سێ بەربژێر بە 500 هەزار و لیستێک بە یەک ملیۆن دینار پێبژاردن سزا دەدرێن

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
دێسکی هەڵبژاردن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوو بەربژێرى یەکێتى لە بازنەى هەولێر یەکى بە 500 هەزار دینارى پێبژاردن سزا دەدرێن بە پاساوى ئەنجامدانى بانگەشەى پێشوەخت لە مزگەوت دا. لیستى نەوەى نوێ لە سلێمانى بە یەک ملیۆن دینار و بەربژێرێکى لیستەکە بە 500 هەزار دینار پێبژاردن بە پاساوى سەرپێچى بانگەشەى هەڵبژاردن سزا دەدرێن.
 
سزادانى ئەو سێ بەربژێرە و لیستى نەوەى نوێ لە چەند بڕیارێکدا بووە کە 30ى ئەیلوولى 2024، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق دەری کردوون.
 
لە ماوەی یەک هەفتەی بانگەشەی هەڵبژاردن دا لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک، 20 سکاڵا لەسەر سەرپێچییەکانی بانگەشە تۆمارکراون.
 
نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ژمارەی سکاڵاکان لەسەر سەرپێچییەکان بۆ 20 سکاڵا بەرزبووەتەوە، کە 9 سکاڵا لە هەولێر، 9 سکاڵا لە سلێمانی و دووانیش لە دهۆک تۆمارکراون، بەڵام لە بازنەی هەڵەبجە هیچ سکاڵایەک تۆمارنەکراوە."
 
بانگەشەى هەڵبژاردن لە 25ى ئەیلوول دەستیپێکرد و تاوەکو 15ى تشرینى یەکەم بەردەوام دەبێت، رۆژى 18ى هەمان مانگ دەنگدانى تایبەت دەکرێت و 20ى تشرینی یەکەم دەنگدانى گشتییە بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان.
 
136 لیست و 1911 بەربژێرى لایەنەکان و سەربەخۆ و کۆتا، رکابەریى دەکەن بۆ بەدەستهێنانى 100 کورسیی پەرلەمانی کوردستان.
 
سزادانی دوو بەربژێری یەکێتی لە هەولێر
 
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دوو بەربژێرى لیستى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لە بازنەى هەولێر، هەر یەکەیان بە 500 هەزار دینار پێبژاردن سزا دەدات. بە گوتەى یەکێک لە بەربژێرەکان، سزاکە بەهۆى کۆوبونەوەیان بووە لە مزگەوتى گوندێک بەر لە دەستپێکردنى بانگەشە.
 
هەورین عەلى و ئومێد بەکر، لە بازنەى هەولێر هەریەکەیان بە 500 هەزار دینار پێبژاردن سزادراون. 
 
بە گوێرەى بڕیارەکە، ئەو دوو بەربژێرە سەرپێچیی مادەکانى 2 و 14ـى رێکارەکانى بانگەشەى هەڵبژاردنى کۆمیسیۆنیان کردووە و مزگەوتیان بۆ بانگەشە بەکارهێناوە و بانگەشەى پێشوەختەیان کردووە. 
 
بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، 25ى ئەیلوول دەستیپێکرد و 15ى ئەم مانگە رادەگیرێت.
 
هەورین عەلى بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "ئەو سزایە لەسەر بنەماى سکاڵای رکابەرەکانمان بووە و بەر لە بانگەشە سەردانى گوندى گۆمەشین-مان کرد بۆ کردنەوەى یاریگەیەک و لەگەڵ دانیشتووانەکەى لە مزگەوتى گوندەکە کۆبووینەوە."
 
بە گوێرەى مادەى دووى رێکارەکانى بانگەشەى هەڵبژاردن، پێویستە بەربژێران رۆژێک دواى پەسندکردنى ناویان وەک بەربژێر لە کۆمیسیۆن بانگەشە دەستپێبکەن.
 
مادەى 14ى هەمان رێکار رێگری دەکات لە بەکارهێنانى پەرستگەکان لەلایەن بەربژێر و پارت و هاوپەیمانێتییەکانەوە بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن و تەنیا رێگە بەوە دەدرێت پەرستگە بۆ هاندانى دەنگدەران بۆ بە شداریکردن لە هەڵبژاردن بەکاربهێندرێت.      
 
ئەو بەربژێرەی یەکێتی گوتى، "سەردانەکەمان وەک شاندێکى حکومی و حیزبی بوو بۆ گوێگرتن لە داواکاریی دانیشتووانى گوندەکە و پەیوەندى بە بانگەشەى هەڵبژاردنەوە نەبووە."
 
بە گوێرەى بڕیارێکى دیکەى کۆمیسیۆن، سکاڵایەکى شاسوار تەها، رێگەپێدراوى یاسایى لیستى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لە بازنەى سلێمانى بە پاساوى نەبوونى بەڵگە رەتکراوەتەوە کە تایبەت بووە بە بانگەشەى هەڵبژاردن.  
 
پێشێلکارییەکانی نەوەی نوێ
 
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، لیستی نەوەى نوێ بە یەک ملیۆن دینار و بەربژێرێکى لە بازنەى لە سلێمانى بە 500 هەزار دینار پێبژاردن سزا دەدات. بەگوێرەى بڕیارەکە، سزاکان بەهۆى پێشێلکارى بووە لە بانگەشەی هەڵبژاردن دا.
 
بە گوێرەى بڕیارێکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانی عێراق کە 30ى ئەیلوول دەریکردووە، ئازاد کەریم، بەربژێرى لیستى نەوى نوێ لە بازنەى سلێمانى بە 500 هەزار دینار پێبژاردن سزادراوە. کۆمیسیۆن لەو بڕیارەدا جووڵانەوەی نەوەی نوێشی بە یەک ملیۆن دینار پێبژاردن سزاداوە و بۆ هەردوو سزاکە کۆمیسیۆن داواى لە فەرمانگەى کارگێڕیى هەڵبژاردن کردووە رێوشوێنى پێویست بگرێتەبەر.
  
هەردوو سزاکە لەسەر بنەماى مادەى 18ى رێکارەکانى بانگەشەى هەڵبژاردنى ژمارە 2ى ساڵى 2023ى کۆمیسیۆن بووە.
 
ئەو مادەیە تایبەتە بە پێشێلکاریى بانگەشە و هەڵواسینى پۆستەر یان بانگەشەکردن لە شوێنى رێپێنەدراو، لەدواى ئاگادارکردنەوەى لیست یان بەربژێرەکە، ماوەى سێ رۆژ دیاری دەکرێت بۆ لادانى، بەپێچەوانەوە سزاى پێبژاردنى پێشێلکارییەکە دەکرێتە دوو هێندە و لەسەر خەرجى  پێشێلکارەکە لادەبرێت.

 

ئامادەکردنی: هەستیار قادر

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە