بەرپرسێکی دەستەی ئامار: لە سەرژمێریدا پرسیاری شوێنی نیشتەجێبوون لە عەرەبەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت

02-10-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانیی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، فۆڕمی پرسیارەکانی پرۆسەی گەمارۆسازیی جیاوازە لە فۆڕمی سەرژمێری گشتیی و روونیکردەوە، هەر هاووڵاتییەکی عەرەبی خەڵکی ناوەڕاست و باشووری عێراق کە نیشتەجێی شارەکانی هەرێمی کوردستانن، پرسیار لە زێدی رەسەنیان دەکرێت.
 
گوهدار محەممەد عەلی، سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانیی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، میوانی بووڵتەنی نیوڕۆژی رووداو بوو، وەڵامی پرسیارەکانی هەوار جەلالەدینی دایەوە لەبارەی پرۆسەی گەمارۆسازی و دانانی ژمارە.
 
گوهدار محەممەد عەلی رایگەیاند، پرۆسەی گەمارۆسازی و دانانی ژمارە بۆ خانووبەرە، شوقەکانی یەکە نیشتەجێبووەکان، باڵەخانە حکومی و ئەهلییەکان و جۆرەکانیان لە 1ی تشرینی یەکەمی 2024ەوە دەستیپێکردووە. جەختی لەوەش کردەوە، فۆڕمی تایبەت بە زانیارییەکان بۆ پرۆسەی گەمارۆسازی هەیە بۆ زانینی جۆری باڵەخانەکان، تەمەنی دروستکردنیان و خاوەنداریکردنیان.
 
لەبارەی ئەو هاووڵاتییە عەرەبانەی خەڵکی ناوەڕاست و باشووری عێراق کە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن. گوهدار محەممەد عەلی رایگەیاند، پرسیار لە زێدی رەسەنیان دەکرێت، ئەگەر دەرکەوت خەڵکی رەسەنی هەرێمی کوردستان نین، پرسیار لە هۆکاری هاتنی دەکرێت کە ئایا ئاوارەیە، هۆکاری هاتنی بۆ هەرێمی کوردستان سیاسییە، کۆمەڵایەتییە یان هۆکاری دیکەی بەدواوەیە.
 
دەقی هەڤپەیڤینی هەوار جەلالەدین لەگەڵ گوهدار محەممەد عەلی، سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان:
 
رووداو: پرۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەدانان کە ئەمڕۆ دەستیپێکرد، چەند رۆژ لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت؟
 
گوهدار: ئەم پرۆسەیە لە عێراق لە رۆژی یەکی مانگ دەستیپێکردووە و 60 رۆژ دەخایێنێت. لەم ماوەیەدا گەمارۆسازی و ژمارەدانان بۆ تەواوی گەڕەک و گوندەکان دادەنرێت و لەسەر ئاستی عێراقدا تۆمار دەکرێت. ئێمە بەراورد بە عێراق کەمێک لەم پرۆسەیەدا دواکەوتووین و هەموو هەوڵەکانمان چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی بەر لە دەستپێکردنی پرۆسەی سەرژمێری کارەکانمان تەواو بکەین. بۆ ئەوەی ئێمەش دەست بە سەرژمێری بکەین. 
 
رووداو: تاوەکو کەی ئەم پرۆسەیە بەردەوام دەبێت؟
 
گوهدار: کاتێکی دیاریکراو نییە بۆ ئەوەی لەم رۆژە دەستپێبکات لەو وادەیەکی دیاریکراو کۆتایی بێت، بەڵام هەندێک ناوچە خێراتر تەواو دەبن و هەندێکیان درەنگتر تەواو دەبن، هەرچۆنێک بێت لە رۆژی 20ـی 11 دەبێ هەموو کارەکان کۆتاییان پێ بێت. دەتوانم بڵێم لە نێوان 30-50 رۆژ دەخایێنێت.
 
رووداو: پرۆسەی گەمارۆسازی چییە و میکانیزمی کارکردنی چۆن دەبێت؟
 
گوهدار: پرۆسەی گەمارۆسازیی بریتییە لە دابەشکردنی تەواوی گوند و گەڕەکەکان و دیاریکردنی سنوورەکانیان و دابەشکردنیان بەسەر یەکەی جیاواز کە بەپێی یەکەکان سەرژمێرییەکە دەکرێت. دەبێ سەرەتا یەکەکان دیاری بکرێن و دواتر ژمارەدانانیان بۆ دەکرێت هەر لە شەقام و کوچە و کۆڵانەکان تاوەکو دەگاتە تەواوی یەکە نیشتەجێبووەکان و باڵەخانەکان و شوێنکارەکانیش. بەپێی رێنماییەکان تەواوی باڵەخانەکان ژمارەیان بۆ دادەنرێت جا هەر چییەک بن.
 
رووداو: پێشبینی دەکەن لەم وادەیەدا کارەکان تەواو بکرێن.
 
گوهدار: بەڵێ، ئەو توانایەمان هەیە و پشت بەخوا دەتوانین لە کاتی خۆیدا تەواوی بکەین.
 
رووداو: لەم گەمارۆسازییەدا چەندین زەوی و یەکەی نیشتەجێبوون و باڵەخانە و شوێنکار هەن. لە پرۆسەکەدا جۆری باڵەخانەکانیش دیاری دەکرێن کە جۆرەکەی چییە و چۆنە؟
 
گوهدار: بەڵێ، ئەو باڵەخانەیە ژمارەیەکی بۆ دادەنرێت و دواتر تایبەتمەندی و جۆری بیناکە چییە ئەوانیش دیاری دەکرێن، ئایا دامەزراوەیە، شوێنکارە، یەکەی نیشتەجێبوونە، مزگەوتە، قوتابخانەیە، کارگەیە، فەرمانگەیە یان هەر شتێکی دیکە بێت. خانەیەک لە فۆڕمی پرسیارەکەدا هەیە تایبەتمەندی و جۆری باڵەخانەکە تۆمار دەکات.
 
رووداو: فۆڕمەکە چەند پرسیار لە خۆ دەگرێت، خەڵک ناچارە چەند پرسیار وەڵام بداتەوە لە پرۆسەی گەمارۆسازیدا؟
 
گوهدار: فۆڕمی گەمارۆسازی لە شەش خانە پێکدێت. خانەی زانیارییە گشتییەکان، جۆری باڵەخانەکە یان خانووەکە، یەکەی نیشتەجێبوون، ئەگەر زەوی بێت کشتوکاڵییە یان پیشەسازییە و چەند پرسیارێکی دیکەش هەیە بۆ زانینی رەگەز و جۆری بیناکان کە مەرج نییە هەمووان بگرێتەوە. بەشێکیان دەگرێتەوە بەشێکی دیکەشیان ناگرێتەوە. لەم قۆناخەدا هەندێک پرسیار وەڵامی پێویستە و هەندێک پرسیاری دیکەش کەسەکان ناگرێتەوە، تەنیا کەسی پەیوەندیدار نەبێت.
 
رووداو: ئەو پرسیارانەی کە دەبێ وەڵام بدرێنەوە کێ دەگرێتەوە کێ ناگرێتەوە؟ لەسەر چ بنەمایەکە؟
 
گوهدار: بۆ نموونە پرسیاری رەگەزی باڵەخانەکە کە تۆمار دەکرێت و ژمارەی لەسەر دادەنرێت، بۆ نموونە لە چ ساڵێکدا دروستکراوە، پێکهاتەکانی چین چەند نهۆمە چەند یەکەی نیشتەجێبوون لەخۆ دەگرێت، چەند کەس تێیدا دەژین. 
 
رووداو: ئەو عێراقییانەی خەڵکی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوورن، بەڵام لە کوردستان دەژین، ئەوان وەک هاووڵاتیی نیشتەجێبووی هەرێمی کوردستان تۆمار دەکرێن؟
 
گوهدار: لەم قۆناخەدا ئەم پرسیارانە ناکرێن، پرسیارەکان تایبەتن بە گەمارۆسازی و ژمارەدانان و تەنیا چەند پرسیارێکی کورت دەکرێت ئایا کێ لێرە دەژیت؟ چەند خێزانە. ئیدی ئەم ژمارانە پێماندەڵێن بۆ رۆژی سەرژمێری چەند کارمەندمان پێویست دەبێت بۆ ئەوەی کارەکان رایی بکرێن. تەنیا ناوی سەرۆک خێزان و ژمارەی ئەندامانی خێزان تۆمار دەکرێت.
 
رووداو: قۆناخی داهاتوو کە پەیوەندیی بەو هاووڵاتییانە دەبێت لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاتوون و لێرە دەژین ئەوان چۆن تۆمار دەکرێن؟
 
گوهدار: لەم قۆناخەدا ئەم پرسیارانەیان لێ ناکرێت لە قۆناخی داهاتوودا لە کاتی سەرژمێرییەکە ئەم پرسیارە دەکرێت.
 
رووداو: هەندێک گوند و ناوچەی گەشتیاری هەن خەڵک هاوینان دەچنە ئەوێ و دەژین، هەندێکیان بەهۆی شەڕ چۆڵکراون. سەرژمێری ئەم گوندانە چۆن دەکرێت؟
 
گوهدار: هەر گوندێک ئەگەر یەک ماڵیشی تێدا بێت، سەردانیان دەکەین، خانوو بێت یان هەر جۆرە باڵەخانەیەک بێت تۆمار دەکرێن. دواتر هەموو تۆمار دەکرێن کە ئایا خانووەکان چۆڵن یان خەڵکی تێدا دەژین. ئەگەر چۆڵە بۆچی چۆڵە؟ یان ئەگەر خەڵک تێیدا دەژیت بۆچی چۆڵیان کردووە؟ سەرجەم ئەم زانیارییانە تۆمار دەکرێن. ئەگەر خەڵکی ئەو گوندە یان ماڵەکە لەم شوێنەدا نەبن، بێگومان لە شوێنێکی دیکەدا دەژین، لە کوێ دەژین هەموو ئەم زانیارییانە وەردەگیرێن و کۆدەکرێنەوە. هەموو جۆرە زانیارییەک تۆمار دەکرێن.
 
رووداو: ئەگەر گوندەکە تەواو چۆڵ کرابێت؟
 
گوهدار: ئەگەر گوندەکە تەواو چۆڵکرابێت، لە زانیارییەکان دەنووسرێت بە تەواوی چۆڵکراوە و هۆکاری چۆڵکردنەکە تۆمار دەکرێ. ئەگەر بەهۆی کێشەی ئەمنییەوە چۆڵ کرابن، ئەم زانیارییانەش تۆمار دەکرێن و هۆکاری چۆڵکردنە دەستنیشان دەکرێت. 
 
رووداو: وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان باسی لە ژمارەیەک کێشە کرد لەگەڵ بەغدا، دەکرێ بزانین ئەو کێشانە چین؟
 
گوهدار: وەک هەرێمی کوردستان پێمان باشبوو سەنتەرێکی تایبەتمان هەبێت بۆ داتاکانی هەرێمی کوردستان. سەرجەم داتاکان لەلایەن ئێمەوە پارێزراو بن. ئێستا مژوولی دامەزراندنی سێرڤەریکین دوای تۆمارکردنی زانیارییەکان و گەیشتنی بە ناوەندی داتاکانی عێراق، لە رێگەی لینکێکی تایبەتەوە زانیارییەکان بگاتە ئەم سێرڤەرە بۆ ئەوەی لەلای خۆشمان تۆمار بکرێت و بپارێزرێت. هەندێک کێشەی دیکەش هەبوون بۆ نموونە لە میکانیزمی جێبەجێکردنی سەرژمێری لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان، گفتوگۆکان تاوەکو ئێستا بەردەوامن و هیوادارین بگەینە رێککەوتن لەبارەی شێوازی جێبەجێکردنیان لەم ناوچانەدا. 
 
رووداو: بەغدا بەڵێنیداوە ئەم گرفتانە چارە بکات؟ ئەگەر چارەنەکرا، هەرێمی کوردستان سەرژمێری دەکات؟
 
گوهدار: هیوادارین چارە بکرێت، ئەگەر گرفتەکان چارە نەکرا و تەگەرەیان خستە بەردەم رێگەمان ئەوسا سەرووی خۆمان بڕیار دەدەن چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن. 
 
رووداو: باستان لە ناوچەکانی مادەی 140 کرد، ئێوەش دەزانن زیاتر لە 600 هەزار ئاوارەی عێراقی تێیدا نیشتەجێبوون. ئەمانە وەک کەرکووکی تۆمار دەکرێن؟ 
 
گوهدار: دەمەوێ تێبینییەک لەبارە مادەی 140 بدەم. بەپێی بڕیاری مادەی 73ی دادگەی باڵای فیدراڵی کە لە مانگی 10ـی 2010 هاتووە، هەر سەرژمێرییەک بکرێت پەیوەندیی بە مادەی 140ـەوە نابێت. ئەمە دیوە یاساییەکەی دادگەی باڵای فیدراڵییە. لە دیوەکەی دیکەدا ئایا ئەو خێزانانەی تۆماردەکرێن لێرە بن یان لە شوێنێکی دیکەدا بن، تۆمار دەکرێن و پرسیار دەکرێت، بەر لەوەی لەم ناوچەیەدا نیشتەجێ بیت، خەڵکی کوێ بوویت و لە کوێوە هاتوویتە ئێرە. ئەگەر  خەڵکی ناوچەیەکی دیکە بووبێت، بۆ نموونە خەڵکی هەولێر، دهۆک یان سلێمانی بێت، پرسیاری لێدەکرێت کە بۆچی هاتووەتە ئەم ناوچەیە. ئەم زانیاریانەش بەدڵنیاییەوە تۆمار دەکرێن. 
 
رووداو: ژمارەیەکی زۆری خەڵکی شنگال لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن. چۆن لەسەر شنگال تۆمار دەکرێن؟
 
گوهدار: بەپێی رێنماییەکان، هەر کەس لە شوێنێک بێت تۆمار دەکرێت. وەک گوتم پرسیار دەکرێت، زێدی سەرەکیی خۆی لە کوێ بووە، زانیاری لەمبارەیەشەوە وەردەگیرێت. ئەگەر ئاوارە بێت و لە کەمپدا بژیت، پرسیار لە شوێنەکانیان دەکرێت ئەمەش پەیوەندیی بە بڕیاری نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندییەوە هەیە، کە چ جۆرە میکانیزمێک بگیرێتەبەر بۆ تۆمارکردنیان. 
 
رووداو: ئەو هاووڵاتییانەی عەرەبی عێراق کە لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک نیشتەجێن، ئەمانە لەسەر هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێن؟
 
گوهدار: دەمێنێتەوە سەر ئەو هۆکارەی کە بۆچی لێرە نیشتەجێن؟ ئایا ئاوارەن یان بە خواستی خۆی یان هۆکارێک و پاڵنەرێک هەبوو ناچاری کردبێت لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بووبێت، ئەم هۆکارانە لە خانەی پرسیارەکاندا تۆمار دەکرێن. پێشتریش گوتم، گرنگ نییە خەڵکی هەر چ ناوچەکەیەک بێت، هەولێر بێت یان سلێمانی و دهۆک و شنگال، یان ناوچەی مادەی 140 کە چیدی ناگەڕێتەوە شوێنەکەی خۆی، گرنگ ئەوەیە زانیارییەکان تۆمار بکرێت ئایا ئەمە زێدی رەسەنی تۆیە؟ بەڵێ یان نەخێر. ئەگەر بەڵێ بوو ئەوە بە ناوچەی خۆی تۆمار دەکرێت و ئەگەر نەخێر بێت، خەڵکی کوێی و لە کەیەوە هاتوویت؟ هۆکاری شوێنگۆڕین چییە یەکێک لە هۆکارەکان دەستنیشان دەکرێن و زانیارییەکان پڕ دەکرێنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شاری سلێمانی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

رووداو دەیان بەڵگە لەبارەی پارێزگای سلێمانی بڵاودەکاتەوە؛ دەسەڵاتی دامەزراندن و کڕینی ئۆتۆمبێل بە پارێزگار دراوە

رۆژی شەممە، 21-12-2024ـی بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) دەیان بەڵگە لەبارەی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان بڵاودەکاتەوە، بەڵگەکان فەرمانی دامەزراند، کڕینی ئوتۆمبێل و زیادکردنی پێشینە و خەرجکردنی پارەیان تێدایە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان زۆرترین دەسەڵاتی بە پارێزگاری سلێمانی بەخشیوە. پاش کەمێکی دیکە وردەکاری دەبیستن.