رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای ئامێدی رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنج شەممە 2-9-2021 لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی گوللە تۆپێک لەنزیک رووبارێک لە گوندی سیدانی سەر بە شارۆچکەی شیلادزێ، دوو هاونیشتمانی برینداربوون کە پێشمەرگە بوون، بەڵام لە ئەرکدا نەبوون.
وارشین سەلمان، قایمقامی قەزای ئامێدی لە سنووری پارێزگای دهۆک، رۆژی پێنجشەممە 2ـی ئەیلوولی 2021 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ لەنزیک کاژێر 03:00ـی دوای نیوەڕۆ، دوو کەس چووبوونە نزیک گوندی سیدان لە شارۆچکەی شیلادزێ بۆ راوەماسی. ئەو ناوچەیە بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیاوە چەندین ساڵە چۆڵکراوە و لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی گولـلە تۆپێک لە نزیکییان هەردووکیان برینداربوون."
وارشین سەلمان گوتیشی، "بەهۆی شەڕی گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیاوە نزیکە 85 گوند لە سنووری شیلادزێ چۆڵکراون".
رزگار عوبەید، بەرێوەبەری ناحیەی شێلادزێش بە رووداوی راگەیاند، برینداربوونی ئەو دوو کەسە بەهۆی بۆردوومانی تورکیاوە بووە. ئێستا رەوشی ھەردوو بریندارەکە باشە؛ یەکێکیان دوای وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی ماڵەوە کراوە، ئەوی دیکەشیان رەوشی تەندروستیی جێگیرە.
شیلادزێ یەکێکە لە شارۆچکەکانی سەر بە قەزای ئامێدی لەپارێزگای دهۆک و بە گوتەی قایمقامی ئامێدی، 85 گوند لە کۆی 91 گوندی ئەو شارۆچکەیە بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکەوە چۆڵبوون، کە دەکاتە 93%ی گوندەکانی شیلادزێ.
ئەو دوو کەسە ناویان حەجی عەبدوڵڵا و سابیر عەبدوڵڵایە، حەجی 55 ساڵانە و سابیر 45 ساڵە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ