رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی هاتنی شەپۆلێکی چڕی بارانبارین و مەترسیی کۆبوونەوەی ئاو و دروستبوونی لافاو، سەرجەم تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان خراونەتە ئامادەی تەواوەوە و مۆڵەتی کارمەندانیش هەڵوەشێندراوەتەوە؛ هاوکات داوا لە هاووڵاتییانی چەند ناوچەیەک دەکرێت لە ماڵەکانیان بمێننەوە.
رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دوێنێوە هەموو تیمەکانمان لە نۆ بەڕێوەبەرایەتییەوە لە ئامادەییدان. هەموو ئەو کارمەندانەی لە ماڵەوە و لە مۆڵەتدا بوون هێنراونەتەوە سەر کار، تەواوی ئامێر و کەلوپەلەکانیشمان خستووەتە کار، چونکە ئەم چەند رۆژە شەپۆلێکی چڕی بارانبارین کوردستان دەگرێتەوە."
دەربارەی مەترسیی لافاو، سەرکەوت کاڕەش گوتی: "لە هەندێک شوێن مەترسیی کۆبوونەوەی ئاو هەیە، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکەین هاتووچۆ نەکەن و لە ماڵەکانیان بمێننەوە و نەیەنە دەرەوە، بە تایبەتی هاووڵاتییانی سلێمانی، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و قەزای چەمچەماڵ، چونکە بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی بڕی بارانبارین لەو ناوچانە چڕترە، ئەوانە ناوچەی شاخاوین".
بەهۆی بارانبارینی بەخوڕەوە لە چەند ناوچەیەکی شاری هەولێر ئاستەنگی هاتووچۆ دروستبووە و لە دوو گەڕەکیش ئاو چووەتە نێو ماڵان. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێریش رایدەگەیێنێت، کە لە سێبەردان منداڵێک لەنێو لافاو رزگارکراوە.
بەرگریی شارستانیی هەولێر: منداڵێک رزگارکرا و لە دوو گەڕەک ئاو چووەتە نێو ماڵان
شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی گیانیی نییە، بەڵام لە زۆربەی شوێنەکان ئاو کۆبووەتەوە و ئاستەنگی هاتووچۆ دروستبووە."
لەبارەی ئەو گەڕەکانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، شاخەوان سەعید گوتی: "لە عەرەب کەند و سێبەردان کێشەمان بۆ دروستبووە و ئاو چووەتە ناو ماڵان و زیانی مادییان پێگەیشتووە. لە سێبەردان منداڵێک گیری خواردبوو، بەڵام بە سەلامەتی رزگارکرا."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەشڵێت: "تیمەکانمان بەردەوامن و داوا لە هاووڵاتییان دەکەین نەیەنە دەرەوە، هەر رووداوێکیش هەبوو پەیوەندیمان پێوە بکەن."
کام ناوچانە زۆرترین بارانیان لێ دەبارێت؟
هۆشدارییەکەی بەرگریی شارستانی هاوکاتە لەگەڵ راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، کە ئاماژە بەوە دەکات کاریگەریی درێژبوونەوەی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست بەردەوامە : "رۆژی شەممە زۆرترین ماوەی دابارین دەبێت، هاوکات لەگەڵ چالاکبوونی هەورەبرووسکە، زیادبوونی خێرایی با و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو."
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، پێشبینی دەکرێت لە سەنتەری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بڕی بارانبارین بەم شێوەیە بێت:
ئیدارەی راپەڕین و ئیدارەی سۆران: 30 تاوەکو 40 ملم
هەولێر و سلێمانی: 25 تاوەکو 35 ملم
هەڵەبجە: 30 تاوەکو 35 ملم
ئیدارەی گەرمیان: 20 تاوەکو 30 ملم
دهۆک: 20 تاوەکو 25 ملم
کەرکووک و ئیدارەی زاخۆ: 15 تاوەکو 20 ملم
کەشناسی ئەوەشی روونکردووەتەوە کە رۆژی یەکشەممەش بارانبارین لە زۆربەی ناوچەکان بەردەوام دەبێت، بەتایبەت لە سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان، لە کاتێکدا رۆژی دووشەممە کاریگەریی شەپۆلەکە بە لاوازی دەمێنێتەوە و پلەی گەرما زیاتر دادەبەزن.
رێنماییەکانی بەرگریی شارستانی بۆ هاووڵاتییان و قوتابییان
راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانی داوا لە هاووڵاتییان، قوتابییان و مامۆستایان دەکات لە کاتی هەورەبرووسکەدا پابەندی ئەم رێکارانە بن بۆ ئەوەی پارێزراو بن:"ئەگەر لە دەرەوە بوون و دەنگی هەورەبرووسکەتان بیست، بە خێرایی بچنە ناو باڵەخانەیەک یان شوێنێکی داخراو و لە دەرەوە نەمێننەوە، لە پەنجەرە و دەرگاکان دووربکەونەوە، لە دار، باڵەخانەی کراوە، مەیدانی وەرزشی و حەوزی ئاو دووربکەونەوە".
هەروەها لە راگەیێندراوەکدا هاتووە:"لە کاتی برووسکەدا خۆتان مەشۆن (دووش مەگرن)، دەست لە ئاو مەدەن و هیچ ئامێرێکی پەیوەستکراو بە کارەباوە بەکارمەهێنن، باشتر وایە لانیکەم تاوەکو 30 خولەک دوای بیستنی دەنگی کۆتا هەورەبرووسکە نەچنە دەرەوە".



