خوای گەورە سرووشت و ژینگەیەکی جوانی پێداوین، پێویستە بیپارێزین و بە پاکی بهڵێینەوە بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتووش سوودی لێ ببینن." ئەمە بەپێی گوتەی سەرۆکی حکومەت و هەروەها گوتیشی: "ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە پێی تواناکان، چەند هەنگاوێکمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوا ناوە."
 
مەسرور بارزانی لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر ژینگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "بە گوێرەی شرۆڤە و لێکدانەوەکانی زانایانی ئەم بوارە، ناوچەکەمان یەکێک دەبێت لەو ناوچانەی بە سەختی دەکەوێتە ژێر کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا، بۆیە هەستاوین بە جێبەجێکردنی ژمارەیەک هەنگاو و رێکاری پێویست بۆ ئەوەی رووبەرووی دیاردەی گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوا ببینەوە. بۆ نموونە، هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردن و بەکارهێنانی ئەو گازانەی لە کێڵگە نەوتییەکانی دەردەچن، دروستکردنی چەندین پۆند و بەنداو و کارکردن بۆ بووژاندنەوەی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام پێویستە هەنگاوی زیاتر بنێین و لە هەمووان گرنگتر، بەهێزکردنی فەرهەنگی ژینگەپارێزییە لەنێو گەلی خۆماندا." 
 
دەقی گوتارەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 
 
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
 
ئامادەبووانی بەڕێز، زۆر خۆشحاڵم جارێکی دیکە لە دهۆکین بۆ دانانی بەردی بناغەی چەند پرۆژەیەک لەنێویشیاندا هەردوو پارکی "ئالۆکا و بەڕۆشکێ". پێش چەند ڕۆژێکیش لە دەڤەری سۆران بووین بۆ دانانی بەردی بناغەی دوو پارکی گرنگ. ئەمەش ئاماژەیە بۆ پابەندبوونمان بۆ جوانترکردن و تەندروستترکردنی شارەکانمان.
 
ئەم دوو پارکەی ناو شاری دهۆک، چەندان خزمەتگوزاریی گرنگ لەخۆیان دەگرن و خزمەتێکی باش دەگەیەننە دانیشتووانانی شارەکە، چونکە رووبەری هەردوو پارکەکە زۆر فراوانە و هیوادارم ئەم پارکانە ببنە شوێنێکی باش بۆ کات بەسەربردنێکی خۆش. هەروەها تەواوبوونی ئەم دوو پارکە دیمەنێکی دڵڕفێن دەداتە دهۆکی رەنگین و کاریگەریی لەسەر کەشوهەوای ناو شاری دهۆک دەبێت.
 
بەداخەوە لە ڕووی سەوزاییەوە، هەرێمی کوردستان هێشتا لە ئاستی پێویست و ستانداردە نێودەوڵەتییەکاندا نییە. هەر چەندە پارێزگای دهۆک لەم ڕووەوە لە ناوچەکانی دیکە باشترە؛ بەڵام پێویستە بایەخێکی زیاتر بە زیاترکردنی رووبەری سەوزایی لە هەرێمی کوردستان بدەین.
 
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێنمایی پێویستی دەرکردووە بۆ زیاترکردنی رووبەری سەوزایی و چاندنی داروبار لە کاتی جێبەجێکردنی پرۆژەکان بە تایبەت لە شوێنەکانی نیشتەجێبوون. دوو ڕۆژی دیکە رۆژی جیهانیی ژینگەیە، ئەم بۆنەیە بە دەرفەت دەزانم بۆ ئەوەی داکۆکی لە پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەم لە بواری پاراستنی ژینگەدا کە نابێت تەنها ئەرکی حکومەت بێت، بەڵکو ئەرکی هەموومان و هاووڵاتییان بێت.
 
خوای گەورە سروشت و ژینگەیەکی جوانی پێداوین، پێویستە بیپارێزین و بە پاکی بهڵێینەوە بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتووش سوودی لێ ببینن. ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە پێی تواناکان، چەند هەنگاوێکمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوا ناوە.
 
بە گوێرەی شرۆڤە و لێکدانەوەکانی زانایانی ئەم بوارە، ناوچەکەمان یەکێک دەبێت لەو ناوچانەی بە سەختی دەکەوێتە ژێر کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا، بۆیە هەستاوین بە جێبەجێکردنی ژمارەیەک هەنگاو و ڕێکاری پێویست بۆ ئەوەی رووبەرووی دیاردەی گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوا ببینەوە. بۆ نموونە، هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردن و بەکارهێنانی ئەو گازانەی لە کێڵگە نەوتییەکانی دەردەچن، دروستکردنی چەندین پۆند و بەنداو و کارکردن بۆ بووژاندنەوەی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام پێویستە هەنگاوی زیاتر بنێین و لە هەمووان گرنگتر، بەهێزکردنی فەرهەنگی ژینگەپارێزییە لەنێو گەلی خۆماندا؛ بۆ ئەم چەندەش رۆڵی ڕاگەیاندن، پەروەردە، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەتایبەت ڕۆڵی خێزان و بنەماڵە گرنگە.
 
بەڕێزان؛ وەکو ئەوەی ئاگادارن، هەفتەی ڕابردوو سەردانی بەغدامان کرد و لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ و بەرپرسانی دیکەی حکوومەت، سەرۆک و بەرپرسانی هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی عێراق کۆبووینەوە. بە شێوەیەکی زۆر ڕوون و ئاشکرا دانوستانمان لەسەر چارەکردنی ریشەیی کێشە هەڵپەسێرداوەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد.
 
لە بەغدا بە زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان و بەرپرسانی حکوومەتی عێراقم گوت، جێگەی داخ و دڵتەنگییە کە تاوەکو ئێستا دانوستاندن لەسەر بابەتی مووچە و قەیرانە هەڵپەسێرداوەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کورستان و فیدراڵیدا دەکەین. پێویستە ئەم مافانە، سرووشتی بن و نەبنە هەواڵەکانی ڕاگەیاندن؛ بەڵکوو لە جیاتی ئەمە بە یەکەوە بەرنامە بۆ پێشخستنی عێراق و هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی باشتر دابنێین تاوەکو ڕکابەری لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و وڵاتانی دیکەی جیهان بکەین. هەروەها چۆن بتوانین لە هەموو ڕوویەکەوە وڵاتەکەمان بەرەوپێش ببەین.
 
وڵاتەکەمان، وڵاتێکی دەوڵەمەندە و سامانی سرووشتی و ماددیی زۆرمان هەن، تەنها ئیدارەدانێکی باشترمان پێویستە تاوەکو بگەینە ئاستی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان. هیوادارم چی دیکە کاتەکمان بۆ دروستکردنی گرفت و کێشە و ناکۆکییەکان نەفەوتێنین و هەموومان ڕکاربەریی بکەین بۆ زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتییانمان و بەرەوپێشبردنی ئاوەدانی وڵاتەکەمان.
 
هەر سەرفەراز و سەرکەوتووبن و کوردستانیش هەر ئاوەدان بێت. هیودارم ئەم پارکانە لە هەمووتان پیرۆز بن و لە خزمەتی هەموو هاووڵاتییاندا بن. زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونی هەمووتان. سوپاس.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەرۆک مەسعود بارزانی و بەرهەم ساڵح

سەرۆک بارزانی بۆ بەرهەم ساڵح: خۆشحاڵم کوردێک پۆستێکی گرنگی لە UN وەرگرتووە

سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی لە بەرهەم ساڵح دەكات بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی کۆمسیارانی باڵای کاروباری پەنابەران لە UN و ئاماژە بەوە دەکات، خۆشحاڵە کوردێک ئەو پۆستەی وەرگرتووە