رووداو دیجیتاڵ
بەدەر لە بڕیاری حیزبەکەی، بەربژێرێکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بەشداری دانیشتنی پەرلەمانی کوردستانی کرد و سوێندی یاسایی خوارد. حیزبەکەشی رایگەیاند، لە ریزەکانیان دووریان خستووەتەوە.
هێرۆ عەتار حەمە رەشید، بەربژێری دەرچووی کۆمەڵی دادگەری لە بازنەی سلێمانی ئەمڕۆ لە پەرلەمانی کوردستان سوێندی یاسایی بوون بە پەرلەمانتاری خوارد، ئەوەش لە کاتێکدا حیزبەکەی بڕیاری داوە بەشداریی ئەم خولەی پەرلەمان نەکەن.
لەبارەی بەربژێرە دەرچووەکەیانەوە ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە، "ئێمە لە کۆمەڵ دادگەریی و لەبەر ساختەکاری و دیزاینی دەنگ و کورسی بۆ چەند لایەنێک و بۆ ئەوەی بە بەشداریمان نەبینە بەشێک لەو پەرلەمانە دیزاینکراوە، بریاری بەشداری نەکردنمان دا، هەر بەربژێرێکی لیستی کۆمەڵ پابەند نەبێ ئەوا لە ریزەکانی کۆمەڵ دەردەکرێت. بۆیە ئەمڕۆ بەهۆی بەشداریکردنی هێرۆ عەتار لە کۆبوونەوەی پەرلەمانە دیزاینکراوەکەدا بڕیارماندا بە دەرکردنی ناوبراو لە ریزەکانی کۆمەڵی داگەریی".
پێش راگەیێندراوەکەی کۆمەڵ، هیوا نەسرەدین، جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو بەربژێرەی کۆمەڵی دادگەری، هاتووەتە پەرلەمان و مافی هەیە سوێندی یاسایی بخوات، کەسیش ناتوانێت رێگری لێبکات."
یەکەمین دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ