رووداو دیجیتاڵ
دۆخی کەرکووک ئاڵۆزە و خۆپێشاندان لە ئێوارەی ئەمڕۆوە گرژیی تێکەوتووە، تائێستا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و چەند کەسی دیکەش بریندار بوون؛ سەرۆکوەزیرانی عێراق لەمبارەیەوە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی کرد.
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمشەو (شەممە، 02-09-2023) محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیوەندیێکی تەلەفۆنیدا، جەختیان لەسەر چڕکردنەوەی کاری پێکەوەیی کردەوە لەپێناو نەهێشتنی دەرفەت بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت ئاساییش و ئارامیی شاری کەرکووک تێکبدات.
لە راگەیێندراوەکەدا هەروەها هاتووە؛ هەریەک لە سەرۆک بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا "جەختیان لەسەر چەسپاندنی یاسا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کردەوە لەپێناو بەردەوامبوونی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ژیانی ئاسایی خەڵکی پارێزگەکە."
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئەمشەو (شەممە، 2-9-2023)رایگەیاند نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق له په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنيدا دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى ئه‌منيى كه‌ركووكيان تاوتوێ كرد.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا "هه‌ردوولا جه‌ختيان له پێويستيى گرتنه‌به‌رى رێكارى خێراى لايه‌نه په‌يوه‌نديداره‌كان كرده‌وه بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى كه‌ركووك و رێگه‌گرتن له هه‌ر هه‌وڵێكى تێكدانى پێكه‌وه‌ژيان و ئاسايشى شاره‌كه و هاووڵاتييانى."
خۆپێشاندانی کوردان لە کەرکووک دوای ئەوە دێت، لە 27ـی ئابەوە لایەنگرانی حەشدی شەعبی لەبەردەم بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان دەستیان بە خۆپێشاندان کردووە، خێوەتیان هەڵداوە و رێگەیان گرتووە؛ ئەوان نایانەوێت ئەو شوێنە کە پێشتر بارەگای پارتی بووە، رادەستی ئەو پارتە کوردستانییە بکرێتەوە.
لە خۆپێشاندانەکەی ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە، 2-9-2023)ـدا لە کەرکووک، گرژی دروست بوو و دواتر تەقە کرا. هەردی محەممەد پەیامنێری رووداو لەنێو خۆپیشاندەرانەوە گوتی "تەقە بەڕووی خۆپێشاندەرانەوە دەکرێت."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق هاتووە "هه‌ردوولا داكۆييان له‌وه كرده‌وه؛ ده‌بێت لايه‌نه ئه‌منييه‌كانى شاره‌كه، بێ جياوازى ئارامى و سه‌قامگيريى هه‌موو پێكهاته‌كانى كه‌ركووك بپارێزن و ڕێگه له پشێوى و ئاڵۆزكردنى زياترى دۆخى ئه‌منيى شاره‌كه بگيرێت، هه‌روه‌ها به‌دواداچوون و لێپێچينه‌وه‌ى ياسايى به‌رامبه‌ر ته‌قه‌كه‌ران بكرێت كه شه‌هيد و بريندارى لێكه‌وته‌وه."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ