رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی لەبارەی چارەسەرکردنی دۆخی ئەو بیانییانە دەرکرد کە بە رێگەی قاچاخ هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و مافی مانەوە (نشینگە)یان نییە، بەپێی بڕیارەکە بە بڕە پارەیەکی دیاریکراو مۆری دەرچوونیان پێدەدرێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان.
رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا داوا لە هەموو ئەو بیانییانە دەکات کە بە رێگەی قاچاخ هاتوون و نشینگەیان نییە: "بەپەلە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی نشینگەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن، بە مەبەستی دەستپێکردنی مامەڵەی دەرچوون و گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان."
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بە نووسراوی فەرمیی وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (34702) لە 2026/11/1 کراوە و هاتووە: "لەسەر بنەمای مادەی 12و خاڵی 30ـی پاشکۆی رێنمایی پێدانی ڤیزەی ئەلیکترۆنی و نشینگەی هەرێمی کوردستان ژمارە 1ـی ساڵی 2021ـی هەموارکراو، لەبەرامبەر وەرگرتنی مۆری دەرچوون، وەزارەتی ناوخۆ تەنیا پێبژاردن بە بڕی 500 هەزار دینار دەسەپێنێت، بەبێ رەچاوکردنی ماوەی مانەوەی نایاسایی."
وەزارەتی ناوخۆ روونیکردووەتەوە کە ئەم هەنگاوە لە پێناو هاوکاریکردنی ئەو کەسانەیە و دەڵێت: "ئەم هەنگاوە هاوکاریی ئەو بیانییانە دەکات کە چەندین ساڵە بە رێگای قاچاخ هاتوون و بە نایاسایی لە هەرێمی کوردستانن و بەهۆی مانەوەیان بێ نشینگەی فەرمی سزایەکی دارایی گەورەیان کەوتووەتە سەر."




