وەزارەتی پەروەردە: چوار تاقیکردنەوە پێش نەورۆز و چواریش دوای نەورۆز دەکرێن

03-03-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، چوار تاقیکردنەوە پێش نەورۆز و چواریش دوای نەورۆز دەکرێن. بەرپرسی راگەیاندنی پەروەردەی گشتیی دهۆک دەڵێت: "یەکەم ساڵە تاقیکردنەوەکان دەکەونە دوای جەژنی نەورۆز."
 
رۆژی دووشەممە، 03ـی ئاداری 2025، نەبیل شنگالی، بەرپرسی راگەیاندنی پەروەردەی گشتیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند،"هەموو ساڵێک بەپێی دەستپێکی وەرزی نوێ خوێندن ساڵنامەی خوێندن دادەندرێت، بۆ یەکەم ساڵە تاقیکردنەوەکانی نیوەی وەرزی دووەم دەکەونە دوای جەژنی نەورۆز."
 
بەشێک لە تاقیکردنەوەکان دوای جەژن دەکرێن. بەرپرسی راگەیاندنی پەروەردەی گشتیی دهۆک گوتی، "بەپێی ساڵنامەی خوێندن پێوستبوو تاوەکو 15ـی ئەم مانگە هەموو تاقیکردنەوەکان بکرێن، بەڵام بەهۆی پشووی جەژنی نەورۆز هەموو تاقیکردنەوەکان لە یەک کاتدا ناکرێن."
 
بۆ خوێندنی 2023-2024، لە 13ـی ئەیلوولی 2023 لە ناوەندەکانی خوێندن دەستکرا بە وانە خوێندن، بەڵام وەزری خوێندنی 2024- 2025، لە 25ـی ئەیلوول دەستیپێکرد. نەبیل شنگالی گوتی: "بەهۆی درەنگ دەستپێکردنی وەرزی خوێندن، تاقیکردنەوەکانیش دواکەوتن."
 
ئەمڕۆ وەزارەتی پەروەردە گشتاندنێکی بۆ هەموو پەروەردەکان کردووە سەبارەت بە ساڵنامەی خوێندن و تاقیکردنەوەکانی ساڵی 2024-2025، بۆ سەرجەم قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان کە تێیدا هاتووە، "لە رۆژانی (4-6-8-9)ـی ئادار چوار تاقیکردنەوە بکەن، پاش نەورۆز لە رۆژانی (24-25-26-27)ـی هەمان مانگ چوار تاقیکردنەوەی دیکە بکەن."
 
وەزارەتی پەروەردە پێشتر رایگەیاندووە، لە 11 بۆ 23ـی ئادار پشوو دەبێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە