رووداو دیجیتاڵ
هاوکار عەبدوڵڵا، گەنجێکی کوردی کەرکووک ئێوارەی ئەمڕۆ لەنێو خۆپێشانداندا قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی "کەرکووک شارێکی کوردستانییە"؛ دوای ماوەیەکی کەم، هاوکار لەنێو خۆپێشاندانەکانەوە گوللـەیەک بە سەر دڵی کەوت و "شەهید بوو."
ئەحمەد فەرهاد، پوورزای هاوکار عەبدوڵڵایە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هاوکار لەدایکبووی ساڵی 1985 بوو، باوکی چوار منداڵ بوو، پێشمەرگەی یەکێتی بوو لە لیوا هاوبەشەکان. ئەمڕۆ لەنێو خۆپیشاندانەکاندا شەهیدیان کرد."
بەگوتەی پوورزاکەی، هاوکار گوللـەیەک بە سەر دڵی کەوتووە و راستەوخۆ گیانی لەدەستداوە. هەروەها گوتی "هەر ئەمشەو دەیبەینەوە گۆڕستانی رەحیماوا و بەخاکی دەسپێرین."
ئەو خۆپیشاندانەی هاوکار تێیدا بووە قوربانی، ئێوارەی ئەمڕۆ لەلایەن کوردانی گەڕەکی رەحیماوای کەرکووکەوە دەستیپێکرد، لەدژی گرتنی رێگەکانی شارەکە لەلایەن بەشێک لە تورکمان و عەرەبی سنوورەکە، کە چەند رۆژێکە لە کەرکووک چەند رێگەیەکیان گرتووە و دەڵێن: خۆپێشاندانەکەیان لەدژی گێڕانەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستانە.
دوایین پەیامی هاوکار لەڕێگەی رووداو بوو
ئێوارەی ئەمڕۆ، هاوکار، قسەی بۆ هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو کرد و گوتی "من، وەکو کوردێک نەهاتووم بەرگری لە پارتی و یەکێتی بکەم، هاتووم هەڵوێستیکم هەبێت و داوا لە سەرکردایەتییە کوردییەکان دەکەم، بەڕێز کاک شاخەوان، بەڕێز کاک ئاسۆ پەیامێک پێشکێش بکەن و ئەم خەڵکە کەمێک ئارام بکەنەوە، وابڕوات شەڕی تائیفی دروست دەبێت."
هاوکار عەبدوڵڵا هەروەها گوتی، کورد "بۆ هەموو دونیا سەلماندی، کەرکووک شارێکی کوردستانە، تورکمان و عەرەب وا تێکیدەدەن، بەڵام کەرکووک شارێکی کوردستانییە و (کورد) هەوڵدەدات ئارامیی بپارێزێت، بەڵام (ئەوان) رەوشەکەیان تێکداوە."
خۆپێشاندانی کوردان لە کەرکووک دوای ئەوە دێت، لە 27ـی ئابەوە لایەنگرانی حەشدی شەعبی لەبەردەم بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان دەستیان بە خۆپێشاندان کردووە، خێوەتیان هەڵداوە و رێگەیان گرتووە؛ ئەوان نایانەوێت ئەو شوێنە کە پێشتر بارەگای پارتی بووە، رادەستی ئەو پارتە کوردستانییە بکرێتەوە.
خۆپێشاندانی لایەنگرانی عەسائیب لەبەردەم بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان و داخستنی رێگەی کەرکووک - هەولێر لە دەروازەی شارەکە رێگەیەکی پێنج خولەکیی لە خەڵک و شۆفێران کردووەتە زیاتر لە کاژێرێک. بەهۆی ئەوەی خێوەتیان لە هەردوو سایدی رێگەکە هەڵداوە، ئەمەش بووەتە هۆی چەندین رووداوی هاتووچۆ و قەرەباڵخییەکی زۆر لەنێو کۆڵانەکان.
لە خۆپێشاندانەکەی ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە، 2-9-2023)ـدا لە کەرکووک، گرژی دروست بوو و دواتر تەقە کرا. هەردی محەممەد پەیامنێری رووداو لەنێو خۆپیشاندەرانەوە گوتی "تەقە بەڕووی خۆپێشاندەرانەوە دەکرێت و تەنانەت سەربازم لێ دیارە کە گوللە بە رووی خۆپێشاندەراندا دەتەقێنێت".
عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک لەبارەی ئاماری قوربانییان لە خۆپێشاندانەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "کۆنترۆڵکردنی ئەو دۆخەی لە کەرکووک هەیە، قەدەخەی هاتووچۆ لە کەرکووک راگەیێندرا. بڕیارەکە دوای ئەوە هات لە گرژییەکانی ئەم ئێوارەیەدا کەسێک گیانی لەدەستدا و هەشتـی دیکە برینداربوون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ